ئهیلول 4, 2007
جەستە بەشێکی سەرەکی چەمکی خودو جێگیرترین ڕەهەندی کەسێتییە کە کەمترین گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەبەراورد لەگەڵ ڕەهەندەکانی سۆزو هەڵچوون و لایەنی عەقڵیدا، گەرچی ئەمیش بەپێی قۆناغەکانی تەمەن دەگۆڕێ. جەستە لەمنداڵییەوە گەشە دەکات وگەورەدەبێ، ئەگەریی لاوازبوون و قەڵەوی جەستە چاوەڕوان کراوەو ئەمانەو جگە لەچرچ و لۆچی پێستی دەموچاوو سپی بوونی موو لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا.
ڕازی بوون و شانازی کردن بەشێوەی ڕوخسارو پێکهاتەی جەستەو، قبوڵکردنی وەکو خۆی، مایەی ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی دوورخستنەوەی دڵەڕاوکێیە. بەپێچەوانەوە ناڕازی بوون و قبوڵ نەکردنی، مانای تێڕوانینی لاواز بۆ خود و تەواوی کەسێتی دەگەیەنێت و نائارامی و دڵەڕاوکێی لێدەکەوێتەوە. زۆرجار ئەو ناڕازی بوونە لەبایەخدانی زۆر بەجەستەو ڕوخسارو خۆ خەریک کردنی زۆر بەپشکنینی پزیشکی و تەندروستی و، سەردانی بەردەوام بۆ کلینیکی پزیشک وگرنگیدانی بێڕادە بەخواردنی ڤیتامینات و هیتردا، خۆی دەبینێتەوە. ئەم جۆرە کردەوانە، گۆڕینی ئاراستەی ئەو دڵەڕاوکێیەن کە لەبنچینەدا هیچ پەیوەندییەکی بەجەستەوە نییەو بۆ سەرچاوەی تر دەگەڕێتەوە وەک: شەڕانگێزی چەپێنراو بەرانبەر بەکەسێک کە بوار نەبێت گوزارشی لێوە بکرێت، دەشێت لەکێشەو لاوازی سێکسی ونەگونجانی خێزانی وشکستی پیشەیی و هیترەوە هاتبێت کە بۆ ئەو کەسە، خۆ خەریککردن بەدڵەڕاوکێی تەندروستییەوە هەرەشەی کەمترەو، باشترە لەوەی بیر لەواقیعی کێشەیەک بکاتەوە کە دەستەوەستانە لەچارەسەرکردنیداو هیچی پێناکرێت.
هەموو کۆمەڵگایەک پێوەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ جوانی ژن وجوانی پیاو، بەو پێوەرەش دەوترێت (جوانی نمونەیی)و بەهۆیەوە ڕوخسارو بەژنوباڵای جوان وڕێک تا کەمتر جوان و کەمتر ڕێکی پێدەپێورێت. ئەمە دیاردەیەکی ئاساییە، بەڵام نائاسایی بوون لەوەدایە: کۆمەڵگا زۆر بەتوندی بەچەمکی جوانی نمونەییەوە وابەستە بێت و بەوردی پێوانەکاری بۆ بکات. ئەمە لەکاتێکدا، بوونی مەرجەکانی ئەو پێوەرەش بۆ زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵ، ئاستەم و دەگەمەن بێت. ئالێرەوە ناڕازی بوون لەجەستەو ئەندامەکانی و گەلێک کێشەی لەو جۆرە بۆ زۆرینەوە پەیدا دەبێ و(دیارە بۆ هەموو قۆناغێکی تەمەن و لای هەردوو ڕەگەزەکە، یەک ئاست و یەک ئاراستەی نییە) سەرئەنجام ئەبێتە هۆی لەدەستدانی بەهای خود ودواتریش دڵەڕاوکێ ونیگەرانی. هەندێک کەس خەمێکی گەورە دایدەگرێ کە بەڕێکەوت تاڵێکی سپی لەسەریدا بدۆزێتەوە یان بزانێت کێشی چەند گرامێک زیاد کردووە یان چرچێک کەوتۆتە ناوچاویانەوە. ئیدی نەشتەرگەیی جوانکاریی بۆ لووت یان هەر بەشێکیتری دەموچاو پەرەدەسێنێ، قژ ڕەش دەکرێتەوەو بۆیاخکردنی دەبێتە نەریت. لەوانەیە ئەم گۆڕانکارییانە ببنە هۆی قبوڵ کردنی خود لەلایەن ئەنجامدەرانییەوە، ئەگەر وابوو ئەمە حاڵەتێکی تەندروستە. بەڵام بۆ زۆرێک لەو کەسانە، کێشەیەکەو بەدرێژایی ژیانیان وا هەستەدەکەن ئەم دەموچاوەی ئێستایان ساختەیەو هی خۆیان نییە.
ئاشکرایە هەر بایەخدانێکی ئاسایی بەجەستە وڕواڵەتی دەرەکی، نیشانەیە بۆ دروستی کەسێتی، هاوکات بایەخدانی بێ ئەندازەو چڕ کردنەوەی بیرو سەرنج و ئەندێشە بەتەنها لەسەر ئەم لایەنە، ئاماژەیە بۆ کەسێتی نادروست وناشروشتی.
لەزۆرێک لەوڵاتانی دنیادا قەڵەوی کێشەی جەستەیی سەردەمە (وڵاتی مۆریتانیا نەبێت کە تیایدا کچان قەڵەو نەبن بەدبەختن)، کەچی بەو چاوە تەماشا لاوازی ناکرێت لەکاتێکدا هەردووکیان لادانن لەجەستەو جوانی نموونەیی. گەرچی بونیادی جەستەو ئەگەری قەڵەوی ولاوازی مرۆڤ، تاڕادەیەکی زۆر، فاکتەرە بۆماوەییەکان دایدەڕێژن و بڕیاری لەسەر دەدەن و لەسەدا سەد پەیوەست نییە بە بڕ و جۆری خواردنەوە. لێرەدا نکولی لەڕۆڵی خواردن ناکرێت، بەڵام چێژ وەرگرتن لەخواردن ونەریتی سەرخوان وچڵێسی ئەمانیش ڕۆڵی خۆیان لەقەڵەو بوون وقەڵەوترکردندا دەگێڕن. ئەم ڕەفتارانە کەمتر لاى لاوازەکان تێبینی دەکرێت. قەڵەو ئەوەندەی گرنگی بەچەندێتی خواردن دەدات ئەوەندە چۆنێی بەلاوە گرنگ نییەو ئەو بەتەنها لەبەر برسێتی نان ناخوات، لەپشت خواردنەوە بارێکی سایکۆلۆژیش هەیە وای لێدەکات زۆرتر بخوات، ئەم بەخواردن قەرەبووی کێشەو ململانێ دەروونییەکانی دەکاتەوە، ئەم حاڵەتە میکانیزمێکی نەستیی نائاگاییە. ئەو کەسە لەوانەیە لەئیشەکەیدا ئاسودە نەبێت یاخود لەژیانی ڕۆژانەیدا لەدڵەڕاوکێ ونائارامیدا بژی یان هەست بەئاسایش نەکات، ڕەنگە بێبەش بێت لەسۆزو خۆشەویستی، کە ئەمانەی بۆ فەراهەم نەبێت، خوو دەداتە خواردن وخەوتن وحەوانەوەو دواتریش ئۆتۆماتیکی کێشی بەرز دەبێتەوە.
لەهاوپۆلی: بابهتی تر
« چۆن ههڵبکهین لهم ژیانه پڕ جهنجاڵیهدا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پشکنینی دهروونی ، بۆ داواکارانی مۆڵهتی شۆفێری »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
