ئهیلول 29, 2008

لەبەر رۆشنایى سۆسیۆلۆژیادا
خوێندنەوەیەک بۆ پێگەى گەنجى کورد ….. بەشى چوارەم
توێژەى کۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
کەسێتى گەنج
زۆر گرنگە پێش ئەوەى بتوانین پێگە و رۆڵى گەنج بخوێنینەوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، پێویستە تواناى ئەوەمان هەبێت کەسێتى گەنج بنووسینەوە و شرۆڤەى بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەر توێژەرێک بیەوێت لە کەسێتى توێژێک یان کەسێک بنواڕێت و قووڵتر شۆڕ بێتەوە بە نێو نهێنییەکانیدا، پێویستە لە دەوروبەرى ژینگەى ئەو کەسایەتیەى تیایدا دەژى وردبێتەوە، کە بەشێکە لە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەش بۆ خەمڵاندن و ئافەریدکردنى کەسێتى، بۆ چێکردنى پێکهاتە و ستراکتۆرى کەسێتى، کۆمەڵگە گەلێک کەناڵ و سەرچاوەى گرنگى هەیە کە وەکو کەرەستەى بونیاتنانى کەسێتى بەکاریدێنێت…
کۆمەڵگەکانیش جیاوازن و وێکناچن، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، لە باکوورەوە بۆ باشوورى گۆى زەوى، کۆمەڵگەى هەمەجۆر و جودا بەدیدەکرێت، هەر بەو پێودانگەش کەرەستەکانى پێکهاتەى کەسێتى مرۆڤەکان و توێژەکانیش پێبەپێى کۆمەڵگەکان دەگۆڕێن!
بەشێوەیەکى گشتى، کەسێتى گەنج لەگەڵ کەسێتى منداڵ و کەسێتى گەورەکاندا خاڵى هاوبەش و خاڵى جیاواز بەدیدەکرێت… بەڵام ئاشکرایە کە ئەو گۆڕانکارییە فیسۆلۆژى و بایۆلۆژییانەى کە لە قۆناغى هەرزەکارى و گەنجێتیدا روودەدەن، تایبەتن بە گەنج و کاریگەرى راستەوخۆى دەبێت بۆ سەر کەسێتى ئەو…!
ئەو گۆڕانانە بە هۆکارى هۆرمۆن رژاندنەوە روودەدەن کە ئەندامەکانى جەستەى هەرزەکار دەرى دەهاوێژن و مژدەى گەورەبوون و نەشونماکردن دەبەخشن، کە نیشانەکانى باڵقبوون نوومایش دەکەن لە کوڕاندا موو دەردەکەوێت و لە کچاندا بەرزبوونەوەى سنگ و دەرکەوتنى مەمک و خەسڵەتى نوێى هەرزەکارى و سەرەتاى قۆناغى گەنجێتى مانفێست دەکەن، هەروەها شایەنى وتنە کە گەشەکردنى ئەندامى زاوزێ و چالاکییە سێکسییەکان رەنگدانەوەى گرنگى دەبێت بەسەر هزر و ئەقڵییەتى رەفتارنواندنەوە….!
ئەم مەخلوقە نوێیەى پێى دەڵێن هەرزەکار، مێردمنداڵێکە و هەنگاو دەنێ بەرە و لاوێتى، کە لەراستیدا لە منداڵێک زیاتر پێویستى بە شوێنێکى تایبەتە بۆ ئەوەى نهێنى و شتە شاراوەکانى و رووخسارى تاریکى ژیانى و پرسیارە زۆرەکانى گەنجێتى و ژیانى تایبەتى خودى خۆى تیایدا تاوتوێبیکات و راڤەیان بکات، گەنج لە منداڵێک و مێردمنداڵێک زیاتر رەهەندەکانى خەون و خولیاى بەرفروانترن، خەیاڵ و ئەندێشەى بێسنوورە، چونکە سەرلەنوێ هەموو زانیارییەکانى سەبارەت بە بوون و بە گەردوون و بە خودا و بە ئاسمان و بەژیان لە مێشکى خۆیدا (فۆرمات) دەکاتەوە و بەدەیان و بگرە بە سەدان پرسیارى پڕ موجیزە و پەرچووئامێزى هەیە کە ئەوانە هەمووى داواى وەڵامدەکەن، داواى شوێن و کاتى تایبەت دەکەن!
لە نێو جەستەى گەنجدا چەمکەکانى حەزلێکردن و خۆشەویستى و عەشق غەریزەن، پێوانە و بارستاییان بۆ نییە و هێندەى هەموو گەردوون تیشکى سۆز و موحیبەت دەبەخشن بە مرۆڤایەتى…..
گەنج بەشێوەیەکى گشتى و لە هەمو جیهاندا لەو خەسڵەتەدا یەک دەگرنەوە کە سیخناخن لە وەزە و توانا و چالاکى و لە گەورە و پیرەکان زۆرتر تواناى کارکردن و داهێنان و بەخشینیان هەیە، بۆیە کەسێکى لاو ناتوانێت وەستا وو جێگیر و ئارام بێت، هەردەم لە جووڵە و بزاوتن و چالاکیدایە، هەڵگرى پەیامێک و دیدگا و دنیا بینیەکى دیکەیە کە بە هەر شێوە و جۆرێک بێت لەگەڵ جیهانبینى گەورەکاندا جیاوازە…….
تێفکرین و مامەڵەکردنى گەنج لەگەڵ بابەت و دۆزە کلاسیکى و باوەکانى نێوان خێزان و کۆمەڵگە جوودایە لە تێفکرین و مامەڵەى گەورە و پیرێکدا….بۆیە وێکنەچوون و ناکۆکى و بەریەککەوتن (لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا) دژایەتیکردن و ململانێ لە ئاخاوتن و مامەڵە و رەفتاردا روودەدات و ئەمەشئاساییە و وەک دەڵێن سوونەتى ژیانە، هەمیشە پەیوەندى نێوان گەنج و پیر پەیوەندییەکى ناکۆک و دژە، ئەمەش ئاشکرایە و لە هیچ خێزانێکدا ناشاردرێتەوە….
چونکە ئەو دوو بونەوەرە (گەنج و پیر) دوو کەسێتین و ئاراستەکانى فەرمان و ئەرک حوکمى سەقامگیرییان دەدات، بەڵام گەنج لەبەر ئەوەى لە قۆناغى هەرزەکارییەوە نزیکە، ئەم قۆناغەش لە تەمەنى (13-18) ساڵیدایە و بناغە و کۆڵەکەیە بۆ بنیاتنانى کەسێتى گەنج بەگشتى، قۆناغى هەرزەکارى زیاتر پشت بە هەستەکان و سۆز و عاتیفە دەبەستێ، پێگەیشتن و کامڵبوونى ئەقڵ و ژیرێتى مرۆڤ هێشتا مامناوەند رەخساوە و کامڵ و تێر و تەسەل نەبووە، بۆیە رێژەیەکى زۆر لە گەنجان (بە حومکى پەروەردەى چەواشە و نادەربەستیان) زۆر هەڵەشە و سەرچڵانە بیردەکەنەوە و رەفتار دەنوێنن…. رێژەیەکى زۆر لەم تەرزە گەنجانە بەرەو لادان و لارێیی دەچن، دەکەونە هەڵدێرەوەبە گشتى و پێش ئەوەى پێناسێک بۆ کەسێتى گەنجى کورد بکەین، لە کۆنەوە بۆ ئەمێستا، دەتوانین ئەوە دەربارەى گەنج بڵێین کە سەرتاپا لاوانى دنیا لەوەدا هاوبەشن کە قۆناغى گەنجێتى بریتییە لە خودناسین و نوومایشکردنى کەسێتییەک کە زۆر تایبەت و جیایە لە منداڵى و جیاوازە لە پیریش…
گەنج بارستاییەکە لە وەزە تواناى لە بننەهاتوو، هەروا ئاسان نییە بەربەرست و کۆسپ لەبەردەمیدا دابنرێ و کەسێتى ئەم خاوەن وزە زۆرە بشکێنرێتەوە، گەنج بریتییە لە گڵۆڵەیەک لە ئارەزووى سێکسیى، هەروائاسان نییە بچەپێنرێت و کەبت بکرێت و بینین و دانیشتنى دوو رەگەزى نێر و مێ بکرێت بە کوفر و بابەتێکى حەرامکرا و و تابوو… لەسەر نامەیەک و وێنەیەک دوو خێڵ و بنەماڵە یەکى قاتووقڕبکەن، گەنج بریتییە لە قاسەیەک لە خۆشەویستى و میهر و موحیبەت، هەروا بە ئاسانى ئەو قاسەیە پڕبکەیت لە رقو وتووندوتیژى و چەوساندنەوە و ستەمکارى، دیارە کە کەسێتییەک دەستبەردەکەیت کە دواجار بریتى دەبێت لە بوونەوەرێکى بێئومێد و لاواز و خەمگین، بێزار و بێکار و بێفەڕ و بێوەفا بۆ خۆى و بۆ خێزانەکەى و بۆ کۆمەڵگەکەى، کە لە بەشى داهاتوودا بە تێر و تەسەلى باس لەو هۆکار و فاکتەرانە دەکەین کە کەسێتى گەنجى کورد دروستدەکات و دەشتوانێت نوغرۆى بکات و پڕیبکات لە ئیشکالییەت….!
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« ڕهگ و ڕیشهی سایکۆلۆژیای کۆمهڵکوژی ( جینۆساید ) | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پیرۆزبایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
