نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

جوگرافیای ده‌روون

سێبته‌مبه‌ر 13, 2007

kesety2.jpg
لەباسکردنى جوگرافیاى دەرووندا، ژینگەى دەروونى دێتە گۆڕێ و قسە هەڵدەگرێ و، ناشتوانیت لەسەر ژینگەى دەروون بدوێى، ئەگەر تایبەت بەژینگەکانى بایۆلۆژىء فیزیایى و کلتورى شتێکت نەوتبێت. ژینگە لەسایکۆلۆژیادا تاکە چەمکێکى دیاریکراونییەو هەر بەتەنها فیزیاى شاخ ودەشت و، سەرماو گەرماو، دەنگ و ڕوناکى و کەرەسە مادییەکانیتر ناگرێتەوە. وەک چۆن بەتەنها بایۆلۆژیاى جەستەوکۆئەندامەکانى دەمارو مێشک وخوێن و زاووززێ و ئەوانیتر ناگرێتەوە. بەهەمان شێوەش هەر زمانء کلتورو نەریت و پێکهاتەى خێزان و دامودەزگا کۆمەلایەتییەکانیتر ناگرێتەوە. هەموو ئەمانە لەسنورو چوارچێوەیەکى دیاریکراودان و دەکرێت کاریگەریى ڕەهەندەکانیان لەسەر تاکەکەس، بەئاسانى دیاری بکرێن و تەنانەت کۆنترۆڵیش بکرێن. ڕاستە هەموو ئەمانە بەیەکەوە یاخود بەجیا، بەشێک لەمیان و بەشێکیش لەویتر، لەدەوروبەرماندا هەبن و بەرجەستەبن، یاخود نەبن و مەوداى هەستەکان نەیانگرێتەوە، دەشێت لەسەر تاکەکەس و ڕەفتارەکانى کاریگەرى بەجێ بهێڵن و سەرنجى ڕابکێشن. ئەم ژینگەیە شێتک نییە دوور یان بەتەنیشتمانەوە بێت، بەڵکو لەئەنجامى کارلێک و ئاوێتەبوونى تەواوى پێکهاتەى کەسێتیمانەوە لەگەڵ ژینگەى واقیعیدا پەیدا دەبێت. کەواتە وەک واقیعى حاڵ، وەڵام بەژینگە نادەینەوە، بەڵکو چۆنیەتى هەستکردنء پەی پێبردنمان پێى، چۆنیەتى و بڕى وەڵامدانەوەکەمان دەنەخشێنێت. جوگرافیاى دەروون بەشوێنکاتەوە نەبەستراوەتەوە، لەوانەیە بابەتێک، شتێک وەکو مادە لێرە نەبێت و دوور بێت لەئێستامانەوە، بەڵام لەنێو سنورەکانى جوگرافیاى دەروونماندا بێتء سەرنجمان ڕابکێشێت. بەهەمان شێوەش ڕەنگە بابەتێک، شتێک وەکو مادە لەئێستادا لێرە بێت و، کەچى نەکەوێتە سنورەکانى ئەو جوگرافیایەوە. تابلۆیەکى سروشتى کە پڕبێت لەدیمەنى چیاو گوڵء دارستانى سەوزى دڵگیرى بەهاریى، لەلاى کوێرێک ژینگەى سایکۆلۆژى نییەو سەرسامى ناکات. پێشانگایەکى کتێب کە بەهەزاران ناونیشانى کتێبى هەمەجۆرى لەخۆگرتبێت، بۆ نەخوێنەوارێک ژینگەى سایکۆلۆژى نییەوکارى تێناکات.
ڕەنگە ئەوەى جێگاى بایەخ و گرنگى سیاسەتمەدارێکەو باسى لێوە دەکات، نەچێتە ژینگەى سایکۆلۆژى جەماوەرەکەیەوە و، هاوکات ئەوان لەئەندێشەو زەمەن و شوێینێکى تردابن و، بابەت و کێشەیتر سەرنجیانى بردبێت، ئەوەى دەیبیسن (ئەگەر بیبیسن) پێیان ناگاو لێى تێناگەن. ئەوەى باوکێک بەمێشکیدا دێت و نیازى وایە بەکوڕەکەى یان کچەکەى بگەیەنێت لەنەریت و داواکارى و ئامۆژگارى. ئەگەر لەدەروازەى ژینگەى سایکۆلۆژى منداڵەکەیەوە نەچێتە ژورەوە و، هەر بەتەنها فیزیاییانە دەنگى بەرزو توڕەبوون و هەڕەشەى بۆ بنێرێت، پێى ناگات و لەپێش دەروازەدا دەکوژێتەوە.
مامۆستایەکى زانکۆ کە لەوانەکەیدا، لەڕێى دەنگەوە مەعریفە بۆ خۆێندکارەکانى بنێرێت. دەنگى ئەو، بەو خوێندکارە ناگات کە هاوزەمان بەمۆبایل نامە بۆ هاوڕێکەى بنێرێت و لەژینگەیەکى سایکۆلۆژیتردا بێت. بەهەموو ئەو خوێندکارانەش ناگات کە مامۆستاکەیان خۆشناوآ یان ڕقیان لەبابەتەکەیەو ئاوێتەى نابن. ئەوەى نوسەرێک دەینوسێء ڕۆژنامەکەى دەینێرێتء پەخشى دەکات. تەنها ئەو خوێنەرانە وەریدەگرن و دەبێتە بەشێک لەبونیادى ڕۆشنبیرى وبیرکردنەوەیان، کە هاوژینگەى سایکۆلۆژیین لەگەڵ نوسەر یان ڕۆژنامەنوسەکەدا. هەزاران دەقیقەو دەیان سەعاتى بەرنامەى تەلەفزیۆنەکان، بۆ زۆرێک لەبینەرانیان، لەوانەیە هەر بەتەنها دەنگ و ڕەنگ و جوڵەبن و لەواقیعى فیزیاوییان تێپەرنەکاو نەگاتە ژینگەى دەروونیان.
بڕوابوون بەکەسى بەرانبەر. ڕاستگۆیى و دڵپاکى لەگەڵ کەسانى دەوروبەردا. خۆسەویستى نێوان دوو کەس. هاوسۆزى و هاوخەمى یەکترى. لێک تێگەشتن و هاوتەمەنى. سەرسام بوون و قبوڵ کردنى یەکدى. لەو فاکتەرانەن کە ژینگە دەروونییەکان بەیەک دەگەیەنن و یان هیچ نەبێت سنورە کۆنکرێتییەکان کاڵ دەکەنەوەو تا ئەندازەیەکى زۆر تێکەڵیان دەکەن.
کە تۆ لەئێستاو لەئێرەدا بیت و ئەویش لەئەوسا و لەئەوێدا بێت. کە تۆ لەئەندێشەیەک و ئەویش لەئەندێشەیەکى تردا بێت. کە تۆ ئارەزوویەک و ئەویش ئارەزوویەکى تر. کە تۆ بیر لەشتێک بکەیتەوەو ئەویش لەشتێکى تر. کە تۆ بڵێیت و ئەویش تێنەگات. ئەگەر جوگرافییانە زۆریش لەیەکەوە نزیکبن و، بەجەستەش بەتەنیشت یەکەوەبن، هێشتا تۆو ئەو لەیەک دورن و مەوداى دوریتان: بەپێوەرەکانى کات و شوێن نایەتە پێوانەکردن.

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« ڕێنمایی بۆ چۆنێتی هه‌ڵسوکه‌وت کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گیراوانه‌ی نه‌خۆشی ده‌روونیان هه‌یه‌ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | له‌شفرۆشی وه‌ک دیار‌ده‌ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional