نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ پێگه‌ی گه‌نجی کورد / به‌شی دووه‌م

ئه‌یلول 18, 2008

  
  لەبەر رۆشنایى سۆسیۆلۆژیادا
  خوێندنەوەیەک بۆ پێگەى  گەنجى کورد ………..  بەشى دووەم
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

خێزان و گەنج
   خێزان وەکو یەکەیەکى بنەڕەتى و دەزگایەکى سادەى کۆمەڵگە، گرنگترین خانەیە بۆ پەروەردەکردن و ئاراستەکردنى گەنج، بەڵام فەرهەنگى کۆمەڵایەتى و زانیارى خێزان لە کلتوورەوە سەرچاوەى گرتووە، کلتووریش ئاوێتەیە لە نۆرمى کۆمەڵایەتى و داب و نەریتى باو، بە یارمەتى گوتارى ئاینیى سەردەستى کۆمەڵگە کە بێگومان لە کۆمەڵگەى کوردیدا ئاینى ئیسلامە، ئەمانەش پێکەوە فەرهەنگى خێڵەکى و هۆزگەرایى پێکدێنن، کە دیارترین خەسڵەتى ئەوەیە هزر و بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتى و رەفتار و هەڵسوکەوتى ئەندامەکان، بۆ وێنە رێژەیەکى زۆر لە گەنجى کورد، دژى کۆنەخوازیى و نەریتخوازیین، دژى دەسەڵاتى باوانن، بەڵام نەوەى نوێ هەمان رەفتار و رۆڵى باوان دەگێڕنەوە، ئەگەر بوونە خاوەنى خێزان و دەسەڵاتێکى سنوورداریان گرتەدەست..!
     خێزانى کورد (کۆن و هاوچەرخ) بیر و هزرى ئازاد و عەقڵییەتى ئازاد و پەروەردەیەکى مەدەنى ئازاد پێشکەش بە گەنج ناکات، لە کاردایە بۆ ئەوەى هەمان ئەقڵیەتى سەلەفى – باو لە رۆڵەکانیدا بەرهەم بێنێتەوە، بۆیە ساڵانێکى دوور و درێژە نەوەى نوێ لە ململانێ و بەربەرکانیدایە، بەڵام کەرەستە و هێزى بەڕێوەبردنى لە دەست نەوەى کۆندایە، بەردەوام خاڵى هاوبەش و وێکچوو بەرهەم دێنێتەوە لە شێوازى بیرکردنەوە و کارکردن و گوزەراندا لەگەڵ نەوەى نوێدا ئاوێنەیەک دادەنێن لە نێوان خۆى و گەنجدا، بۆ ئەوەى ململانێى گۆڕان و کودەتا دروست نەکات و کۆمەڵگە بە پێى خواست و ئارەزووى گەنج نەکرێتەوە بە رووى ئازادیى و ئەقڵیەتى نوێ و ژینى نوێدا…!!
   خێزانى کورد، بەردەوام تەماشاى گەنج وەکو تاکێکى سەربەخۆ و ئازاد تەماشا ناکات، وەکو بوونەوەرێکى خاوەن خەسڵەتى جیاواز نابینێ، بە پێچەوانەوە قۆناغى گەنجێتى بە قۆناغێکى پڕ لە مەترسى و خەتەرناکى لە قەڵەم دەدات، یان وەکو هەرزەیەکى شێت و یاخیى و لە رێدەرچوو حسێبى دەکات، یان وەکو پیاوێکى تەواو لێى دەڕوانن کەزۆر زوو گەورە بێت و ئەم قۆناغە هەستیارە بە جێبێڵێت..!
   چونکە ئەم قۆناغە سیخناخە لە وزە و توانا و چالاکى، لە پرسیار و لە هەوڵدانى نوێ، کەچى کۆمەڵگە و خێزان پێکەوە ئاستەنگ و بەربەست لە بەردەم گۆڕان و  وەرچەرخانى نوێدا دادەنێن، لە سنوور بەزاندنى گەنج دەترسن، وەڵامى پرسیارەکانى گەنجى ئەودیو سنوور بەزاندنى پێنادرێتەوە، بۆیە بە تووندوتیژى و زەبروزەنگ بەکارهێنان، بە ئازاردانى جەستەیى و دەروونى وەڵامى گەنج (بەتایبەتى کچان) دەدەنەوە…!
  نزمى ئاستى رۆشنبیرى و نەخوێندەوارى زۆرێک لە دایکان هۆکارن لە بەردەم نەناسینى کەسێتى گەنجدا، نەخوێندنەوەى خەون و ئاوات و خواستەکانى گەنج، یەکەم هەنگاوە بۆ پەراوێزکردنى گەنج، گوێنەگرتن لە بیرى نوێ و لە بۆچوونى گەنجى نێو خێزان و درێژبوونەوەى ئەم حاڵەتە بۆ خوێندنگە و دەزگاکانى دیکەى کۆمەڵگە، یاخیبوون و سەرچڵى و نا دەربەستى توێژى گەنجى لێدەکەوێتەوە…!
   خێزانى کورد لە کۆن و ئێستادا، هەڵگرى خەسڵەتى تەقلیدى و لاسایکەرەوەیە، رچەشکێن و سنووربەزێن نییە، ترسى لە هەموو گۆڕانێک و هاتووچۆیەکە لە (هێڵى بەیانیى) ژیان  ترسى هەیە گۆڕان، ترسى هەیە لە کرانەوە، کرانەوەى پەیوەندى نێوان رەگەزەکان، ترسى هەیە لە ئازادیى و لە ئیرادەى ئازاد، ترسى هەیە باڵقبوونى رۆڵەکانى، لە دەنگ گڕبوونى کوڕە هەرزەکارەکانى، لە درێژبوونى باڵاى کچ و کوڕەکانى، لە سنگ بەرزبوونەوەى کچەکانیان، لە دروستبوونى زیبکەى گەنجە رەسیووەکان، چونکە  وەک باوان دەڵێن، هەرزەکارى قۆناغێکى پڕ مەترسیدارە و کەتن و حەیاچوونى بە دواوەیە…. کە گەورەبوون ئیتر بۆم ناشکێنەوە.. خێزانى کوردى، چونکە بە دەزگایى کۆمەڵایەتى  نەکراوە، چونکە خاوەنى فایل و دءسێى سەرپەرشتى نییە لە هیچ وەزارەتێکى حکومیدا، چونکە  باوان هەر خۆیانن و بێ پشت و پەنان و راوێژکار و هاریکارى تەکنۆکرات و پسپۆڕیان نییە لە حکومت و دەوڵەتەوە سەرپەرشتى و چاودێرێکى دڵسۆز بێت کە هیچ نەبێت ئەو ترسە لە هەرزەکاررى و لە گەنجێتى بڕەوێنێتەوە..!
   لە خێزانى کراوەدا، گەنج و باوان هاوڕێ و برادەر و دۆست و ئازیزى یەکترین، پێکەوە بەوپەڕى ئاشتى و خۆشەویستى و تەبایى ژیان دەژین، تەواوکەرى یەکترین، گرفت و کۆسپەکانیان بۆ یەکتر باسدەکەن، دیوى  شاراوە و نهێنییان بۆ یەکترى رووناک دەکەنەوە و لە داتا و جوغز و قوژبنە تاریکەکان ورددەبنەوە، پێکەوە پەیوەندى خۆشەویستى یەکلایەنە و دووتەرەفى بۆ یەکتر دەگێڕنەوە، لە کەش و ئەتمۆسفیرى ئازاددا، بیرى ئازاد و پەروەردەى ئازاد دەخوڵقێ، مرۆڤى ئازادیش ترسى نییە لە گۆڕان، لە گەورەبوونى مناڵەکانى، لە گەنجێتى و چەکەرەبوونى هۆرمۆنى سێکسى و لە چووزەرەکردنى سمێڵى جاحێڵەکان و قیتبوون و بەرزبوونەوەى مەمکى کچە نەشمیلەکانیان…
    بەڵام خێزانى کورد،  پاشینە و بناغەیەکى پتە و ساغڵەمى نییە تا بەرگەى گەورەبوون و زۆربوونى پرسیارەکان بگرێت و ناشتوانى وەڵامى پرسیارە پڕ نهێنى و موجیزەکانى گەنج بداتەوە…!
   خێزانى کورد هەژارە و خولقێنەرى عەقڵییەتێکى ساکار و نەدارە، هەرگیز لە توانایدا نییە گفتوگۆ و ئاخاوتن و دیالۆگ لەگەڵ ئەندامەکانیدا بڕەخسێنێ، ئەوە رۆشنبیر و هۆشیار نییە بتوانێ رۆژى یەک کاتژمێر، مینبەر و سەکۆى ئازاد بۆ لۆژیک و ئەقڵى سادەى خۆى تەرخان بکات… کە هیچ نەبێت یەک کاتژمێرەکە وەکو هاوڕێ و برادەر گوێ بۆ گوزەران و ژیانى ئەمڕۆ و بەرنامەیەکى ساکارى سبەینێ بگرن…..
  خێزانى کورد بەردەوام سەنگەر لێدەدات بۆ شەڕ و جەنگ و جەدەلى توندو پڕى هاوار و قیژە،  لەشکرێک ئامادەن و پڕچەکن بە بیرى سەلەفى و کۆنەخواز، پڕن لە فەرمان بۆ چەپاندن و کەپیتکردنى خەون و خولیا و خواستى گەنجان، خێزانى کورد زیندانێکى بۆ پیادەکردنى چەپاندنى هەموو چەمکە گرنگەکانى ژیان، بۆ نموونە…. چەمکى خۆشەویستى و ئەشق، وێنەى کوڕێکى جوانى ئەکتەر، یان وێنەى کچێکى لاوى گۆرانیبێژ، نووسینى نامەیەک بە شێوازێکى رازاوە و قەشەنگ، قژ داهێنان و خۆڕازاندنەوە لەبەر ئاوێنەیەکى  ماڵدا، ئوتووکردنى کراسێک… پیاسەیەکى سەربان،  وەستانێکى بەردەرگاى کچێکى شەرمنى بێدەنگ، هەڵگرتنى دەفتەرێکى یاداشتنامە لە چەکمەجەى  ژوورێکى ماڵدا…. خەون بینین بە مۆبایلێکى رەنگا و رەنگ کە بلووتووزى هەبێت….. ئەمانە و چەندەهاى چەندەهاى دیکە،  لە لیستى رەشە حەرامکراو و تابووى باواندایە و بە پیرۆز و موقەدەس حسێبیان بۆ دەکرێت… کەواتە  دەتوانین بڵێین:  خێزانى کورد گۆڕانى ئەوتۆى بەسەردا نەهاتووە و هێشتاکە وەکو سەردەمى جاهلیەت، گۆڕستانێکە بۆ گەنج و و بۆ ژیانى نوێ و تێڕوانینى نوێ…. زیندانێکە بۆ وشەى خۆشەویستى و ئەشق کە مرۆڤ تەنها لە گەنجێتى خۆیدا خەونى گەورەى پێوە دەبینێ و بەو هیوایەوە دەژى کە ژیانى بارگاى بکرێت بە خۆشەویستى و ئەشقەوە….!
 
ماویەتى

لەهاوپۆلی: کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ پێگه‌ی گه‌نجی کورد / به‌شی یه‌که‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ پێگه‌ی گه‌نجی کورد / به‌شی سێیه‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional