تشرینی یهكهم 17, 2008
ئۆتۆمبێل و کورد ( خوێندنهوهیهکی سۆسیۆلۆژیانه )
توێژهری کۆمهڵایهتی
حهمهی ئهحمهد ڕهسوڵ
زۆربەمان لەم جەژنى رەمەزانەدا ، مەرگى ناوادەى ” گۆران عومەرى کارمەند و بێژەرى کەناڵى کوردسات” هەژاندنى و خەفەتبارى کردین ، هەر ئەم کارەساتە دڵتەزێنەش بووە هەوێنى ئەم ستوونەم و دەمەوێت خوێندنەوەیەک بۆ ئامێرى ئۆتۆمبێل بکەم و وەکو دیاردەیەک و هۆکارێک بۆ قڕکردن و لەناوبردنى مرۆڤ شرۆڤەى بکەم ..! ئۆتۆمبێل لەداهێنانە گرنگەکانى سەروەختى شۆڕشى پیشەسازییە و لە ئەوروپا و ئەمەریکا دەرکەوت .. دیارە ئافەریدەکردنى ئەم ئامێرە شتێکى حەتمى و ناچارى مرۆڤ بوو ، پێداویست بوو ، ئامرازێک بوو بۆ گرێدانى شار و گوند و شارەکان لەمابەینى یەکدیدا ..بۆ گواستنەوەى مرۆڤ و کەلوپەلە بەرهەمهێزاوەکان بەرە و شار و وڵاتەکانى دراوسێ بووە یەکەمین پێویستى و خەمى مرۆڤ ، هێدى هێدى ئۆتۆمبێل بووە یەکەمین هاوسەر و هاوەلێ مرۆڤى رۆژاو و پاشانیش مرۆڤى هەموو جیهان ..!
لە کوردستانەکەى خۆماندا ، دەتوانین ئاماژە بە ساڵەکانى حەفت و هەشتاکانى سەدەى بیستەم بدەین بە مێژووى وەدەرکەوتنى خێر و بێشوومارى ئەم ئامێرە گرنگە .. ئامێرى ئۆتۆمبێل وەکو ( رادیۆ و تەلەفزیۆن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و … تاد) هێمایە بۆ قۆناغ و سەردەمێکى دیاریکراو ، گەواهى و شایەتى لەسەر دۆخێکى کۆمەڵایەتى و کولتوورى دەدات و جۆرێکى تایبەتیش لە کاریگەریى لەسەر کۆمەڵگ و پەیوەندى نێوان تاکەکان و هیرارکییەتى کۆمەڵایەتى بەجێدێڵێت … سەردەمانێک بوو، ئەم ئامێرە گرێدرا بوو بەچینى دەوڵەمەند و نوخبەى خانەدان و ئۆرستۆکراتییەتى کوردییەوە .. ئەو کەسەى زۆر زەنگین و خاوەن سامان نەبووایە نەیدەتوانى ببێتە خاوەن ئۆتۆمبێل .. !
بەڵام لە سەرەتاى هەشتاکاندا ، کاتێک حکومەتى دیکتاتۆریى بەغدا سەرقاڵى جەنگێکى دۆڕاو بوو ، خەڵکى فێرى چاوچنۆکى و موڵکدارێتى کرد ، خەڵکى فێر دەکرد بەرانبەر بە مەرگى رۆڵەکانیان بێدەنگ بن و لەبرى ئەوە سەیارەیەکى مۆدێل بەرزى دەدانێ ، یان ئەو کەسەى ببوایە بە ئەفسەر و پیاوى رژێم ، ئەوا ئۆتۆمبێلێکى بە دیارى پێشکەش دەکرد ، ئیدى وایلێهات خەڵکى لە خولی و سەوداسەرى ئۆتۆمبێل کڕین و فرۆشتنەوە و ئاژۆتنیدابوون ..!
رێژە و ژمارەى سەیارەى هەمەجۆرى روسى و ئیتالى و بەرازیلى و ژاپۆنى لە شار و شارۆچکە و بگرە گوندەکانى کوردستانیشدا روو لە زیادبوون بوو…! لە راستیدا ئۆتۆمبێل بە شێنەیى کاریگەرى و کارلێکى پۆزەتیڤ و نێگەتیڤى خۆى لەنێو هزر و رەفتار و دەروونى تاکى کوردا موتوربە کرد ، خۆگیڤکردنەوە و لە خۆبایى بوونى تاکى کورد بەرە بەرە دەستى پێکرد ، سەرقاڵبوون بەم ئامێرەوە پەیوەندى نێوان کەسو خزمانى ساردتر کردەوە .. ئیدى چینى هەژار و توێژى لاوان ، ئەوانەى کە تواناى کڕینى سەیارەیان نەبوو ، تووشى حیرمان و بێنازیى بوون ، هەستیان بەکەمى دەکرد .. لەلایەکى دیکەوە هەستیان بە ئێرەیى و بەغیلى دەکرد بەرامبەر بە خاوەنى ئۆتۆمبێل ..!
رەفتارى تاکى کورد گۆڕانى بەسەرداهات و بەرە و خراپتر دەچوو ،چونکە هۆکار بوو بۆ سەرقاڵکردن و دوور کەوتنەوە لە خوێندن و کۆشش کردن و زۆرێک وازیان لە خوێندن و خوێندنەوە هێناو بوون بە شۆفێر .. رەنگە ئێستا سێ چارەکى کۆمەڵگاى کوردى شۆفێر بن و رێژەیەکى زۆریش فیتەرن و دوکاندارى شتومەک و پارچە فرۆشى سەیارەن .. هەروەها مشتومڕى کەوتە نێوان باوان و کوڕەکانیانەوە لە پێناوى سەیارەکڕین و لێخووڕینیدا ، لە زۆر خێزاندا کێشەى گەورە گەورە دروستبوو لەسەر بەدزییەوە سەیارە ئاژۆتنى کوڕە گەنجەکانیان و بێ مۆڵەتییان و کێشە و کارەسات قەومانەوە گومانى تێدانییە کە ئۆتۆمبێل لە زۆربەى وڵاتەکانى دونیادا بووە هۆکارێکى خراپ بۆ گۆڕینى ئاکارى مرۆڤ .. چونکە بەهۆى ئۆتۆمبێلەوەیە بوغرا دەبین و خەڵکى پیادە بەهیچ و سووک تەماشا دەکەین .. سووکایەتى بە شۆفێرەکانى دیکە و پیادەکانى هاوشارى و هاونیشتمانیى خۆمان دەکەین … لەلایەکى دیکەوە ژمارەى ئەو کاژێرانەى تاکى کورد بە ئۆتۆمبێلەوە بەسەرى دەبات رەنگە زیاتربێ لەو کاژێرانەى کە ئیشى تێدادەکات ، یان تیایدا کتێبێ دەخوێنێتەوە یان تیایدا ئامۆژگارى منداڵەکەى خۆى یان براکەى خۆى دەکات ! ئاشکرایە لەنێو ئۆتۆمبێلدا بوار دەڕەخسێ دەنگى تەسجیلەکەمان زیاد بکەین و بیکەین بە دیسکۆ یان جگەرەى تیادا بکێشرێت و مەى و تریاک بەکار بهێنرێت !
هەروەها دەرفەتى رابواردن و داوێنپیسى لەگەڵ یار و دۆست و لەشفرۆشاندا زیاترە و ئامرازێکە بۆ ئەو جۆرە کردارانە..! لەسەرێکى ترەوە زۆرن ئەو شۆفێرانەى کە بەشەو یان لە شوێنى چۆڵدا لەپیادە دەدەن و بریندارى سەختى دەکەن یان دەیانکوژن و بۆى دەردەچن .. هەروەها رێژەى کوڕى مەسئولەکان کە بەبێ مۆڵەت ئۆتۆمبێل وەکو گوللە لێدەخووڕن لە زیادبووندایە .. تەنانەت لەنێو کۆڵانەکانیشدا ئەگەر لەسەر (سەد) نەئاژووێت ، دڵى نازدارى ئاو ناخواتەوە …! ئێمە چونکە میللەتێکین بەپێى یاسا کارتۆنییەکانى رژێمە دیکتاتۆرەکانى بەغدا ، قڕکراوین ، بۆیە وەکو کاردانەوە ، حەزمان بە پابەندبوونى یاس و رێسا نییە ، بۆتە غەریزەیەک کە سەرپێچیکار و سەرچڵى بکەین .. لەبەر ئەوە بەخێرایى سەیارە لێدەخوڕین ، کە ئەوەش بە قارەمانێتى دادەنێین و پۆلیسى هاتووچۆ بە کەسێکى بێنرخ تەماشا دەکەین و ئاکامەکەشى مەرگى ئاکار و رۆحى خۆمان دەبێتە باجەکەى …!
روداوى هاتووچۆ لەم ساڵانەى دواییدا پەرەى سەندووە ، بە جۆرێک کە هەردوو رێگاى نێوان سلێمانى / دوکان و عەربەت و پێنجوێن و هەڵەبجەى شەهید و رێگاى نێوان هەولێر و کەرکوک و هەولێر و سلێمانى هێندەى ئەنفال، رۆڵەى کوردستانى قڕ کردووە .. رێگاوبانەکانى کوردستان زۆر خراپن و هیچ بۆردێکى و نیشانەیەکى هاتووچۆیان تیایدا نییە ، ئۆتۆمبێل هەر زیاتر دێتە وڵاتەوە ، ئێمەش هەتاکو دێت زۆرتر سەرخۆش و بێهۆش دەبین ، مۆبایل بەدەستێکمانەوەیەو جگەرەش بەدەستێکى ترمانەوەیە و هەر خەریکى دیالۆگ و مشتومڕین لەنێو سەیارەکانماند و بەتیژى تیشکى خۆر لێدەخوڕین .. وەکو چۆن سەبر و پشوومان نییە و ئارام نین لە ژیاندا، هەر بەو سەرشێتییەش بێ سەبر و تەحەموول بەرە و مەرگ و فەنابوون مل دەنێین ..!!
بیرمان نەچێت ئەوەش بڵێین کە بەهۆى زۆربەى ئۆتۆمبێلەوە ، لەنێوشارەکاندا هەم رێگابەر رێدار ناکەوێت و ژاوەژاوو ویقەویق و هۆڕن لێدانیش لەولاوە بوەستێ و قەرە باڵغى و دیمەنى ناشرینى حەشامات و ئاپوورەش لەلایەکى دیکەوە جەنجاڵى بە ژیانمان بەخشیوە .. پیسبوونى ژینگە بەهۆى دوکەڵ و رەساسى سەیارەکانەوە ژیانى ئێمەى خستۆتە مەترسییەوە و ئەگەرى دووچاربوونمان بەشێرپەنجە و هەوکردنى سییەکانمان بەهۆى ئۆتۆمبێلەوە لە ئارادایە ..!
لەم چەند ساڵەى دواییدا دیاردەى تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلیشى هاتە سەر و بە تەواوەتى روخسارە قێزەونەکەى سەیارەمان پیشان دراو ، وەکو چەکێک و بکوژێکى ترسناک حسێبى بۆ دەکرێت لەم وڵات و نیشتمانە هەناسەساردەدا کە نەفیکرى سەلەفى و چەقبەستوو بەفریاى دێت و نەداهێنانى نوێى تەکنۆلۆژی و پیشەسازى ! بەڵام ئێمە دەبێت نوێخواز و پێشکەوتووخواز بین .. دەبێت بەخێرهاتن لە ئامێر و ئافەریدە نوێکان بکەین و پێویستە گۆڕان لە خۆمان و عەقڵ و عەقڵییەتماندا بکەین ، پێویستە بەرنامەى زانستى و خشتەى ساڵانەمان هەبێت و خزمەتگوزارییەکان دەرهەق بە مرۆڤى پایەدار و بەهادار پێشکەش بکەین …! ئەگینا ژیانمان لەنێو مشتى مەرگدا چاوى زەقەى دێت !!
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« دیمانهیهک لهگهڵ خاتوو خهندان جهزا دهربارهی ههردوو دیاردهی لهشفرۆشی و ناپاکی هاوسهریی لهکوردستان / بهشی دووهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاوڕدانهوهیهک لهدهروون و ههنگاوهکانی بهختهوهربوون »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
