ئهیلول 10, 2008
لەبەر رۆشنایی سایکۆلۆژیادا ئایا داهێنەر شێتە یان بلیمەت !؟
توێژەری کۆمەڵایەتی : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
بەشی یەکەم
بابەتی داهێنان -Creation لە بوارەکانی ژیاندا بە گشتی و لە بواری زانست و وێـژە و هونەردا بە تایبەتی مێشکی زۆربەی خەلـَکی و زانایان و تۆژەرەوەی وروژاندووە و بۆتە وێردی سەر زمانیان و مشتومڕی خستۆتە نێـوان نووسەران و زانایان و ڕەخنەگرانەوە و ، هەزارەها پرسیاری ئاڵـۆز و سەیر و سەمەرەی لەم بوارەدا بۆجێهێشتووین .. بۆ وێنە : ئایا بۆچی پـۆشکین لە شیعر دا داهێنەرە و برێشتی ئەڵـمانی لە بواری شانۆدا بلیمەتە ..؟ چۆن هەریەک لە بتهۆڤـن - لە مۆسیقادا و پیکاسۆ - لە وێنەکێشان و هونەر بە گشتیدا ئافەریدە و داهێـنانی خۆیان نیشانی سەرتاپای جیهان بدەن ودونیاش بە ئافەریدەکارییەکانیان سەرسام بکەن ..؟؟
ئەگەر داهێنان تەنها بواریـــَک لە بوارەکانی ژیان بگرێــتەخۆ ، ئەی دەبێت لەگەڵ کەسانێکی وەکو - داڤینشی- دا چی بووترێت کە لە وێنەکێشان و مۆسیقا و کیمیازانی و نووژداری و پەیکەرتاشی و لە هەمان کاتیشدا لە ئەندازیاریی :کۆشک وتەلار و نەخشەکێشانی شەڕ و جەنــگدا بێهاوتا بووە …!!؟ یاخود هونەرمەندێکی وەک : شارلی شاپلن کە لە بواری نووسین و نواندن و دەرهێنان و مۆسیقادا بلیمەتی خۆی بۆ دونیا سەلماند ..!
لێرەدا پرسیار هەر بەردەوامە و بە جۆرێکی دیکە دێتەپێشێ و خۆی ئاوەها دەردەبڕێت : ئەگەر جارێکی دیکە و بەڕێـکەوت و ئەگەر هەڵسوڕا ئایا دەشێت مۆزارت لە جیاتی مووزیک (مۆسیقا )لە مەیدانی هۆنراوە و قەسیدەئەفراندندا داهێنەر و بلیمەت بێت .؟ دەشێت شەکسپیر لەبری شانۆ ، لە وێنەکێشان و تابلۆ نەخشاندندا بلیمەت بێت .. دەکرێت - جواد سەلیمی لای خۆمان داهێـنان لە فیلم و بواری سینەمادا بەرپــا بکا لە جیاتی بوارەکەی خۆی کە پەیکەرتاشین بوو ..؟ یان تۆ بڵێی ئەمجارەیان ( یەڵـماز گـۆنا) ی هەمیشە نەمر پاش ئەوەی حوکمی سەد ساڵ نەفیکردنەکەی لە دوورگە تاریک و تەریکەکەیدا بەسەر دەبا ، لە بوارێکی دیکەی زانست و هونەردا ئەسپەشێکەی لە دەشتی کاکی بە کاکی داهێناندا تاو بدات ..!؟ دەشێت - نالی - یە مەزنەکەی کورد
لە جیاتی هۆنراوە بەرزەکانی ،ڕۆمان یان سەمفۆنیای مەزنمان پێـببەخشێت..!؟
تۆ بڵێیت - هێـگڵ - مەبەستی پێـکا بێت کە وتوویە “ هەرگیز جارێکی دیکە هۆمیرۆس و سۆفۆکلیس و دانتی و شەکسپیر دەرناکەونەوە “ ..داهێنان ، کە بەرزترین پـلەی هوشیاری و بیرکردنەوەی ئادەمیزادە و مەزنترین دیاری و بەرهەمی بەرەنجامی ئەزموون و کۆششی پراکتیکی هونەرمەند و ئەدیب و زانا بێت .. ئایا < داهێنەر -Creative > کەسێکی نەخۆش و نەرجسی و بەدەن لاواز و دێوانە و شێتۆکەیە هەروەکو چۆن هەریەک لە زانایان : لۆمبرۆزۆ و شۆپنهاوەر و فرۆید و یۆنگ هەریەکەیان جەختیان لەسەر دەکرد .. پاشان بۆ پڕکردنەوەی گرێی : < هەست بەکەمیکردن و کێماسیکردن - Inferiority Complex > پەنا دەبەنە بەر داهێنان ؟
ئەو زانایانە بۆ داکۆکیکردن لە بیروڕاکەیان ، هەریەک لە ڤان خۆخ و پروست و دۆستایەفیسکی و گـۆیا و لۆرد بایرۆن و جۆرج ساند وساد دەکەن بە پاساو و بە نموونە و هەوێنی تۆژینەوەکەیان ..!
دەشێت هونەرمەند و زانای داهێنەر دیاردەیەکی دەگمەن بێت و داهێنانەکەشیان هیچ یاسا و ڕێـسایەک نەیگرێتە خۆ ، هەروەک - هێنری برگسۆن / H. Bergson - دەڵێت ، یاخود شاعیر بێ ئەقڵ و هۆش بێت و کارە هونەریەکانیان لە ئاسمانەوە بێتە خوارێ وەک هەریەک لە ( ئەفلاتۆن - Plato و هۆمیرۆس و ئیمانۆیل کانت - Kant ) بە ڕاشکاوی ڕایانگــەیاند ..!؟
زانست ئەرکی وەڵامدانەوەی زۆربەی ئەو پرسیارە سادە و ئاڵـۆزانەی خستۆتە سەر شانی خۆی ، بە مەبەستی شیکردنەوەو تاووتوێکردنی کەسایەتی داهێنەر .. لەوەدا کە ئایا داهێنەر کەسێکی ئاساییە یاخود کەسێکی شێتە یان بلیمەت ..!؟ چەندەها تیۆری زانستی داڕێــژراوە لە بۆتەی سایکۆلۆژیا و فسیۆلۆژیادا لەم بارەیەوە …. هەرچەندە لە ئاکامی جەنجاڵـی و مشتومڕی بەردەوامی نێوان زانایان و دابەشبوونیان بەسەر چەند قوتابخانەیەکی دژبەیەکدا لێرەو لەوێ ، وەختەبڵێم : وەڵامی ڕاستەقینەی پرسیارە سەرەکییەکە سەرەونگـووندەکەن !هەگبەی ئەو پرسیارەش هێندەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگــرتووە و هەروا بە سانایی وەڵامدانەوەی مەحاڵـە ، بۆیە چاکترین ڕێگەچارە سەبارەت بەو دیاردە ئاڵـــۆزە ئەوەیە کە لایەکی مێژوویی لە گرنگــترین تاقیکردنەوە زانستییەکان بکەینەوەو بیانخەینە بەرچاو ، بەڵـکو بتوانین وەڵامێکی لۆژیکی و مەنتیقیان لێ دروێنەبکەین .
سەرەتا تۆژینەوە کلاسیکییەکان : لەم بوارەدا یەکەم هەنگاو لەم بارەیەوە دەگەڕێــتەوە بۆ زانای ئینگــلیزی / گالتۆن - Galton(1822- 1914) / کە ئامۆزای زانای مەزنی بایۆلۆژیا چارلز داروینە، لە بۆتەی تاقیکردنەوەی بایۆلۆژییەوە و لە کتێبەکەیدا / بلیمەتی بۆماوەیی Hereditary –Genius-1864 /هەولیداوە پەیوەندی نێوان داهێنان و ڕەمەکی – غریزە- ی
زیرەکی بەمشێَوەیە کۆکبکات : ئافەریدەکاریی و کاری خەلقکردن هێزێکی ژیریی لەبن نەهاتووەو ڕەمەکێکی بۆماوەییە و زیرەکی لە نێوان بنەماڵەی بلیمەتەکاندا حەشاردراوە و لە ڕێگەی یاسای ئەندامییەوە کرۆمۆسۆمەکان بەو کارە هەڵــدەستن و نەوە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە ..لە جێیەکی دیکەی کتێبەکەیدا دەڵێت : مرۆڤی بلیمەت خاوەنی بەهرە و زیرەکیەکی ناسروشتی وئاڵـــۆزە کە ئەوەش بۆ پێــکهاتووەکانی دەماغ و مێشکی دەگەڕێـــتەوە و بە ڕێکەوت لە ڕێگەی یاسای لادانەوە- انحراف- ( کە یاسایەکی بایۆلۆژییە ) دەچەسپێت . هەروەها لە پوختەی بیروڕاکانیدا دەڵێت : پێشکەوتن و پەرەسەندنی زۆربەی زۆری ژیارییەکان پابەندە بە زیرەکی و بلیمەتی کەسانی نێو ئەو شارستانییەتەوە کە لە ڕێگەی بۆماوەییەوە بەسەریاندا دابەشدەبێت . بیروڕاکانی ئەم زانایە گەلێک دەروێش و موریدی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە پەرەیان بە زاراوە و ووتەزاو ناواخنی تیۆرییەکەی گالتۆن- داوە ، لەوانە ” سپێرمان و ئــۆرانس و فرانک بارۆن و سپنسەر “ن .
بۆچوونی بایۆلۆژی گالتۆن و لایەنگران و هەوادارانی لە گەلێک لایەنەوە کێماسی (کەموکوڕیی) و نوشووستی گرتۆتەخۆو تاوانی ڕەگەزپەرستی دراوەتە پاڵ .. هەروەها بەبەڵگــەو تاقیکردنەوەی مێژوویی پێچەوانەی ئەو ڕایەیان سەلماندووە کە : کۆئەندامی دەمار و مۆخی مرۆڤـ چوونیەکن ئەگەر نەشتەرکاری مۆخی بتهۆڤــن و شەکسپیر و کابرایەکی شوان بگریت ، هیچ جۆرە جیاوازییەک لە نێوانیاندا بەدیناکرێت و تەنانەت جیاوازی قەوارەی کەللەسەری نێوان زانایانیش مانای جیاوازی توانا و ئاستی بیرکردنەوە و خەمڵاندنیان ناگـەیەنێت … بۆ وێنە: قەوارەی کاسەسەری تۆرگنێف و بایرۆن – وەکیەک (2000 سم3 ) بوون ، کەئەوەش نیوەی قەوارەی کاسەسەری هەریەک لە / کانت – ی فەیلەسووف و ئەناتۆل فرانس – ی نووسەرە کە گرنگی و بایەخی بەرهەمەکانیان لەوانەی پێشوویان هەرگیز کەمترنەبووە….!
هەروەها ئەگەر زیرەکی و دیاردەی بلیمەتی لەژێر کاریگەری بایۆلۆژیاوە و لە ڕێگەی کرۆمۆسۆمەوە ، خەسڵــەتەکانی مرۆڤــ بگـوێزێتەوە ، ئەی بۆچی خێزان و بنەماڵـــەی هەریەک لە ئانیشتاین و دانتی و بەلزاک و شەکسپیر و ….هتد. بلیمەتێکی دیکەی وەک خۆیانی جارێکی تر نەخوولقاندۆتەوە ..!؟ ئەمەش وەڵامی پرسیارێکە و ئاراستەی هەوادارانی یاسای بۆماوەیی ئەکرێتەوە.
لایەنگرانی تیۆرییەکەی گاڵتۆن لە بژارکردنی بیروڕاکانیاندا سەبارەت بە دیاردەی بلیمەتیی باوەڕیان بە هۆکارو فاکتەری پەیداکردن لە دەوروبەرەوە - اکتساب من البیئە - هەیە ، لە پاڵ فاکتەری بۆماوەییدا کە لە ڕێگــەی دامودەزگـاکانی فێربوون و خوێندنەوە دەستەبەردەبن .
لەم بارەیەوە ( د.نوری جەعفەر ) ئەڵـێت : دیاردەی توانستی بلیمەت ناگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی بۆماوەیی و دامودەزگاکانی فێربوون و خوێندن هەرگیز لە توانایاندا نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان هونەرمەندێکی داهێنەر یان زانایەکی بەخشندە یان فیلمسازێکی بەهرەمەند ئافەریدە بکەن و دروستبکەن ..! ( د. نوری جعفر : الاێالە فى مجال العلم و الفن / بغداد 1979 ) .
خۆ ئەگەر کاریگەری و هۆکاری سەرەکی ئەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی بایۆلۆژی مێشک و دەماخی کەسی بلیمەت ئەوا دەبوایە داهێنەران لەسەروەختی مناڵی و خوێندنیشیاندا سەرکەوتوویی و پەرجوو (موعجیزە)ی خۆیان بنواندایە ، بەڵام بە پێچەوانەوە گەلێکیان شکستیان هێناوە ..هەر بۆ وێنە هەریەکە لە پاستۆر و نیوتن و ئەدیسۆن و جێمس وات و پاسکال و داروین و ئاینیشتاین و پاڤلۆف و بۆنکاریێ وتۆڵستۆی و بالزاک و ئێمیل زۆلا وتەها حوسێن ، مامۆستا و خوێنکارە هاوەڵەکانیان بە گەمژە و هێڕ و دەبەنگ ناویان بردوون و زۆربەیان وازیان لە خوێندن هێناوە و سەرکەوتنیان وەدەست نەهێناوە ،بەلچکو هەندێکیان لە کاتی تاقیکردنەوە و وەرگرتنی بڕوانامەدا و لە بابەتە تایبەتەکەی خۆیاندا دەرنەچوون ..
( یوسف میخائیل : العبقریە والجنون /القاهرە .بدون تاریخ ) .
ماویەتى
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« متمانه بهخۆبوون | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | لهبهر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / خوێندنهوهیهک بۆ پێگهی گهنجی کورد / بهشی یهکهم »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
