ئهیلول 18, 2008
لەبەر رۆشنایى سۆسیۆلۆژیادا
خوێندنەوەیەک بۆ پێگەى گەنجى کورد ………… بەشى سێیەم
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
رۆڵى نێگەتیڤى خێزانى کورد
وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، یەکەمین وانەیەکى چواشە و خراپى خێزان، ئەوەیە کە ئەندامەکانى فێرى جیاکارى جێندەرى (رەگەز)ى دەکات، ئەم جیاوازییە رەگەزییەلە نێو جەرگەى خێزانى کوردەوە – بە پاڵپشتى گوتارى ئایین زاڵ و داب و نەریتى کۆمەلایەتى کۆنەخواز و داخراو – رەگ و ریشەى داکووتیوە و جیاوازییەکە لە نێو هزر و رەفتارى گەنجانى کورش و کچدا بەرجەستەى دەگات و بە نێو واقعى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگەکەماندا تەخشان و پەخشانى دەکات… کلتوورى خێزانى کورد، جیاوازى فسیۆلۆژى نێوان کوڕ و کچ لە قۆناغى هەرزەکارى و گەنجێتیدایە بە مەترسیدارترین شێواز پیادە دەکات..!
گرفتى سەرەکى لەوەدایە کە ئەم ژەهر رشتنەى خێزان سەبارەت بە فەرهەنگى نێرسالارى و وردەکارییەکانى خۆى هەر لە قۆناغى منداڵییەوە ئیدى بە شەرعیەتبوونى پێدەبەخشرێت و بەوپەڕى ئەمانەتەوە بۆ گایەکانى فێرکردن و خوێندنى دەگوێسرێتەوە لە دایەنگەوە بۆ حەوزەى دکتۆرا وەرگرتن…هەموو دەزگا کۆمەڵایەتیەکانى کۆمەڵگە ئەم جیاوازییە رەگەزیی و جێندەرییە بە بازنەیەکى بریقەدار لە هلال و پیرۆزگەرایى دەنەخشێنن و لەسەر ستگى هەر کوڕ و کچێکى کوردى دەدەن بە دوو بوونەوەر و مەخلوقى نامۆ و نەناس و جیاواز بە یەکیتریان دەناسێنن..! ئیدى شوێنى هەریەکەشیان دیاردى دەکرێت و پیاو ماقووڵە سەر زلەکان کوڕ رەوانەى دەرەوە و کچ بەرەو زیندانى چوار دیوارى ماڵ دەنێرن، جیاوازى نێوان ئەرک و فەرمان و مافەکانیشیان وەکو جیاوازى نێوان ئاسمان و رێسمانە….!
ئەم وانە چەواشەیەى خێزان کە بەخۆرشایى و بە ئاسانى دەیبەخشێ بە ئەندامەکانى، تەنها لە قۆناغى هەرزەکاریى و گەنجێتیدا هەست بە کوشندەیى و ماڵوێرانى ئەم جیاکارییە جێندەرییە دەکرێت، کە ئاکامەکانى هەتاکو سەر ئێسقان زیانبەشخن و کۆمەڵگەیەکى داخراوى تاقەت پرشوکیچن و خنکێنەرت بۆ دەستەرە دەکات.. ئەو نایەکسانى و نادادوەرییە کۆمەلایەتیی و ناتەبایى و ناکۆکییەى ئەم رژێم و کولتوورە نێرسالارییە دەیبەخشێت، دۆزەخێکى پڕ لە ئاگر و خۆڵەمێش و قوڕقوشمى تواوە بۆ گەنج دەخاتە سەر گازى پشت… خۆشەویستى لە نێوان نێر و مێیەکى نایەکساندا.. لە نێو دوو بوونەوەرى نامۆ و ناتەبادا، هەڵگرى دوو پلەو پایەى جیاواز، دووشوناس و دووجیهانى پرش لە تاریکى و پرش لە نهێنى، چۆن یەکسان و هاوسەنگ دەبێت..! نێرێک سەردەست و مێیەکیش ژێردەست بێت… نێرێک خاوەن و مێیەک کۆیلەبێت، نێرێک مرۆڤ و مێیەک نیوە مرۆڤ بێت، چۆن داتا و ماناکانى خۆشەویستى و عەشق رووناک و هەماهەنگ و هەمەڕەنگ و بەهەشتى دەبێت…!؟
خێزانى کورد، چونکە غەرقى نێو دەریاى ئەفسانە و خورافە و جەهالەتە، ناتوانێت پشت بە کیتۆدێکى مۆدێرن ببەستێ و پەروەردەى تاکى ئازاد و مەدەنى پیادەبکات… بۆیە ناتوانێت کەش و هەوایەک بسازێنێ کە بیرکردنەوەى ئازاد و رەفتارنواندنى سەربەستى تێدابێت، دواجاریش کەسێتى ئازاد و سەربەخۆى گەنج هێڵێکى راست و چەپى بەسەردا دێنێ… پابەندى دەکات بە دەسەڵاتى داخراوى خۆیەوە.. باوان کۆت و بەند دەخەنە دەست و ملى رۆڵەکانیانەوە. ئینجا توندوتیژى و زەبروزەنگ دەکات بە کەرەستەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر نەوەى نوێ و ئاراستە و خواستەکانیدا…. بۆیە لە نێو کەش و هەواى خێزانى کوردا، کاتێک نەزانى و جەخالەت بناغەبێت بۆ پەروەردەکردن و و توندوتیژى و زەبر و زەنگ کەرەستەو ئامرازبێت لە نێو ئەندامەکانیدا، بێگومان دیارە کە هیچ مەودایەک نامێنێتەوە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ، بۆ رێزگرتنى یەکتر و بەرزراگرتنى بەهاى مرۆڤایەتى یەکتر، هیچ پانتاییەک نامێنێتەوە بۆ یەکیتر قبوڵکردن و پیچکەوەژیان بە ئاشتى لێبووردەیى، کولتوورى توندوتیژى و بوارنادات لێکبووردن لە نێوان ئەندامانى خێزاندا بچەسپێ، توندوتیژى و زەبر و زەنگ بوارنادات خۆشەویستى و برایەتى و یەکسانى و دادپەروەرى رۆڵی ئیجابى خۆى ببینێ، بەکارهێنانى توندو تیژى بەرامبەر بە مناڵ و گەنج لە خێزاندا کاردانەوەى زۆر نیگەتیڤی دەبێت بەسەر کەسێتى گەنجەوە، چونکە کەسێک بەرهەم دێنێ کە دەمارگیر و کەللەرەق و و تووڕەدەبێت….
مرۆڤێک دەخوولقێنێت کە شکاوەتەوە و سیخناخ کراوە بە ترس و راڕایى و پشێوى و نیگەرانى ” کە لە پەرەگرافەکانى دواتردا باسى کەسێتى گەنجى کورد دەکەم و بە تێر و تەسەلەوە رەهەندەکانى شرۆڤە دەکەم”.
خێزانى کورد، وەکو پێشتر باسمان لێوەکرد، ئاستى رۆشنبیرى نزمە و رێژەیەکى زۆر لە خێزانى کورد، هەتاکو ئەمڕۆش لە خورافە و ئەفسانە و قسەى پڕ و پووچ نزیکترەوەک لە رۆشنبیرى و زانست و مەعریفە و پەروەردەیەکى مەدەنى، ئەمەش لە خۆوە را نەهاتووە، چونکە خێزان خانەیەکى دروستکراوى کۆمەڵگەیە، وانەکانى مەنهەجی پەروەردەکردن لەوەوە وەردەگرێت، کۆمەلچگەى کوردیش کۆمەڵگەیەکە لە کۆمۆنەى سەرەتاییەوە نزیکە و لە زۆر جێگەدا هێشتا را و و راوشکارى و بازرگانى لە رێى قاچاخچێتى و بەقاڵى و گشتوکاڵییەکى دواکەوتوو بەرکەماڵن، دیارە رەنگدانەوەى هۆیەکانى بەرهەمهێنانیش، پەیوەندى بەرهەمهێنان و هۆشیارییەکى کۆمەڵایەتى هەمان شیچوە فەراهەم دەکاتەوە….!
ئاستى هۆشیارى و رۆشنبیرى لەمجۆرە کۆمەڵگایانەدا زۆر نزمە و بە پێچەوانەوە نەخوێندەوراى و بێسەوادى لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانن.. ئەگەر خوێندواریش هەبن، زۆر تەقلیدین و دواى تەواوکردنى خوێندن و بەدەستهێنانى بڕوانامە ئیدى خوێندنەوە سێ بە سێ تەڵاق دەدەن و دەچنەوە هەمان ئاستى خەڵکە رەشۆکەکە و رەنگە کە نەخۆش دەکەون نەچنە لاى دکتۆر، بەرە و لای شێخ و مەرقەدى شەخسێک و مشایەخێک رێ بگرنەبەر… ئیدى ئەم تاکە نیمچە خوێندەوارە کاتێک پرۆسەى هاوسەگیرى دەکات و وەچە دەخاتەوە دەبێت لەسەر چ میتۆدێک و قوتابخانە و رێبازێکى پەروەردەیى منداڵەکەى بە خێوبکات…. چۆن رەفتارى لەگەڵدا دەکات، کاتێک دەچێتە قۆناغى هەرزەکارییەوە ئایا دەتوانیت لە خەم و خەون و خواستەکانى تێبگات…؟!
ئایا دەتوانێت وەکو هاوڕێیەک مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییە فسیۆلۆژییەکانى ئەم هەرزەکارەدا بکات..! ئایا دایک و باوکەکان دەتوانن گوێ بۆ پەوەندییە خۆشەویستیەکانى کوڕ و کچە گەنجەکانیان رادێرن…؟ ئایا ئەوەندە ئاستى رۆشنبیریان بەرزدەبێت کە ئەو گەنجانە هانبدەن رق و کینە وەلاوە بنێن و خۆشەویستى و عەشق بکەن بە ئامرازێک و بە ئامانج بۆ پەیوەندى و رەفتارنواندن… وشەى عەشق و حەرامنەکردن لە کوڕ و کچەکانیان … پەیوەندى خۆشەویستى نێوان فریشتە و شەیتان تەماشا نەکەن… ئایا باوان لە خێزانى کورددا دەتوانێت کەسێتى گەنج پڕنەکات لە نهێنى و لە تاریکى و لە کۆڵانى بنبەست…!
ئایا خێزانى کورد دەتوانێت گەنجێک بەرهەم بێنێت کە راستگۆیى بکاتە بەردى بناغەى هزر و بیکردنەوە و مامەڵەکردنى لە ژیاندا..!؟ ئایا خێزانى کوردى دەتوانێت واز لە چەپاندن و کەبتکردنى کۆمەڵایەتى و بیکردنەوەى ئازاد بێنێت..!؟
هەوڵدەدەم لە بەشى داهاتوودا کەسێتى گەنجى کورد شرۆڤە بکەم کە کەشیکارى و هەڵکۆڵینێًکى گرنگە بۆ ناسینەوەى رەهەندەکانى پێگە و رۆڵى گەنج لە کۆمەڵگەى کوردیدا……!
ماویەتى
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« لهبهر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / خوێندنهوهیهک بۆ پێگهی گهنجی کورد / بهشی دووهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | من کێم ؟ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
