ئهیلول 18, 2008

لەبەر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا خوێندنەوەیەک بۆ پێگەى گەنجى کورد……. بەشى یەکەم
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
دەستپێک
کۆمەڵگاى کوردى وەکو زۆرێک لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، سونەتى و نێر سالارییە، داخراو و دواکەوتووە، بە جۆرێک ڕەخساوە، کە بەردەوام، وەکو کارگەیەک وایە، کە مرۆڤى نەریتى و غەریزى و تەقلیدى ئافەریدە دەکات، بە واتاى تاکێک بەرهەم دێنێ کە بێ ئیرادە و بێ ئامانج و ترسنۆک و گرنگن و بوودەڵە، لەبەر ئەوەى کۆمەڵگە دابونەریتێکى خێڵەکى - هۆزگەرایى دواکەوتوو دەیبات بەڕێوە، نۆرمێکى کۆمەڵایەتییە و ئاینێک بە گوتارە پەرگیر و توندەکەى خۆى سەپاندووە بەسەریدا، کە بۆنى خوێن و شمشێر و شەڕ و تاڵانکردن و ئەنفال و جیهاد و کوشتنى لێدیت…
لە رووى ئابوورییەوە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندایە، لە زۆر جێگەدا هێشتا راشکاوى باوە، قاچاغچێتى و بازرگانى لە شێوە بەراییەکاندایە، لە هەندێک جێگەى دیکەدا کشتوکاڵى بە شێواز و وێنە سەرەتاییەکەى بەربڵاوە، بەڵام پیشەسازى بوونێکى زۆر شەرمنى هەیە و نەبووەتە بناغە بۆ شێوازەکانى بەرهەمهێنان، بۆیە شکاوەتەوە بەسەر واقیعەکەیدا و پەیوەندى بەرهەمهێنانى کشتوکاڵى و جوتیارییانەى خەمڵاندووە!
ئەم قۆناغەش بۆ کۆمەڵگەیەکى رۆژهەڵاتى، دوور و درێژخایەنە و بە ئاسانى ناچێتە قۆناغە پیشەسازى و پەرەسەندنەوە، چونکە هەل و مەرجى سیاسى و جەنگ و شەڕ و کوشتار لەم دەڤەرەدا ساڵانێکى درێژى خایاندووە…
لەو لاشەوە هەرچى فەرمانڕەوایى ئەم کۆمەڵگەیەى ئێمەى کردووە، دیکتاتۆر و خۆسەپێن و شۆڤێنى و زاڵم و دز و درۆزن بوون، گەندەڵ و بوودەڵ بوون، نەیانتوانیوە ئەم کۆمەڵگەیە بە دام و دەزگایى بکەن، بە موئەسەسات کردنى کۆمەڵگە لە خێزانەوە بۆ کۆڵان و بۆ خوێندنگە و بۆ دائیرەکان و بۆ رێکخراو و بۆ سەندیکاکان، کە بە دەزگاى کۆمەڵایەتى ناو دەبرێن، نەیانتوانیوە رۆڵى ئاکتیڤ لەوەدا بگێڕن کە تاکێکى مەدەنى - شارستانى بەرهەمبهێنن، کە سیستماتێکى مرۆڤ لە منداڵییەوە بخاتە سەر هێلێکى میکانیزمى، لەوانەش خوێندن و فێرکردن تا دەگات بە دامەزراندن و خستنەگەڕى پیشەیى لاوانى کۆمەڵگە..!
بۆیە مێژوویەکى درێژە، کۆمەڵگەى کوردى نەیتوانیوە، تاکێکى مەدەنى - شارستانى بەرهەمهێن و ئاکتیڤ دروستبکات، چ جاى لاوان و گەنجانێک کە رەنگە رێژەیەکى بەرز لە توێژ و چینەکانى ئەم کۆمەڵگەیەمان پێکبێنن، خوێندنەوەى گەنجى کوردى ئەمڕۆ و دۆزینەوەى پێگە و رۆڵیان لە لایەکەوە ئاسان نییە و پێویستى بە دواداچوونى مەیدانى و ئامار و داتاى زانستى هەیە، لە لایەکى دیکەوە بڕیارێکى بوێر و ئازاى دەوێت و پێنان بە جەرگدا و گوتنى راستیەکان و راستییە تاڵەکەى گەرەکە، چونکە بە داخەوە گەنجى کوردى هاوچەرخ، رۆڵ و پێگەى زۆر شەرمن و لاواز و بێهێزە، دەستەمۆ و کۆیلەى توێژى پیر و کۆمەڵگەکەیەتى، گەنجى کوردى مۆدێرن لە نێو قەیران و تەنگەژەدا دەناڵێنێ، گەنج دووجار دەچەوسێتەوە، جارێک لە لایەن کۆمەڵگەى نێرسالارییەوە، جارێکى تریش لە لایەن دەسەڵاتەوە، بۆ چوونە قووڵایى و ژێر پێستەوە، بۆ شرۆڤەکردن و یەکاڵاکردنەوەى بونیاد و پێکهاتەى گەنج، وەک تاکێکى بەهێز و وزەبەخش و گرنگ لە کایەکانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگیدا، پێویستە تێڕوانینى سۆسیۆلۆژیانەى بۆ بکرێت.
گەنج و پەروەردەکردنى خێزانى
کۆڵەکەى گرنگى هەر کۆمەڵگەیەک، بریتییە لە خێزان، کە یەکەیەکى زۆر گرنگ و بنەڕەتى و سەرەکییە بۆ پەروەردەکردن و گۆشکردنى تاکەکانى هەر کۆمەڵگەیەک، هەروەها پەیوەندى کۆمەڵایەتى سەرچاوەکەى لە خێزانەوە سەرهەڵدەدات و پەیوەندیەکى سرۆشتى بێ بەرژوەندى و رەسەنە و لەوێوە پەیوەندییەکانى دیکە کە بە لاوەکى ناودەبرێن لینک و پەیوەستن بە خێزانەوە و بەرەو کۆمەڵگا تەشەنە دەکەن.
بەڵام بابزانین خێزان لە کۆمەڵگەیەکى سوننەتى باوکسالاریدا چ رۆڵێک لە پەروەردەکردنى کۆمەڵاتیدا دەگێڕێت و یەکەمین وانەى خۆى بۆ منداڵەکانى چۆن دەڵێتەوە؟
لە راسیتدا، کۆمەڵناسى هەمیشە رێژەیەکى دیاریکرا بۆ هەر دیاردەیەک دەستنیشان دەکات و پاشان گشتگیرى دەکات بەسەر زۆرینەدا، زۆرینەى خێزانى کوردستانیش هەژار و نەخوێندەوار و ئاست نزمن لە بوارى رۆشنبیردا، بۆیە پەروەدەکەشى ئەکادیمى و زانستى و مەدەنى و کراوە نابێت، زۆر تەقلیدى و باو دەبێت، پشت دەبەستێ بە کەلتوورى بەربڵاو باوى کۆمەڵگەى کە کلتوورێکى نێرسالارى - سوننەتییە و لەگەڵ گووتارى ئاینى سەردەستدا ئاوێتەى دەکات و دەیکاتە بەرنامەیەکى نەنووسراوى کلاسیکى و زۆرینە ئەو فەرهەنگە دواکەوتووە لە پەروەردەکردنى مناڵەکانیاندا پیادەدەکەن و بە نۆرم و داب و نەریتێکى زۆر موقەدەس و پیرۆز حسێبى بۆدەکەن، بەڵام ئەم پەروەدە کلتوورییە چەندان خاڵى بێهێز و لاوازى تێدایە کەدواجار ئاستەنگ گرفت و ئاڕاستەى زۆر ئاڵۆز و دژوارى لێدەکەوێتەوە، کە چارەسەرکردنى کێشە و سەریەشە و ماندووبوونى بە دواوە دەبێت، کۆمەڵگە باجەکانى دەدات و رەنگە تاکەکانیش ببنە قوربانى بۆی!
پەروەردەى کلتوورى - خێزانى کورد نێرسالارییە، بەو مانایەى کە یەکەمین وانەى بریتییە لە جیاوازى رەگەزى (جێندەرى) لە نێو نێر و مێدا، لە نێوان گەورە و بچووکدا، لە نێو سپى و ئەسمەردا، لە نێوان درێژ و کورتدا، لە نێوان زیرەک و تەمەڵدا، لە نێوان ساغ و کەمئەندامدا، لە نێوان ئەرک و فەرماندا بەرامبەر بە ماف…. ئەگەر خێزانى کوردى مۆدێرن، یەکەمین وانەى پەروەردەکردنى بڵاوکردنەوە و ریکلام بێت بۆ جیاوازى و جیاکارى و نایەکسانى نێو مرۆڤەکانى، ئەوا یەکەمین بەردەى بناغەى ئەم خێزانە فشەڵ و لەق و بزۆکە، بە دواى خۆیدا نادادوەرى کۆمەڵایەتى و ناتەبایى و ناهاوسەنگیى بەرهەم دێنێ، پەیوەندى نێوان ئەندامەکانى خێزان بە رێژە و رادەیەکى زۆر لە یەکتر دەچن و دەڵێى بە (سکانەر) سکان کراون و بە رادەیەکى ئەوتۆ پەیوەندییەکى داخراوە و توندو و رەقە، لە پەیوەندى سەربازى و پۆلیسى دەچێت، پەیوەندى نێوان باوان و گەنجان، پڕە لە فەرمان و ئەرک و بەجێهێنان و ئامۆژگارى و رێنوومایى سەربازیانە، پەیوەندى نێوان ژن و مێرد، برا و خشک، باوک و کوڕ، دایک و کچ …تاد پەیوەندیەکى خێڵەکى داخراوە، مێ لە ژێر رگێف و کۆنتڕۆڵى دژوارى نێردایە، کچانى گەنج هەرزوو لە خێزاندا دووچارى کۆیلەیەتى و چەوساندنەوە و چەپاندن و کەبتى دەروونى و کۆمەڵایەتى دەبنەوە، هەموو شتێک ناشایستە و قەدەغە و حەرامکراوە، شەرمنى و بێئیرادەیى وبێ متمانەیى ئەو خەسڵتەتانەن کە لە نێو کەسێتى گەنجى کوردا موتوربەکراون و هێدى هێدى چەکەرەدەکات لە ژیانى رۆژانە و رەفتار و نواندنیاندا……
ماویەتى
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« لهبهر ڕۆشنایی سایکۆلۆژیادا ،ئایا داهێنهر شێته یان بلیمهت ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | لهبهر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / خوێندنهوهیهک بۆ پێگهی گهنجی کورد / بهشی دووهم »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
