نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

تێگه‌یشتن و ڕێگه‌گرتن له‌ خۆکوشتن

سێبته‌مبه‌ر 20, 2007

logo-1.jpgتێگەیشتن و ڕێگەگرتن لە خۆکوشتن
Understanding and Preventing Suicide

خۆکوشتن یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانى نێو کۆمەڵگەکان و دەتوانین بڵێین هەموو کۆمەڵگەیەک بەڕێژەى جیاواز پشکى خۆى بەردەکەوێت ، بەپێى سەرچاوە کۆنەکان خۆکوشتن دیاردەیەکى نوێ نییە و لەدێرزەمانەوە هەیە و لە هەموو سەردەمێکدا کەسانێک هەن لەدوى مردن دەگەڕێن و بە تەنها هۆکارى دەزانن بۆ خۆڕزگارکردن لە مەینەتیەکانى ژیان !
هەروەها توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە دەکەن بە هەڵکشانى ڕێژەى خۆکوشتن و زیادبوونى لە سەرتاسەرى جیهاندا. لەیەکێک لە سەرژمێرییەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ( W.H.O ) دەرکەوتووە کە رێژەى خۆکوشتن لە جیهاندا ساڵانە دەگاتە 800 هەزار - 900 هەزار حاڵەت.
بەپێى لێکۆڵینەوەکان ئێستا خۆکوشتن لە زوربەى وڵاتانى دونیادا بریتییە لەو 10 هۆکارە سەرەکییەى کە دەبنە هۆى مردن ، بۆ نموونە لە وڵاتێکى وەک بەریتانیا خۆکوشتن بریتییە لە سێیەم هۆکارى لە ناوچون دواى نەخۆشییەکانى دڵ و شێرپەنجە. لە وڵاتە ئەسکەندەنافیەکانى وەکو ( سوید ، نەرویج ، دانیمارک ) رێژەى 40 کەس لە 100 هەزار کەس لە ساڵێکدا خۆیان دەکوژن ، لە ئەمریکاش ساڵانە زیاتر لە ( 30000 ) سى هەزار کەس خۆیان دەکوژن، واتە ( 85 ) کەس لە ڕۆژێکدا، بە مانایەکى دى هەر بیست خولەک کەسێک خۆى دەکوژێت ، هەروەها ساڵانە 650 هەزار کەس هەوڵى خۆکوشتن دەدەن لەو وڵاتەدا. دیارە ئەم ڕێژانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى دى گۆڕانى بەسەردێت، ئەمەش بەهۆى ئەو گۆڕانە سیاسى و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیانەى دێنە ئاراوە.

خۆکوشتن ( انتحار ) چییە؟

بریتییە لە کۆتایى هێنانێکى دەستکردانەى مرۆڤ بە ژیانى خۆى. ئەم کارەش لە ئەنجامى هەڵبژاردنێکى ئازادانەى خۆیەتى دەرهەق بەژیانى خۆى و هەندێک جار کارەکە سەرکەوتوو دەبێت و ژیانى کۆتایى دێت، بەڵام هەندێک جار سەرکەوتو نابێت و لە ژیاندا دەمێنێتەوە.

هۆکارە مەترسیدارەکانى خۆکوشتن:

هۆکارەکانى خۆکوشتن لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى ئەمانەى خوارەوە هۆکارەکانى خۆکوشتنن :
1. تەمەن : ئەو کەسانەى لە مەترسى خۆکوشتندان ، زیاتر گەنجانن لە نێوان تەمەنى 15 – 25 ساڵی ، هەروەها پاش تەمەنی ( 65 ساڵی ) ئەگەری خۆکوشتن زۆرە بەتایبەت لەو کەسانەدا کە بەتەنیا دەژین . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆکوشتن لەهەموو تەمەنێکدا هەیە.
2. ڕەگەز: خۆکوشتنی تەواوەتی لە ڕەگەزى نێردا زیاترە لە ڕەگەزى مێ بەرێژەی چوار ئەوەندە ، بەڵام هەوڵی خۆکوشتن لە ڕەگەزى مێینەدا زیاترە لە ڕەگەزى نێر بەرێژەی سآ ئەوەندە.
3. باری خێزانی : خۆکوشتن لەو کەسانەدا کە هاوسەریان هەیە کەمترە ، بەڵام لە تاکی بێ هاوسەر یان ژن و پیاوی تەڵاقدراودا زیاتر ڕودەدات.

4. ئایین : خۆکوشتن کەمترە لە ناو هەوادار و شوێنکەوتوانى ئایندا بەراورد بە بێباوەڕان ، هەروەها ڕێژەى خۆکوشتن لەناو مسوڵمان و جولەکە و کاسۆلیکدا کەمترە بە بەراورد لەگەڵ پروتستانت . بۆ نموونە زۆر حاڵەت کە بێزارە لە ژیان و فکرى خۆکوشتنى هەیە ، کاتێک پرسیارى لێدەکرێت چى ڕێگرە لەوەى خۆت نەکوشتووە ، لە وەڵامدا دەڵێت لە ترسى خوا ، بە تایبەت لە کۆمەڵگە مسوڵمانەکاندا ، لەبەرئەوەى لە قورئاندا بەڕاشکاوى باس لە حەرامى خۆکوشتن دەکات و دەفەرموێت (( ولا تقتلوا ڕنفسکم إن الله کان بکم رحیماً)) سورە النساء 29. یاساغکردنى خۆکوشتن بەو شێوازە لە دیندا ، بۆتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەى رٍِێژەى خۆکوشتن لە نێو کۆمەڵگا باوەڕدارەکاندا.
5. ئاستى کۆمەڵایەتی و ئابووری : ڕێژەى خۆکوشتن لە ئاستە کۆمەڵایەتییە بەرزەکاندا زیاترە ، هەروەها لە ناو شارە گەورەکاندا زۆرترە وەک لە گوندەکان.
6. وەرزی ساڵ : کاتێکى دیاریکراو و تایبەت نییە بە خۆکوشتن ن بەڵام دەرکەوتووە ڕێژەى خۆکوشتن لە بەهار و پایزدا کەمێک بەرزترە.
7. نەژاد ( عرق ) : خۆکوشتن لە ناو سپى پێستدا زیاترە لە ڕەش پێست ، هەروەها کەمترە لە ناو ئەو ئەقەلیات و گروپە بچوکانەى پەیوەندییەکى بەهێز هەیە لە نێوانیاندا.
8. جۆری پیشە : بآ کاری و نەبوونى سەرچاوەى ژیان یەکێکە لە هۆکارە زۆر مەترسیدارەکانى خۆکوشتن ،بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنى هەر جۆرە پیشەیەکیش بیت مەترسى خۆکوشتنت هەیە و تەنانەت هەندێک پیشە رێژەى خۆکوشتن تیایاندا زۆرترە لە پیشەکانى تر ، وەکو پزیشک ، پزیشکى ددان ، ئەفسەرى جێبەجێکار ، ..
9. حاڵەتى تەندروستى جەستەیى : توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەکان وەکو ئەیدز ، شێرپەنجە.
10. حاڵەتى تەندروستى دەروونى : تێکچونەکانى تەندروستى دەروونی بە یەکێک لە بەهێزترین هۆکار و پاڵنەرەکانى خۆکوشتن دەژمێردرێن و لە ناو ئەو کەسانەدا 3 - 12 ئەوەندە زیاترە بەراورد بە خەڵکى ئاسایى. بەتایبەت حاڵەتى خەمۆکی ، سکیزۆفرینیا ، دڵەڕاوکى ، ئالودەبوانى ئەلکحول ، تێکچونى کەسایەتى .

چۆن خەمۆکى دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆکوشتن؟
(30% -70%) خۆکوشتنەکان پەیوەندییان هەیە بە خەمۆکییەوە ، چونکە لەکاتى خەمۆکیدا مرۆڤ بیرکردنەوەى دەشێوێت و ناتوانێت ژیرانە و دروست بیر بکاتەوە ، ئەگەر ئەم حاڵەتە چارەسەر نەکرا ئەوا هەست دەکات کەسێکى بێ هیوا و بێ نرخە و بیر لە کۆتایى هێنان بەژیانى خۆى دەکاتەوە .

نەخۆشێکى خۆکوژى بەیەکێک لەم شێوازانە لە نەخۆشخانەدا دەبینرێن:

1. نەخۆشەکە رزگار بوویەکى هەوڵى خۆکوشتنە و لەلایەن کەس وکارى هێنراوە بۆ نەخۆشخانە.
2. نەخۆشەکە دێت بۆ نەخۆشخانە و سکاڵاى هەیە دەربارەى هەبوونى فکرى خۆکوشتن.
3. نەخۆشەکە بۆ سکاڵایەکى تر دێت بۆ نەخۆشخانە ، بەڵام لە هەڵسەنگاندنى پزیشک یان کارمەندەکەوە دەردەکەوێت فکر و نیەتى خۆکوشتنى هەیە.
4. نەخۆشەکە نکوڵى دەکات فکر و نیەتى خۆکوشتنى هەبێت ، بەڵام بەشێوەیەک ڕەفتاردەکات نیەتى خۆکوشتن لەناخیدا هەستى پێدەکرێت. ئەم نەخۆشانە زۆربەى کات لەلایەن ئەندامانى خێزان یان هاوڕێکانیاین سەردانى نەخۆشخانەیان پێدەکرێت.

ئاست و قۆناغەکانى خۆکوشتن:
1. فکرى خۆکوشتن :بیرکردنەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە خۆکوشتن یان خۆئازاردان ، بەڵام بەبێ دەربڕینى نیەتێکى ڕاست و هەبوونى ڕەفتاری خۆکوژى .

2. هەڕەشە کردن بەخۆکوشتن : ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێی دەربڕینى قسە یان نوسینەوە هەڕەشەی خۆکوشتن دەکات، بەڵام بە شێوەى کردارى هیچ ناکات.
3. رەفتاری خۆکوژی: هەندآ رەفتار دەکات بە مەبەستى خۆئازاردان کە دڵنیایە نابێتە هۆی مردن وەکو هەوڵدان بۆ بڕینى دەمارى مەچەکى بە چەقۆیەکى پلاستیک ، خواردنی چەند دەنکە حەبێک کە زیاترە لەبڕی چارەسەر بەڵام کوشندە نییە.

4. هەوڵی خۆکوشتن : زیان بەخۆ گەیاندن ، کە لەوانەیە ببێتە هۆی برینداری بچوک یان گەورە ، بەمەبەستى کۆتایى هێنان بە ژیانى خۆى ئەنجامى دەدات وەکو بریندارکردنی جەستەى خۆی .

5. خۆکوشتنی تەواوەتی : بەتەواوی کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێَت لە ڕێگەى گرتنەبەرى یەکێک لە ڕێگاکانى خۆکوشتن وەک بەکارهێنانى چەک ، خۆسوتاندن ، دەرمان خواردن ، خۆخنکاندن.

چۆن دەتوانیت کەسێک بناسیتەوە ئەگەرى خۆکوشتنى لێبکرێت؟
بەلاى ئەوانەى قسەیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە زۆربەى دیاردەی خۆکوشتن حاڵەتێکى کتوپڕو لەناکاو نییە ، بەڵکو بەماوەیەک پێش هەوڵى خۆکوشتن ئەو کەسە چەند گۆڕانێکى تیا دروست دەبێت و چەند پەیام و ئاماژەیەکى لەسەر دەردەکەوێت کە چواردەورەکەى دەتوانن هەستى پێبکەن لەوانە :

1. پێشتر هەوڵى خۆکوشتنى دابێت.
2. نەخۆشییەکى دەروونى یان بارێکى دەروونى خراپى هەبێت وەکو خەمۆکى ، دڵەڕاوکێ.
3. دروست بوونى گۆڕانکارى لە هەڵسوکەوتیدا وەکو دابڕان، پاشەکشەکردن لەلایەنى کۆمەڵایەتى و کەمبوونەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ چواردەوردا.
4. خراپ بەکارهێنانى دەرمان ، ئالودەبوون لەسەر کحول یان ماددە هۆشبەرەکان.
5. هەستکردن بە تەنهایى، هەستکردن بە بێهیوایى و نەبوونى یارمەتى.
6. دروست بوونى گۆڕانکارى لە شێوازى خواردن و خەوتن و چالاکى ڕۆژانە.
7. هەبوونى سیمای شەڕەنگێزى یاخود زووهەڵچوون لە کەسەکەدا.
8. لەدەستدانى کەسێکى نزیک ، سەروەت و سامان ، کار و پیشە لەو ماوەیەدا
9. بوونى خۆکوشتن یان هەوڵى خۆکوشتن لە مێژووى خێزانەکەیاندا.
10. لە ژیانیدا کارەساتى یەک لەدواى یەکى بەسەر هاتبێت.

پەیامەکانى مرۆڤ کە ئاماژەن بە خۆکوشتن :

1. پەیامى ڕاستەوخۆى زارەکى :
• بەشێوەى قسەکردنى ڕاستەوخۆ بە چواردەورەکەى دەڵێت ” خۆم دەکوژم “.
• لەگەڵ توڕەبوون و تاوانبارکردنى بەرامبەرەکەى هەڕەشەى خۆکوشتن دەکات و دەڵێت ” لەداخى تۆ خۆم دەکوژم، فڵان شتم بۆ نەکەن خۆم دەکوژم، …”

2. پەیامى ناڕاستەوخۆى زارەکى:
• ماوەیەک پێش هەوڵى خۆکوشتن چەند وتەیەک دەردەبڕێت کە ئاماژەن بە بێزارى و نائومێدى وەکو “کەى ئەمە ژیانە ، مردن خۆشترە لەژیان، …”
• لەگەڵ ئەندامانى خێزانەکەى یان هاوڕێکانى هەندێک ووتە بەکاردەهێنێت وەکو ” ئەگەر یەکترمان بینییەوە جارێکى تر “.

3. پەیامى ڕاستەوخۆى نازارەکى :
• بە شێوازى کردارى ئاماژە دەدات بە چواردەورى خۆى کە نیەتى خۆکوشتنى هەیە وەکو ( پەیداکردنى چەک ، کۆکردنەوەى حەب ، کڕین و پەیداکردنى ماددەى ژەهراوى ، ئامادەکردنى نەوت یان بەنزین، چوونە شوێنى بەرز، ..)

4. پەیامى ناڕاستەوخۆى نازارەکى:
• ماوەیەک پێش هەوڵى خۆکوشتن هەڵدەستێت بە ڕێکخستنى شتە تایبەتەکانى خۆى وەکو شتى ناوماڵ، قەرزدانەوە ، یان بەخشینى شتەکانى.
• پێشتر کەسێکى گۆشەگیر بووە بەڵام لەو ماوەیەدا سەردانى زوربەى خزم و کەس و هاوڕێکانى دەکات، وەکو خواحافیزى کردنێک.

ئەو پرسیارانەى پێویستە بکرێن بۆ زانینى نیەت و فکرى خۆئازاردان یان خۆکوشتن لە کەسێکدا :

ئەم پرسیارانەى خوارەوە بریتین لە کۆمەڵە پرسیارێک ، بەشێوەى یەک لەدواى یەک دانراون بۆ ئاشکراکردن و زانینى فکرى خۆکوشتن لە کەسێکدا. پزیشک ، چارەسازى دەروونى ، توێژەرى کۆمەڵایەتى دەتوانن بێترس و زۆر بەکراوەیى لەگەڵ نەخۆشدا قسە بکەن دەربارەى نیەت و فکرى خۆکوشتن یان ئەو هەوڵە خۆکوژییەى داوێتى ، ئەم باسکردنە نەک فکرى خۆکوشتن لاى کەسەکە دروست ناکات، بەڵکو یارمەتیدەرێتى بۆ دەربڕین و رزگار بوون لەو بیرۆکانە.

1. ئایا دڵتەنگیت ؟ هەست بە بێهیوایى دەکەیت ؟
2. ئایا هەست دەکەیت ژیان خۆشى تیانەماوە و مردن خۆشترە لە ژیان؟
3. ئایا هیچ کات حەزت کردووە بمریت؟
4. ئایا پێشتر یان ئێستا بیرت کردۆتەوە خۆت ڕزگارکەیت لەم کێشە یان حاڵەتە بە ئازاردانى خۆت یان خۆکوشتن؟
5. ماوەى چەند دەبێت بیرى خۆ ئازاردان یان خۆکوشتنت لا دروست بووە؟
6. لەهەفتەیەکدا چەندجار بیر لە خۆکوشتن دەکەیتەوە ؟
7. ئایا هیچ پلانێکت هەیە بۆ خۆئازاردان یان خۆکوشتن بە مەبەستى ڕزگاربونت لە کێشەکان ؟
8. ئایا بەئاسانى دەستت دەگاتە هۆکارەکانى خۆئازاردان یان خۆکوشتن؟ (بۆ نموونە : چەک ، چەقۆ ، دەرمان)
9. ئایا پێشتر هەوڵى خۆئازاردان یان خۆکوشتنت داوە؟ کەى ؟ لەکوێ ؟ چۆن و بەچ هۆکارێک ؟
10. ئایا هەستاویت بە نوسینى نامەیەک بۆ دواى خۆت دەربارەى خۆ ڕزگارکردنت لە ژیان بە خۆکوشتن ؟
11. ئایا هیچ بەربەستێک هەبووە لەبەردەمتدا بۆ خۆکوشتنى ڕاستەقینە ؟ چین؟

تێبینى : ئەگەر نەخۆش بەتەواوى ڕەتى کردەوە گفتوگۆ بکات دەربارەى خۆکوشتن پێویستە هەوڵبدرێت پرسیار لە ئەندامانى خێزانەکەى یان هاوڕێکانى بکرێت.

چارەسەر یاخود ڕێگەگرتن لە خۆکوشتن :

بریارى خۆکوشتن تەواو بابەتێکى تایبەتە بە خودى خاوەنەکەى، لەبەرئەوە پێویستە لەسەرەتاوە بەهێمنى کار لەگەڵ کەسەکەدا بکرێت ، سەرزەنشت نەکرێت، پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ دروست بکرێت پێش پرسیارکردن دەربارەى خۆکوشتن. چارەسەر یاخود رێگەگرتن لە خۆکوشتن بەپێی حاڵەتەکان یان ئەو پێنج ئاستەی هەیەتى دەگۆڕێت ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بەم شێوازانەى خوارەوە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکاندا بکەین :
1. ئەگەر کەسێک هەستى خۆکوشتنى هەبوو پێویستە :
1.بەکراوەیى و ڕاستەوخۆ لاى ئەوکەسانەى متمانەى پێیانە قسە بکات دەربارەى ناخى خۆى.
2.لە زوترین کاتدا سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى بکات.
3.بەردەوام بێت لەسەر ڕێنماییەکانى پزیشک و تیمى چارەسەرکردن.

2. ئەگەر کەسێکتان مەترسى خۆکوشتنى هەبوو پێویستە:

1.ئەو قسانەى دەیکات دەربارەى خۆکوشتن ، بە راستى وەرگرن و پشتگوێى نەخەن.
2.لە زوترین کاتدا سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى پێ بکەن.
3.خۆتان سەرپەرشتى وەرگرتنى دەرمانەکانى بکەن
4.لە ناوماڵدا هەموو ئەو شتانە دووربخەنەوە کە مەترسى خۆکوشتنى پێدەکرێت وەکو ( دەرمان ، ژەهر ، تفەنگ ، چەقۆ ، نەوت ، …).
5.بەردەوام شەو و ڕۆژ چاودێرى نەخۆشەکە بکەن و بەتەنها جێى نەهێڵن.
6.بە هەڵوێست و مامەڵەى رابردوی خۆتاندا بچنەوە و ژینگەیەکى لەبارتر بۆ نەخۆشەکە دروست بکەن.
7.دوربکەونەوە لە سەرزەنشتکردنى نەخۆشەکە دەربارەى ئەو فکرە خۆکوژییانەى هەیەتى.

3. ئەرکى پزیشک و تیمى چارەسەرکردن :

1.دیاریکردنى چارەسەرى پێویست بۆ نەخۆش لەلایەن پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى وەک :
oخەواندنی لە نەخۆشخانە بە مەبەستى چارەسەرکردن و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە حاڵەتەکەى.
oبەکارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەر کردنی ئەو حاڵەتەى هەیەتى وەک خەمۆکى ، دڵەراوکێ ، … بەڵام پێویستە دەرمانەکان نەدرێتە دەست نەخۆشەکە خۆى ، بەڵکو کەس و کاری ئاگادار بکرێن خۆیان سەرپەرشتى وەرگرتنى دەرمانەکانى بکەن وبیدەنآ .
oئەگەر زانرا دەرمانەکان ناتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن یان نەخۆشەکە لە مەترسییەکى گەورەدایە دەتوانرێت تەزووی کارەبا ( E.C.T ) بۆچارەسەر کردنی حاڵەتەکەى بەکاربهێنرێت.
2.پێویستە لەگەڵ پزیشکى دەروونیدا کەسانێکى جێگیر وەک چارەسازى دەروونى یان توێژەرى کۆمەڵایەتى بە شێوەى تیم کار لەگەڵ نەخۆشەکەدا بکەن بەم شێوازە :

 هانى کەسەکە بدرێت ناخى خۆى دەرببڕێت و باس لە کێشەکانى بکات.
 زۆر بەکراوەیى لەگەڵیدا قسە بکرێت لەسەر ئەو بیرۆکانەى هەیەتى دەربارەى هەوڵى خۆکوشتن.
 کۆمەڵێک ئامۆژگارى یەک لە دوایەکى نەدرێتێ و بێزاربکرێت لە گوێگرتن ، بەڵکو هاوسۆزى بۆ نیشانبدرێت تاکو نەخۆشەکە هەست بکات لێى تێگەیشتوون.
 سەرزەنشت نەکرێت لەسەر ئەوەى بیرۆکەى خۆکوشتنى هەیە.
 پێویستە بەهۆى هەندێک قسە یان هێما گومان لە نەخۆشەکە بکرێت کە لە دواتردا لەوانەیە هەوڵى خۆکوشتن بدات، بۆ نموونە ئەگەر لە دانیشتنێکدا بڵێت ” خواحافیز ئیتر ناتانن بینمەوە ، وەسێت بکات بۆ دواى خۆى ”
 لەڕێگەى ئەنجامدانى دانیشتنەکان چارەسەر بدۆزرێتەوە بۆ ئەو کێشەو پاڵنەرانەى وایکردووە ئەو کەسە بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
 ئەو هەڕەشانەى دەیکات گوایە هەوڵى خۆکوشتن دەدات ، پێویستە لەلایەن تیمى چارەسەرکردن بە گرنگ وەربگیرێت و پشتگوێ نەخرێت.
 هەوڵبدرێت کەسەکە بگەڕێندرێتەوە سەر چالاکى رۆژانەى ئاسایى خۆى.
 زانیارى بدرێت بە ئەندامانى خێزانەکەى دەربارەى مەترسى ئەو حاڵەتەى نەخۆشەکە هەیەتى ، بەڵام پێویستە نهێنییەکانى نەخۆش بپارێزرێت و ڕەزامەندى نەخۆش وەربگیرێت بۆ درکاندنى زانیارییەکان.
 دانیشتن لەگەڵ نەخۆشەکەدا بە شێوەى خشتەیەکى دیاریکراو ئەنجام بدرێت تاکو بەتەواوى حاڵەتەکەى چارەسەر دەبێت ، بەتایبەت لەسەرەتادا ماوەکەى لە هەفتەیەک تێپەڕنەکات.
 پێویستە هاوکارییەکى باش هەبێت لەنێوان تیمى چارەسەرکردن و خێزانى نەخۆشەکەدا بۆ ئەوەى بە هاوکارى یەکتر کارەکان بەڕێوەبەرن.

ئەگەر کەسێک لە هەوڵێکى خۆکوژى ڕزگارى بوو پێویستە :

1.لە زوترین کاتدا نەخۆشەکە بگەیەنرێتە نەخۆشخانە بە مەبەستى ڕزگارکردنى لە مردن.
2.چارەسەرکردنى ئەو شوێنەوارانەى بەهۆى هەوڵى خۆکوشتنەوە لەسەر جەستەى دروستبوون .
3.سەرزەنشت نەکرێت لەسەر ئەوەى هەوڵى خۆکوشتنى داوە، هەوڵبدرێت بۆ تێگەیشتن لەو پەیامانەى هەیبووە پێش ئەوەى هەوڵى خۆکوشتن بدات ،بۆ ئەوەى بزانرێت تا چەند حەزى کردووە بمرێت ،
4.بزانرێت پاش خۆى هیچ نامەیەکى جێهێشتووە ، وەکو بەڵگەیەک بۆ ڕاستى هەوڵى خۆکوشتنەکەى.
5.لە زوترین کاتدا پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى بیبینێت و چارەسەرى پێویستى بۆ دیارى بکات وەکو خەواندنى لە نەخۆشخانە ، بەکارهێنانى دەرمان ، ….
6.ئەو هەڕەشانەى دەیکات گوایە هەوڵى خۆکوشتن دووبارە دەکاتەوە ، پێویستە لەلایەن پزیشک و خێزانەکەى بە گرنگ وەربگیرێت و پشتگوێ نەخرێت.
7.خێزانەکەى ئاگادار بکرێت کە شەش مانگ تا یەک ساڵ پاش هەوڵێکى خۆکوشتن چاودێرى بکەن،چونکە مەترسى دەکرێت هەوڵەکەى دووبارە بکاتەوە.
8. مامەڵەکردنێکى دروست و ژیرانە لەگەڵ خێزانى نەخۆشدا بکرێت ، بەمەبەستى ئاسایکردنەوەى دەرئەنجامە ناخۆشەکانى ئەم کارە لاى خێزان و کەس وکارى ، بۆ ئەوەى ژیانى وەکو بارى ئاسایی پێشترى لێبێتەوە.

سەرچاوەکان :

1. Psychiatric Secret / Jamwes L. Jacobson ، Alan. Jacobson / 1996
2. 1- Kaplan and Sadocks ، Synopsis of Psychiatry - 2003
3. NMS Psychiatry 3rd Edition - 1996
4. Manual of Psychiatric Emergencies / Steven e. Hyman ، George E. Tesar – Third Edition
5. Heartland Alliance Mental Health Promotion Training Curriculum Module – III 2005.
6. Psychiatry mental health nursing 2nd edition 2000
7. Internet.

8. گۆڤارى سایکۆلۆژیا ژمارە ( 5 ) ساڵى 2006
9. گۆڤارى سایک ژمارە ( 3 ) ساڵى 2006
10. گۆڤارى زانستى سەردەم ژمارە ( 24 ) ساڵى 2005

ئامادەکردنى
ڕێکخراوى هارتلاند ئەلایەنس بۆ پێداویستى مرۆیى و مافى مرۆڤ
heartland_education@yahoo.com

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« له‌شفرۆشی وه‌ک دیار‌ده‌ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ده‌ست درێژی سێکسی بۆ سه‌ر مناڵ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional