نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

چێژ وه‌رگرتن له‌ جوانی

ئه‌یلول 2, 2007

28371669841.jpgئەم بابەتە بۆخۆى دوو چەمک لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە(چێژوەرگتن) و(جوانى)، دواتر شیکارى سایکۆلۆژییانە بۆ ئەو پەیوەندییەى کەدوو چەمکە بەیەکەوە دەبەستێت. سەرەتا بابزانین (چێژوەرگتن) ماناى چى دەگەیەنێت؟
ئەگەر بۆ بنچینەى فرمانى (چێژتى، لێى چێژت، تامى کرد) بگەڕێینەوە، دەبینین بەواتاى هەواڵى چێژتنى شتێک دێت لەڕێى زمانەوە، ئیتر ئەو شتە شیرین یاخود تاڵ یان ترش بێت، ئامانج لەو هەواڵەش بڕیاردانە لەسەر بەهاى شتەکە. کەوابوو چێژوەرگتن لەسەرەتاوە پڕۆسەیەکى زگماکییەو پەیوەستە بەشتە مادییىء وەڵامدانەوە فسیۆلۆژیەکانیەوەو دواجار بۆ شتە نامادییەکانیش کشاوە یان ڕاستتر بڵێین شتە نامادییەکانی وەک خەڵکء دیاردەکانیشى گرتۆتەوە.
ئێمە لەژیانى ڕۆژانەى خۆماندا بۆ جیاکردنەوەى تاکەکەسان لەیەکدى، زۆرجار پەنا دەبەینەبەر خەسڵەتى چێژوەرگتنء دەڵێین: فڵانە کەس خاوەنى چێژە یان چێژوەردەگرێتء،کەسێکى دیکەش چێژناکات یان چێژ وەرناگرێت. تەنانەت چێژوەرگتن بووە بەبەهاو ستانداردێک کە بەهۆیەوە ڕەفتارو ڕواڵەتء شێوازى مامەڵەکردنى خەڵکى لەگەڵ شتومەکەکاندا، پێ دەکێشنء پآ دەنرخێنین. واتا چێژوەرگتن لەوەڵامدانەوە فسیۆلۆژییەکە تێپەڕیوەو بەوەڵامدانەوەى سایکۆلۆژى گەیشتووە. بەمەش پڕۆسەى هەستکردنى Sensation بۆ پڕۆسەى پەیبردن perception تێپەڕاندوەوگواستراوەتەوە. چونکە پڕۆسەى هەستکردن بریتیە لەوەرگتنى وزەى وروژێنەر (تیشک، دەنگ، گەرمى) لەلایەن ئەندامى هەستەوە پاشان گواستنەوەى وزەى وروژێنەرەکە لەرێى دەمارى هەستییەوە بۆ ناوەندى دەماغى تایبەت بەخۆى. بەڵام پەیبردن ئەو پڕۆسەیەیە کە بەهۆیەوە داتاء زانیارییە وەرگیراوەکان لەجیهانى دەرەکییەوە، ڕێکدەخەینء لێکى دەدەینەوە. یان بریتیە لەپڕۆسەیەکى دەماغیى کە ڕێکخستنء لێکدانەوەى داتاء زانیارییە هەستییەکان لەخۆدەگرآء مانایان بۆ دادەنێت. یاخود کۆمەڵێک پڕۆسەى هەستییە کە بەهۆیانەوە لەدەماغدا ناسینەوەو ڕێکخستنء شیکار ئەنجام دەدرێء مانا بەو هەستپێکراوانە دەبەخشرێت کە لەژینگەى دەرەکیەوە هاتوونء لەلایەن ئەندامەکانى هەستەوە وەرگیراون. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت: پەیبردن ـ بەو پێیەى پڕۆسەى سەرەکى چێژوەرگرتنە ـ ئەو زاراوەیەیە کە ئاماژە بەتواناى مرۆڤ دەدات بۆ بەکارهێنانى میکانیزمە هەستییەکان، بەمەبەستى لێکدانەوەو تێگەشتنى خەڵکى لەڕوداو وشتومەکەکان، بەبەرهەمء شاکارە هونەرییەکانیشەوە.
پەیبردنء پاشانیش چێژوەرگرتن تێکڕاى پڕۆسە فسیۆلۆژىء سایکۆلۆژیە ئاڵۆزەکان لەخۆدەگرێت. زۆرجاریش پەیبردن وەها شرۆڤە دەکرێت کە وەڵامدانەوەى سایکۆلۆژییە بۆ گروپێکى تێهەڵکێش لەوروژێنەرە هەستییەکان (بۆ نمونە تابلۆیەکى هونەرى). هەروەها وەڵامدانەوەیەکى ئەو کەسێتیەیە کە خاوەنى ئەزمونء ئارەزو و یادەوەرىء بۆچونى دەرونیى هەستىء نەستییە. جگە لەوەى مرۆڤەکە ئارەزوویەکى سایکۆلۆژى هەیە بۆ بینینى ئەو شتەى کە حەز بەبینینى دەکات یان چاوەرێى بینینى دەکات.
کەواتە جیاوازى خەڵکى لەوەرگتنى چێژى جوانیدا ـ بەتابیەتیش دەسکەوتە هونەییەکان ـ دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازییان لەپەیبردندا (بەپێى ئەو وەسفەى لەپێشەوە خرایەڕوو).

جوانى ..چییە؟
ئێستا تۆ ئەم گۆڤارەى دەستت دابخەو، بیر لەوەڵامدانەوەى پرسیارى (جوانى .. چییە) بکەرەوە. دیدو بۆچونى تۆ لەو بارەیەوە چییە؟ لەسەر چ بنەمایەک بەم یان بەو شتانە دەڵێت جوانە: تابلۆیەکى هونەرى، شیعرێک، ژنێک، زەردەخەى منداڵێک، دیمەنێک لەفیلمێکى سینەمایى، ڕۆمانێک، گۆرانییەک، مۆسیقایەک، دارخورمایەک لەکەنارى ڕوبارێکدا، تاڤگەیە لەقەدپاڵى چیایەکدا، تەلارێک، ڕەفتارێکى چاک. ئایا بەهۆى ئەوەوەیە کە چێژێک یان پەژارەیەک (شاراوە)ى لەناختدا وروژاند. یاخود عەقڵى سەرسام کردیت.. چۆن ئەم شتە بەم نایابییەى هاتۆتە بوون؟ یان شادىء بەئاسودەییەکى بەدڵت گەیاند کە لەمێژ بوو لەدەستتدابوو، یان لەوەتەرى دڵى دایتء ڕیتمێکى ناوەکیت بیستء، کە هەڵچونء سۆزە خەفەکراوەکانى ناختى، هێنایە سەماء وەک مەلێکى دیلکراو بۆ فەزایەکى بێسنور ئازادى کردن. یاخود جوانى ئەو شتەیە بەناخماندا گوزەردەکاتء وامان لێدەکات ژیانمان خۆشبوێتء پێوەى پەیوەست بین. یان لەوانە کۆتایى پێبهێنین بۆئەوەى لەناویدا فەنا بین؟
ئەمانە یان هەندێک لەوانە، ڕەنگە لەلاى هەموومان ڕوبدات. خۆ ئەگەر ئێمە دە کەس بووین، ئەوا بە دە جۆرى جیاواز وەڵامى ئەو پرسیارى(جوانى .. چییە) دەدەینەوە. ئەگەر هەزار یان ملیۆنێک کەس بین ئەوا بێگومان ئاستەمە لەسەر تاقە وەڵامێک ڕیکبکەوین.
ئەمەیە کێشەء ئیشکالیەتى میتۆدیى لەزانستدا، کە هاوکات نهێنى جوانیء ئەفسونى سەراسیمەبوونمانە بەجوانیەوە. ئەمە بەتەواوەتى وەک ئەو گرێ ئاڵۆزو سەرسوڕهێنەرەیە، کە هەرکات شیکارمان کرد چیدى ئەو بایەخء گرنگییەى جارانى نامێنێت. جوانیش هەروایەء بەئاڵۆزىء سەرسوڕهێنەرى دەمێنێتەوە. جوانى لاى ئەفلاتون “وێنەیەکى عەقڵییە وەک وێنەکانى خێرو ڕاستى” لەلاى دیمۆکریتس ” هاوسەنگییە لەبەرانبەر زیادڕەوىء پەڕگیریدا”. سوکراتیش جوانى بەخێرو چاکەو کەڵکەوە بەستۆتەوە بەڵام بەجۆرێک لەخووى خراپ یان پاڵنەرى خۆسەپێن (الهوس: Cacoethes) ناوزەدى دەکات. لەلایەکى ترەوە سۆفستائیەکان پێیانوایە هیچ شتێک لەسروشتى خۆیدا جوان نییە، بەڵکو جوانى پەیوەستە ئاستى کلتورىء ئاکارییء باروڕەوشء ئارەزووى خەڵکى خۆیانەوە. واتا جوانى مەسەلەیەکى ڕێژەییەو ئێمەین بڕیارى کە لەسەر دەدەین، نەک شتەکان خۆیان، یان فۆرمەکە وەک ئەفلاتون پێیوایە. جوانى بەو جۆرەش نییە کە ئەرستۆ دەڵێت سآ پێکهێنەرى هەیەء بریتین لە: گشتێتىء Wholeness پێکهاتوو consonance تیشکدانەوە یان پاکژیى شایستە radiance هەروەها بەو جۆرەش نییە کە قەشە ئۆگستین دەڵێت گوایە جوانى لەیەکبوونى نێوان جیاوازىء بەرڕێژەیى ژمارەیىء گونجان لەگەڵ شتەکانى دیکەدا، پێکدێتء قەرار دەگرێت. خۆ ئەگەر لەمەش دورتر بۆلاى (ڕۆماننیسیەکانء سروشتییەکانء واقیعییەکانء ڕێنیسانسەکان) هیگڵء کانتء ئەبوحەییانى ئەلتەوحیدى بڕۆین، سەبارەت بەجوانى دەبینین پێى وایە لەکامڵبوونى ئەندامەکانء ڕێژەى شیاوى بەشەکاندایە لەلاى کەسەکە. ڕاوبۆچونى تر لەم بارەیەوە ڕەنگە شتێکى جەوهەریمان بۆ نەخاتە سەر ئەو دەرئەنجامەى کە دەمانەوێت بەپوختەکەى بگەینء بریتیە لە: گەرچى جوانى لەسەدەمى گریکەوە سێیەمى دوانەکە بووە (خێرو ڕاستىء جوانى)، بەڵام لەسەردەمى ڕێنیسانسدا بووە بەزانستێک بەناوى جوانناسى (علم الجمال: Aesthetics) بەڵام پێناسەیەکى نییە کەهەمووان لەسەرى هاوڕاو کۆک بن. ئێمە لێرەدا سەرەڕاى هەمەجۆرىء جیاوازى ڕاکان، پێمان وایە کە جوانى:
هەر شتێکى مادى یان نامادییە، کە لەناخماندا هەست بەچێژى خۆشىء ئاسودەیى بوروژێنێتء هاوکات سەرساممان بکاتء بەرەو بیرکردنەوە بمانخرۆشێنێت.
بەم مانایە جوانى هەڵچونێکى پۆزەتیفەء، وروژاندنى فسیۆلۆژی (وەک خێرایى لێدانەکانى دلڕ)ء ئەزموونى هەستەئاگاى ( وەک بیرکردنەوە لەوەى کە لەحاڵەتى خۆشەویستیدایت)ء گوزارشى ڕەفتارى (وەک زەردەخەنەو تێڕوانینى درێژى شادیهێن) لەخۆدەگرێت.
هەر شتێکى جوان کە وەرگر بوروژێنێت، بێگومان چێژێکى جوانى وەهاشى پێدەبەخشێت کە جیاوازە لەهەر چێژو خۆشییەکى دیکە، چونکە بێنیازەو مەبەستێکى ترى لەپشتەوە نییە وەک چێژى سێکسى یان چێژى خواردنێکى بەتام یان خواردنەوەیەکى خۆش. ئەو چێژە خاوێنء پوختەو بێنیازو بآ مەبەستە. هەروەک پڕۆفیسۆرى سایکۆلۆژیا مارتندیل لەزانکۆى مەین Maine لەوڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دەڵێت: ئەزموونى جوانى لەڕواڵەتدا (فینۆمینۆلۆژیا) ئەزمونێکى شادیبەخشە بەعەقڵء دورە لەپاڵنەرەکانء هەڵچونء نائارامییەکانەوە.

بارى سایکۆلۆژىء چێژوەرگرتن لەجوانى :
گومانى تیا نییە کە پڕۆسەى چێژوەرگرتن لەجوانى لەژێر کاریگەرى بارى سایکۆلۆژى وەرگردایە، نەک بەتەنها لەڕووى جۆرى میزاجەکەوە، بەڵکو لەژێر کاریگەرى ئەو بارە هەڵچونیەشدایە کە وەرگر لەکاتى بینینى بابەتێکى جواندا تێى دەکەوێت. ڕەنگە بابەتەکە تابلۆیەکى هونەرى بێت، یان بیستنى گۆرانییەک یان یارچەیەک مۆسیقا بێت. تاکەکەسان لەڕووى میزاجەوە لەیەکترى ناچن، ئەم ڕاستییەش لەسەردەمى هیپۆکراتەوە (بەر لەدوو هەزار ساڵ) زانراوەو قسەى لەسەرکراوەو دەکرێت. هیپۆکرات لەلایەنى میزاجەوە خەڵکى دەکات بەسەر چوار پۆلدا دابەش دەکات. زاناى فسیۆلۆژیا پاڤلۆڤ (کەخەڵاتى نۆبڵى وەرگرتووە) ئەویش ناڕاستەوخۆ لەتوێژینەوە بەهادارو سەنگینەکانیدا، جەختى لەسەر دەکاتەوەو پێیوایە جیاوازى لەمیزاجى خەڵکیدا دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لەکۆئەندامى ناوەندى دەماریاندا، ئەمیش خەڵکى بەسەر چوار پۆلدا دابەش کردووە. لەپەندە میللییەکەشدا جۆرێک لەڕاستى هەیە کاتێک بەفڵانە کەس دەوترێت میزاجى (پرتەقاڵیە).. واتا تەنکء ناسکە. واتا ئەو کەسە لەو ڕۆژەدا مژدەدەر بووە، بۆیە هەر کەسێک بەو شێوەیە ببینرێت پێى دەڵێن میزاجت تەنکء ناسکە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە جوانى لەمیزاجى ناسکى وەرگردا خۆى دەخاتەڕوو، بەڵام ئەگەر کەسی وەرگر میزاجێکى وەرسء بێزارى هەبێت، ئەوا تەموتاریکى بەسەر جوانیدا دەهێنێت. بەواتایەکى وردتر: لەکۆئەندامى ناوەندى دەماریدا وەرگرەکانى ئەندامى هەستیى لەبارى چالاکیدان، بۆیە پێکهاتەو پەیوەندییەکان لەبابەتە جوانەکەدا، بەباشى بۆ ناوەندە دەماغیە تایبەتمەندەکان دەگوێزنەوە، ئالێرەوە پەیبردنیش بەشیکارى ناسکى خۆى هەڵدەستێت بەو پێیەى کە پڕۆسەیەکى دەماغییە بۆ ڕێکخستنء لێکدانەوەى داتاو زانیارییە هەستییەکانء دواتریش مانابەخشین پێیان. بەڵام لەحاڵەتى میزاجى وەرسدا: وەرگرەکانى ئەندامى هەستیى خاووخلیچکن هەربۆیە هەست بەجوانى ناکرێتء بۆ ناوەندە دەماغیە تایبەتمەندەکان ناگوێزنەوەو نابنە هۆى دۆزینەوەى پێکهاتەو پەیوەندییەکان لەنێوان وروژێنەرەکانء ئەو داتاو زانیارییانەى کەبابەتى جوانییەکە لەخۆى گرتوون.
هەڵچون، بەو پێیەى کە هەسپێکردن یان ویژدانێکى پۆزەتیف یاخود نێگەتیفە، لەژێر کاریگەرى (سەرنجى هەڵبژاردە)دایە. مەبەست لەسەرنجى هەڵبژاردە بەواتاى چڕکردنەوەى سەرنج دێت لەسەر لایەنێکى دیاریکراوى بابەتەکەو فەرامۆشکردنى لایەنەکانى دیکە. ئەم جۆرەش لەحاڵەتى میزاجى جێگیرو ناسکدا زۆربەى جار چالاکء کارایەو، لەحاڵەتى میزاجى وەرسیشدا شلء شێواوو خاوە. هەروەک دەرکەوتوە سەرنجى هەڵبژاردە کاریگەرى خۆى بەسەر پەیبردنى بابەتى جوانییەوە بەجێدەهێڵێت. توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەبوونى دوو چەشنى جودا لەسیستمى دەماغ دەکەن کە هاوکارن لەفرمانى سایکۆلۆژى تایبەت بەهەڵبژاردنى ئەو بابەتە یان ئەو شتەى کە سەرنجى لێدەدەن. یەکەمیان بابەت یاخود شتەکان لەسەر بناغەى شوێنء فۆرمء ڕەنگ هەڵدەبژێرێت. دووەمیش ئاراستەکردنى پڕۆسەکە بەپێى نیازو مەبەستى وەرگر لەبابەتەکە یان لەشتەکە، لەئەستۆ دەگرێت.
پەیبردن، بەو پێیەى کە پڕۆسەیەکى فسیۆلۆژى دەمارییەو لاى هەمووان وەک یەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەندە بەئەزمونە جۆراوجۆرەکانى فێربوونەوەو، چەشنەکەشى بەپێى جیاوازى کلتورو شارستانیەکان گۆرانى بەسەردا دێتء لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکیتر دەگۆڕێت. هونەرمەندان لەسەردەمى ڕێنیسانسدا لەهەوڵى ئەوەدا بوون وێنەى جیهان زۆر بەوردى بکێشنء تەنانەت تابلۆکانیان لەوێنەى فۆتۆگرافى دەچوو، بۆ نمونە ڕۆفائیل لەتابلۆ ڕەووتەختەکانیدا ئاماژەگەلێکى زۆرى بەکارهێناوە بۆ وێنەکردنء بەرجەستەکردنى ڕەهەندى سێیەم. بەڵام ئینتیباعیەکان جەختیان لەسەر ئەو (جێکەوتە: انگباع) یە دەکردەوە کە دیمەنەکە لەسەر وەرگرى بەجێدەهێشتء هەوڵیان بۆ ئەوە نەدەدا کە دیمەنەکە وەکو خۆى وێنە بکێشن. لەکاتێدا هونەرمەندانى سەدەى بیست تەنانەت خۆشیان، لەسەرلەنوآ خولقاندنەوەى جیهان وەک ئەوەى کە دەیبینین، دەبوارد هەروەک لەکارە جۆمیتریەکانى(بازنەکان، سێگۆشەکان، لاکێشەکانء…) بیکاسۆدا دەردەکەوێت. بەڵام وێنەکێشە داهێنەرەکان بەگشتى ( بەجیاوازى شارستانێتىء ئەو سەردەمەى کە تیایدا ژیاون) لەسەر ئەو خەسڵەتە تەبان کە نابێت جیهان وەکو واقیعى خۆى، وێنە بکێشن بەڵکو بەو جۆرەى کە خۆیان پەى پێدەبەن، وێنەى بکێشن. بۆ ئەمەش بڕوانە شاکارەکانى سلڤادۆر دالی وتابلۆکانى ڤان کوخ بەتایبەتیش تابلۆى ( شەوى زریان)، یاخود تابلۆى لەیادکراوی جواد سەلیم (درەختە کوژراوەکە).
لەنێو ئەو فاکتەرانەدا کە چەشنى چێژوەرگرتن بەتایبەتیش چێژى هونەرى، دیارى دەکەن، فاکتەرى ئەزمونى جوانییە. ئەوەى کە ئەم ئەزمونەش لەئەزمونەکانى دیکە جیادەکاتەوە بریتیە: لەسازبوونى ئەو ڕەگەزانەى کە بەهۆى جوانییەوە پێکدێنء دەبنە هۆى گۆڕینى پەشێوى پاڵنەرە جوداکان بۆ وەڵامدانەوەیەکى ڕێکخراو، سەرەڕاى تواناى ڕێکخستنى ئەو پاڵنەرانەش کەلاى مرۆڤ لەململانێدان. ئەمانەن کە لەکۆتاییدا خۆشىء هاوسەنگى دروست دەکەنء، نەشئەى جوانى دەهێننە ئاراوە.
زاناى سایکۆلۆژى ئینگلیزى (Edward Bullough) لەتوێژینەوەکانیدا نمونە بۆ پەیوەندى ئەزمون بەوەڵامدانەوەیەوە، دەهێنێتەوەو ئاماژە بەچوار جۆرى وەڵامدانەوە بۆ ڕەنگەکان دەکات کە بریتین لە:
جۆرى فسیۆلۆژى: تاکە کەسان لەم جۆرەدا بەهۆى ئەو هەستانەوە کە بابەتەکە لەناخیاندا دەیوروژێنێت، بڕیار بەسەر بابەتى جوانیەکەدا دەدەن.
جۆرى بابەتى: تاکەکانى ئەم جۆرە زیاتر عەقڵانینء بەهۆى لایەنە جوانیەکەوە لەگەڵ بابەتەکەدا هاوسۆز نابن. بۆیە تەنها بەهۆى خودى بابەتەکەوە چێژوەرناگرن، بەڵکو لەگەڵ پێوەرو ستانداردەکانى خۆیاندا بەراوردى دەکەن. جائەگەر هاوتا بوو ئەوا بەشێوەیەکى نیمچە میکانیزمى مامەڵەى لەگەڵدا دەکەن. بەڵام ئەگەر ناتەبا بوو یاخود ئاشنا نەبوون پێى، ئەوا لەزۆربەى جارەکاندا ڕەتى دەکەنەوە.
جۆرى کەساندن: تاکەکانى ئەم جۆرە چۆن بۆ مرۆڤەکان دەڕوانن ئاوهاش بۆ شتومەکەکان دەڕواننء بەسیفاتى مرۆڤانە ڕەنگیان دەکەن. ئەمانە بەهەڵچونێکى کاراو چالاکەوە چێژ لەبابەتەکان وەردەگرن.
جۆرى پەیوەستى: ئەمانە یادەوەرییەکانیان چییان تێدا بوروژێنێت، لەسەر ئەو بناغەیە بڕیار بەسەر شتەکاندا دەدەن. بۆ نمونە ئەگەر ڕوداوێکى کوشتنى بینی بێت ئەوا لەبینینى ڕەنگى سور لەتابلۆ هونەریەکاندا، دور دەکەوێتەوە. خۆ ئەگەر ڕەنگە سورەکە، گولێکى سورى بخاتەوە یاد کە بەکەسێکى خۆشەویستى خۆى داوە، ئەوا ڕەنگى سورى لەتابلۆ هونەرییەکەدا خۆشدەوێت.
پێویستە بوترێت کە خەڵکى بەشێوەیەکى نەگۆڕ بەسەر ئەو چوار جۆرەدا دابەش نابن. بەڵکو تاکەکەسێک بەپێى بارى سایکۆلۆژییء هەڵوێستەکەو ئەو ڕەوشەى کە تێیدادەژى، ڕەنگە لەجۆرێکەوە بۆ جۆرێکى بڕوات.

نوسینى: پ.د. قاسم حسین ێالح
وەرگێڕانى: د . سابیر بۆکانى

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« ناپاکی له‌ ژیانی هاوسه‌ریدا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | چۆن هه‌ڵبکه‌ین له‌م ژیانه‌ پڕ جه‌نجاڵیه‌دا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional