ئاب 17, 2008
![]()
خوێندنەوەیەکى سۆسیۆلۆژییانە بۆ
پێگەى منداڵان لە کوردستانى دواى ڕاپەڕیندا
توێژهری کۆمهڵایهتی
حهمهی ئهحمهد ڕهسوڵ
کۆمەڵناسێکى رۆژاوایی وتوویە : لە هەر کۆمەڵگایەکدا منداڵ ئاسوودە و بەختەوەر بوون ئەوجا دەتوانین بڵێین : ئەو جڤات و کۆمەڵگایە ئاسوودەو بەختەوەرە !
( 1 ) ڕەوشی مناڵ
پسپۆڕان بۆ خوێندنەوەى هەر کۆمەڵگایەک لە دونیادا پێویستییان بە ڕووپێو و ئامارى زۆر ورد هەیە سەبارەت بە ڕەوشی ژیان و گوزەرانى ژنان و منداڵانى ئەو کۆمەڵگایە ، تاقە پێوەر بۆ زانینى ڕادە و ئاستى پێشکەوتن و گەشەسەندنى هەر کۆمەڵگایەک بێ قەید و مەرجێکى ئەوتۆ ، پێشکەوتن و پەرەسەندنى گوزەران و ڕەوش و ئاستى ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى ژن و منداڵە ..گوزەرانى ژینى ژنان هاوسەنگە لەگەڵ گوزەرانى ژینی منداڵان چەوساندنەوەى ژن بە واتاى چەوساندنەوەى منداڵیش دێت .. توندوتیژى بەرانبەر ژنان دەستبەجێ و یەکسەر توندوتیژى و تۆقاندن و لێدانى منداڵانیش دەگرێتەوە !! بۆیە ئێمەش پێویستە بزانین ڕەوشی ژیانى منداڵ لە قۆناغى دواى ڕاپەڕیندا لە چ ئاستێکدایە !؟
کۆمەڵناسیی مەزنى فەرەنسی، جاستۆن بۆتۆڵ لەمبارەیەوە قسەکەى ئێمە پشتڕاستدەکاتەوە کە وتوویەتى: ( لە هەر کۆمەڵگایەکدا منداڵ ئاسوودە و بەختەوەر بوون ئەوجا دەتوانین بڵێین : ئەو جڤات و کۆمەڵگایە ئاسوودەو بەختەوەرە ! ) ……هیچ گومان و دڕدۆنگییەکى ئەوتۆى تێدا نییە ئەگەر بە ڕاشکاوى بڵێیـــــــــــــن : لە کۆمەڵگاى هەشبەسەرى کوردى لەهەر چوار پارچەکەیدا و سەدان ساڵە نە مناڵى، نە لاوى نە کچى نە ژنى نە پیرى خێریان نەدیووە وئاسوودە وبەختەوەر نین، بەبێ جیاوازى و بەوپەڕى یەکسانییەوە هەموو چین وتوێژێکى کۆمەڵگاى کوردیمان چەوساونەتەوە زەلیل وهەناسە سارد و هەتیوون.
لەبەر ئەوەى لە هەموو ڕوویەکەوە مرۆڤى کورد لە ژێر سیاسەتێکى تۆتالیتارى و دیکتاتۆرى و شڕەخۆریدا ژیانى نەمرى و نەژى بردۆتە سەر …. سەدجار مەخابن تاک و مرۆڤى کورد وەکو ڕەوەندو کۆچبەر و قەرەج ژیانى نائومێدى ژیاوە، دەرامەت کەم وهەژار بووە، ژمارەى ئەندامەکانى خێزانەکان زۆرو بۆرن، بەرنامە وسنووردانانیان نەبووە و فێر نەکراون سنوور بۆ مناڵ بوون دابنێن لەگەڵ ئەوەشدا و ئێستاشى لەگەڵدا بێت، هیچ بیمەو داهاتێک و دابینکردنێکى کۆمەڵایەتى وتەندروستى بۆ باوان و ڕۆڵەکانیان دابین نەکراوە لە کاتێکدا وڵات لەسەر ئۆقیانوسێک نەوت وسامان و داهات وەستاوە..!
بەڵام سیستەمى حوکمڕانى ڕژێمى سیاسى لەم وڵاتە خێر نەدیوەدا ، هەمیشە لە چنگى زاڵم و بێویژدان وئەفسەر وشەقاوە و بەد ڕەوشتدا بووە،کە هەرگیز وڵاتیان بە حوکمى لۆژیک ویاسا وقەزایەکى دادپەروەر ویەکسان وسەروەر نەبردووە بەڕێوە، هەمیشە بیریان لە دزین و لف لێدانى خێر وبێرى زۆر و زەوەندى ئەم وڵاتە هەتیووە کردۆتەوە، خۆیان و حیزبەکەیان وخزم ودۆست و بەکرێگیراوەکانیان وەکو پادشا ژیانى هاى لایف ژیاون وزۆرینەى زۆرى خەڵک ومیللەتیش بەرماوە و قەراغە کولێرە مەمرەو مەژى وبە کوولەمەرگى ژیاون هەرکەسێ گروپێ یان توێژێ داخواز بوو بێت وشەى هەق و ڕاست بڵێت پەتى سێدارەیان بۆ کردۆتە خەڵات و ژێر زەوییان کردووە بە نسیبى گەورەو بچووکى کۆمەڵگەى کوردى لە نەهامەتى و بەڕەڵایى و بێسەروبەرەیى و نەدارى زەلیلیدا ژیانى بردۆتە سەر ئاشکراشە کە توێژى منداڵان پشکى شێریان بەرکەوتووە هەمیشە لە نێو تەپووتۆزى هاوین و قووڕو چڵپاوى زستاندا بەرەڵاو هەتیوو چەقاوەسووى نێو کۆڵان و دەم شەقامە پیس و گڵاوەکانى کوردستاندا نغرۆ و ونبوون لەبەر ئەوەش کە بە هیچ جۆرێک سیستەمى پەروەردەى ڕۆژئاواى پێشکەوتوو بەکارنەهاتووە.
ئەو سیستمەى کە لە ئەوروپا پیادە دەکرێ منداڵان ولاوان لە سبەینێوە تا ئێوارە لە قوتابخانە وخوێندنگەکاندا ژیان بەسەر ئەبەن لە نێوان پۆل وتاقیگە وگۆڕەپان وهۆڵى گەورەى یارى وگەمە ڕەنگاوڕەنگەکانیاندا، بەختەوەر وسوودمەندن، ئیدى کاتێکى زۆر و مەودایەکى گەورە لەبەردەم منداڵان نامێنێتەوە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ کۆڵان وشەقامەکان و تووشى بەرەلایى وخوێڕێتى ولادان وکەتنکردن ببن کە زانیارى و زانینە سەرەتاى و بێ میتۆدەکانى قوتابخانەشیان بیر ئەچێتەوە، پیس وچڵکن ئەبن وجنێو فرۆش و چەقۆ وەشێن دەرئەچن، هەروەها ئەوەشمان بیر نەچێتەوە لەبەر ئەوەى خێزانى کورد منداڵێکى زۆر ئەخەنەوە بارى ئابووریان خراپە وهەژارن و جێگەى ژینگەیان خراپە و کرێچین و جێگەى منداڵى زۆرى تیانابێتەوە، بۆیە ڕەوانەى کۆڵان وشەقام ئەکرێن لە لایەکى دیکەوە بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیان ڕەوانەى لاى فیتەر وچایچى وبەقاڵ و ئاسنگەریان ئەکەن فڕێیان ئەدەنە بازاڕەوە و ئەبن بە دەستگێڕ و بارهەڵگر، عەلاگەى نایلۆنیان پێ ئەفرۆشن پێڵاوى پیس وتۆزاوى پیاوانى کۆمەڵگە هەتیووەکەیان پاک ئەکەنەوە وبۆیاخ ئەکەن و بۆیان ئەڕازێننەوە.
بەڵام هەزار ئەفسوس کە نە دەوڵەت نە حیزب و نە وەزارەتى کۆمەڵایەتى و نە پیاوانى ئاینى و نەئەوقاف و نەئیسلام و نە شێخ و نە مەلا نە دەوڵەمەند و ملیۆنێرە زۆرو بێشوومارەکانى کوردستانى بچووک وگەورە هیچ هیمەتێکى خێرخوازى واى نەکردووە کە لە بنڕا یان هیچ نەبێت کەمترکردنەوەى ئەو دیاردە زۆر قێزەون و زۆر ناشرینە لەناوبەرێت ..!
ئەمڕۆ لە کوردستاندا پارە پەرستى و چاوچنۆکى بۆ پەیداکردنى پارە و دراو بێجگە لە بەرپرس و سیاسەتمەدار و دەوڵەمەند و کۆمپانیادار …..کەچی ڕێژەیەکى زۆر لە خەڵکیش خەریکە و شەو و رۆژ هیممەت و تێکۆشان و خەبات و جیهادیان تەنها و تەنها بۆ پارەو پارەیە ..کەس منداڵى هەژارى بیرنەماوە … کەس بیرى لاى بوونەوەرێکى وەکو هەژار نییە کە زۆرینەى دانیشتوانى کوردستانى ئازاد و زەنگینى داگیرکردووە .!
تۆ بڕوانە هەر لە یۆنانەوە تا دەگەیتە زەریا و ئۆقیانوسەکان ، ئەستەمە منداڵ و لاوێکى کەمتر لە 18 ساڵ ببینیت کە کار بکات یان نەخوێنێ یان بیمەو دەرماڵەى نەبێت ژیان وتەندروستى ئەمڕۆ و ئایندەى دابین و زامن نەکرابێت یارى وگەمەکانى مەیسەر نەبوو بێت جێگەى خولیا و ئارەزووەکانى بۆ دەستەبەر نەکرابێت .! بە پێچەوانەوە هەزاران یانە و یاریگا و باخچە و هۆڵ و گۆڕەپان و مەلەوانگەیان بۆ بنیاتنراوە.
باخچەى گیاندارانى منداڵ و مێردمنداڵ و نەوجوانان لە دونیادا جوانترین و ڕازاوەترین شوێنن بۆ حەسانەوە، بەڵام لەم کۆمەڵگایەى ئێمەدا توێژى منداڵ ومێرد منداڵ ( هەروەها کچان وژنان بە تایبەتى و بە ڕێژەیەکى زۆر بەرز ! ) هەتیووترین و بێنەواترین و بێکەسترین توێژێکن کە مافەکانیان هەرگیز بۆ دەستەبەر نەکراوە و تەنها ئەرکێکى زۆریان بەسەردا ئەسەپێنن و وەکو مێگەل وئاژەڵ ملکەچ و ترسنۆک و لەرزۆک و نەزان و چاوچنۆک و جنێوفرۆش گۆش ئەکرێن، ئاستى زانستى و مەعریفیان زۆر نزمە و خاڵین و بەتاڵن لە خولیاو لە ئارەزوو، مشەخۆر وتەمەڵن نەک بەرهەم هێن وکارا، تاکو ئێستا هیچ بەرنامە وپڕۆگرامێک لە ئارادا نییە کە کۆمەڵگاى مەدەنى و شارستانى دابمەزرێنرێت …!
منداڵانى کورد هیچ بڕیارێکى فەرمى ودەستوریى ومەدەنى ئینسانی نایانگرێتــــــــــــــــــــــــــــــــــەوە.!
ئەو دەزگا و سەنتەر و دامەزراوانەش کە لێرە و لەوێ بۆ منداڵ و لاوان و گەنجان دامەزراون ناگەنە مەبەست و لە ئاست تموح وخواست و پێداویستى و مافەکانیاندا نین، هەرگیز لەگەڵ مافى منداڵانى جیهانیدا هاوتا ویەکسان ناوەستنەوە، پابەندیش نین بە جاڕى گەردوونى جیهانییەوە ..!
مافى ژیانى منداڵان ( هەروەکو ژیانى گەورەکان ) لەنێو خێزان وکۆڵان وشەقام و قوتابخانەکاندا لە کۆمەڵگەدا بە گشتى نەپارێزراوە و دابین نەکراوە، ناتوانرێت بە هیچ سەنتەر و دامەزراوەیەک بوترێت منداڵپارێز ! لەبەر ئەوەى بنەما سەرەکی وگرنگەکانى پاراستنى مافى منداڵانى تیادا مەیسەر نەکراوە ، منداڵانى کورد لە بێنازى و حیرمان و هەتیوى و بەڕەڵایى و بێدەرامەتیدا ژیانى کوولەمەرگى و ڕەشۆکى ئەژى .!
( 2 ) مافی منداڵانى جیهان
منداڵ ، ئەو بونەوەرەو مەخلووقە جوانء ناسکەی کە باوکء دایک بەوپەڕی شەیدایی ء جۆشء خرۆشەوە داخوازی دەکەن وعەوداڵی دروستکردنء پەیداکردنین ، بۆ ئەوەی نەوەی دوای خۆیان ببیننەوەو پەیامء مەشخەڵی دەستی خۆیان بۆ مەبەستی بەردەوامبوونء چوونە پێشی رەوڕەوەی مێژوو بدەنە دەست منداڵی خۆیان ، کە بە نەوەو وەچەی نوێء پیاوی ئایندە لە قەڵەم دەدرێت . .!
بەو رۆژەوەی کۆرپەلە ، بەکۆڵێک ژانء ئازارو گریانەوە ، چاوی بۆ ژیان هەڵدەهێنێ بە مرۆڤء بە کەسێتیەکی سەربەخۆ حسێبی بۆ دەکرێت ، ناوی تایبەتی لێدەنرێت ، ناسنامەو ڕەگەزنامەی تایبەت بەخۆی بۆ دەردێنن ، بەو واتایەی مافی ژیانء زیندەگی پێدەبەخشرێت ، مافەکانی منداڵ ، بەجارنامەی گەردوونی مانیفێست کراونء بانگهێشت کراون ، ئەرکی سەرشانی باوکء دایکانە بەجوانترینء نایابترین شێواز بەخێوو پەروەردەی بکەن ، ژووری تایبەتء جێی تایبەتء خۆراکء پۆشاکی تایبەتی بۆ دابین بکەن ..! خزمەتگوزارییەکانی بواری تەندروستی منداڵ ئەرکی یەکەمینء سەرەکی دەوڵەتە ..!!
پێویستە خێزان ، کە بنکەیەکی کۆمەڵایەتیء یەکەمین خانەی کۆمەڵگایە ، دەبێت ژینگەیەکی سروشتیء ئاسایی تیادا خەمڵابێت ..
کە خۆشگوزەرانیء ئاسوودەیی بۆ ئەندامەکان بەگشتیء بۆ زارۆکەکانی بە تایبەتی تیادا خۆشکرابێت ، هەروەها پاراستنء یارمەتیء هاریکاریء رێنوومایی بەردەوامی ئەم خێزانە بە بەردەوامی ئەرکی حکومەتء دامودەزگاکانیەتی ، بۆ ئەوەی کە خێزان بە ئەرکی بەرپرسیارێتی ئاسایی خۆی هەستێت …!
دەبێت خێزان ، ئەو مافە بەمنداڵ ببەخشێ کە کەشوهەوایەکی پڕ لە خۆشەویستیء شادیء دەرک پێکردنء سۆزو بەزەیی پێشکەشکردنی بۆ فەراهەم بکات .. لەمبارەیەوە پێویستە پەروەردەی خێزانیی - کۆمەڵایەتی میتۆدی زانستیء مۆدێرن بەکاربێنێ بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی ، رەنگ زایەند ، زمان ، ئایین ، نەتەوەییء جڤاکیء سامانء پلەوپایە نەکرێتە پێوەر بۆ پەروەردەکردنء گۆشکردنی منداڵ .
مافی منداڵە ، ژیانێکی سەربەخۆی بۆ دەستەبەر بکرێت ، کە ئازادیء ئاستیء سەروەریء سنگفراوانیء یەکسانیء هاوکاری بە هەموو وردەکاریء بەندەکانییەوە پێشکەش بەمنداڵ بکرێت .. !
منداڵ چونکە لەرووی مێشکء جەستەوە ناکامڵء ناتەواوە ، پێویستی بە پاراستنء چاودێری هەیە ، بۆیە پێویستە یاسای پاراستنء پەرژینی قانوونی بۆ منداڵ بچەسپێنێ … هەروەها ئەرکی باوانء دەوڵەتە کە منداڵان لەشەرو جەنگ بەدوور بگرنء چاودێری تایبەتی بکرێن ..
منداڵ لاوازترینء بێهێزترین ئادەمیزادی کۆمەڵگایە ، بۆیە دەبێت پارێزگاری لێبکرێت ، لەکاتی نەخۆشیشدا ، پاراستنی گیانء جەستەی ، دابینکردنی دەرمانء شوێنی حەواندنەوە ، بیمەی تەندروستی ء هاریکاری منداڵ لەرووی ماددیء مەعنەوەیەوە زۆر گرنگە .. منداڵ دەبێت خەرجی ونەفەقەی تایبەتی خۆی هەبێتء (ئەوەش مافی منداڵە بەپێی جاڕی گەردوونی مافی منداڵء مرۆڤـــــــ ) هەروەها نابێت ، سامانء کاروباری ئابووری منداڵ دووچاری دەستێوەردانی نایاساییء ناشەرعی ببێتەوە ..!
هەموو خێزانێک دەبێت ئەو راستییە بزانێت کە نابێت لێدانء سزادانی جەستەییء ئازاردانء هەرەشە لێکردنء هەراسانکردنی دەروونی وەکو ئامرازێکی پەروەردەکردنء بەخێوکردن بەکاربێنێت ، چونکە دواجار کاریگەری خراپء نێگەتیڤی بەسەر لایەنی دەروونیء کۆمەڵایەتی =کەسایەتیی منداڵەوە جێدێڵێت .. پێویستە منداڵ پێش ئەوەی بوونەوەرێکی بایۆلۆژی بێت ، وەک مروڤێکی مرۆڤایەتی تەماشا بکرێتء رێز لە مرۆڤبوونی بگیرێت ، پێگەو بەهای کۆمەڵایەتی ئەوتۆ ء دیاری بۆ دابین بکرێت ..!
منداڵانی کەمئەندامء هاندیکاپ ونەخۆشء شێت ، پێویستی تایبەتییان بە پاراستنء چاودێرێ هەیە ، باوانء دەوڵەت بەشێوەیەکی دەستووریء یاسایی ئەم حاڵەتانە سیستماتیزە دەکەن .. ! بۆ ئەوەی لە توندوتیژیء بێبەزەییء گاڵتەجاڕی کۆڵانء شەقامەکان بەدووربنء پارێزراوبن ..!
هەروەها دەبێت هەموو خێزانێک ئەوە بزانێت کە مافء هەقی منداڵە کە بخوێنێتء دەرفەتی فێربوونی زمانء زانیاری بۆ بڕەخسێء هەتا وەدەستهێنانی بڕوانامەیەکی دیاریکراو کە بەپێی یاسا ، ئیلزامی کرابێت ، دەبێت حکومەت سەرپەرشتیء چاودێری منداڵان بکەن لەو وەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندندا خێزانەکان ئاگادار بکەنەوە …!
هەر لەمبوارەوە ، حکومەت پێویستە (ماس میدیا) بەگەڕبخات بۆ وشیارکردنەوەی فەرهەنگء زانیاری لای منداڵانء خێزانەکانء لەکایەی فێرکردنء رۆشنبیرکردندا رۆڵی گرنگ بگێڕن ، پێویستە وەزارەتە تایبەتەکان، لیژنەی تایبەت تەرخان بکات بۆ ئەوەی بوارەکانی تەندروستیء وشیاریء زانستیء فراوانکردنی خەیاڵیء ئاکاریء روحی منداڵان (بەپێی میتۆدی زانستیء جیهانی) پەرە پێبدات .. سوود گەیاندن بە فەرهەنگی منداڵانء خستنە بەردەستی کەرەستە سوودبەخشەکانء جیاکردنەوەی لە ماددە زیانبەخشەکان ئەرکی یەکەمی دەوڵەتەو پاشان دەزگا پەروەردەییەکانء دواجار خێزانە ! پاراستنء وشیارکردنەوەو پەڕەپێدانی کەسێتی منداڵ ئەرکی سەرەتاییء سەرەکیء یەکەمین دەوڵەتء خێزانەو مافی سەرەتایی منداڵە !
هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە لەکاتی جیابوونەوەو تەڵاق یان مردندا ، دەبێت بەپێی چاودێری یاساییء لە بەرژەوەندی مناڵدا بریار هەموار بکرێتەوە ، دەبێت منداڵ لەو نێوانەدا پەیوەندی بە باوک یان بەدایکەوە نەپچرێتء بێبەشء مەحروم نەکرێ ، بێنەواو بێلانە نەکرێ .!
لەکاتی فراندنء هەرشە لێکردنی بە کوشتن ، پێویستە بەشێوازێکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەیدا بکرێت ، هەوڵء ئامانجی سەرەکی لە پێناوی سەلامەتی منداڵەکەدابێتء ئەمەش جاری گەردوونی مافی منداڵان چەسپاندوویەتی ..! هەروەها لەکاتی هەبوونی باوەپیارەیان باوەژندا دەبێت پاراستنی رۆحء گیانی منداڵ بخرێتە ژێر چاودێری دەوڵەتء یاساوە ، دەبێت لیژنەی تایبەت بە بەردەوامی هامووشۆی ئەو خێزانانە بکەن … !
گرنگە خێزان بتوانێ ئازادی بیرکردنەوەو دەربرٍِینء ئاخاوتنء گەمەو یاری مافێکی ڕەوای منداڵان بن ، چەپاندنء کەبت بەسەر هزرو رەفتاری منداڵەوە پیادەنەکرێت ، دەبێت تەنانەت ئازادی پەیڕەوکردنی ئایینء بیروباوەڕ لەمنداڵاندا سەربەست بکرێت ، کە بتوانرێت شیرازەو ئاسایشء تەندروستی گشتیء نەریتی میللیء مافء ئازادی کەسانی دیکەش بپارێزرێت .. !
زۆر گرنگە ، ئەوەش باسبکەین ، کە خێزان پێویستە بەرنامەی سنووردانان بۆ منداڵبوون (تحدید النسل) هەڵبژێرێت ، چونکە مناڵ زۆر خستنەوە ، مافی منداڵ پێشێل دەکات ، هەقی خواردنء خەوتنء یاریکردنء خوێندن لە منداڵی یەکەم دەسەنێتەوە ، کە خێزانی کورد منداڵی زۆر خستنەوە ، زۆر بەخراپیء بەکەموکوڕیء بە توندوتیژیء بەلاوەکیء بەکەمتەرخەمییەوە پەروەردەیان دەکات … مافیان پێشێل دەکات ، هەقیان دەخوات ..! هەموو ئەو بڕگانەی باسم لێوە کرد ، مافی رەوای منداڵانن ، کە بەداخەوە لە کوردستاندا زۆر بە کەمیء بەدەگمەنی پێڕەو کراوەو مافی منداڵی کورد نەپارێزراوە !! زۆرێک لە خێزانی کورد ، منداڵیان فڕێ دەدەنە کۆڵانء شەقامە بێبەزەییەکانەوە .. منداڵیان لە خوێندن بێبەش دەکەن ، منداڵیان بۆ کاسبیء ئیشکردنء دەستگێڕیء شت فرۆشتن فڕێ دەدەنە سەرجادەو شەقامەکان ..! گۆشەی داهاتوو ، باسی هاوینء منداڵی ئیشکەر دەکەم …!!
( 3 ) دۆزى منداڵى ئیشکەر
ئەوەى لەم نیشتمانەدا ، کوێریش بێ ، هەست دەکات کەرێژەى زیادى منداڵانى سەرشەقامء نێو کۆڵانەکان ، کەهاوار دەکەنء دەپاڕێنەوە ئایس کرێمء عەلاگەء مریشکى زیندوو دەفرۆشن ، سیدىء پاکەتء جگەرەء چەرەس لەئۆتێلء مەیخانەء بەنزینخانەء لاى ترافێک لایتەکان دەفرۆشن ، هەندێکیان سەتڵء ئیسفەنجێکى بەدەستەوەیەء جامى ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکانى خواپێداوى ئەم کوردستانە زەنگینە پاکدەکاتەوە ، هەندێکى تریان پێڵاوە خۆڵاوییەکانمان بۆ پاک دەکەنەوەء بەبۆیاخ وارنیشی دەکەنء دەیبریسکێنێتەوە …
بەڵام دەبێت کێ مافء ژیانء تەندروستىء خەونى ئەم منداڵانە ببریسکێنێتەوە ؟!
ئاشکرایە ، ساڵانێکە رێژەى ئەم منداڵە ئیشکەرانە روو لەزیادبووندان ، دیارە سەرچاوەى هۆکارى هەرەسەرەکى ئەم دیاردە دزێوەش دەگەڕێتەوە بۆ چوونە سەرەوەى رێژەى هەژارىء بێکارى لەکوردستانى ئازاددا ، ساڵانێَکە بەهۆى نادادوەرى کۆمەڵایەتى لەدابەشکردنى سامانى نەتەوەیی کوردستانداء هەڵاوسانى ئابوورىء گرانیی نرخى بازاڕء چارەسەرنەکردنى لەلایەن حکومەتێکى کەمتەرخەمء خەمساردەوە ، هەروەها نەمانى چینى ناوەرٍِاستء گۆڕانى زۆرینەى خەڵک بۆ هەژارء کەمدەرامەتء کرێچی ، هەروەها زۆرتربوونى مەوداء کەلێنى نێوان چینە سەرەکییەکان لەکوردستاندا (( بەتایبەتى لەدواى پرۆسەى ئازادکردنى عێراقەوە لە (2003)دا)) کەواتە زۆر ئاسایی دەبێت بەلاى خێزانێکى هەژارء کەمدەرامەتەوە کە بۆ هاریکارى باوانء بژێوپەیداکردن منداڵە زۆرەکانى رەوانەى سەر شەقامەکان بکاتء کار بەیەک بەیەکەیان بکات …!
کارکردن بە منداڵانء مێرد مناڵان هەتاتەمەن هەژدە ساڵى یان تا بەدەستهێنانى بڕوانامەى سێی ناوەندى یاساخء قەدەغە کراوە بە پێی رێساو دەستورى عێراقی سەردەمى حوکمڕانى فاشستء دیکتاتۆرەکەش ، کەچی رێژەیەکى زۆر کەدەگاتە نزیکەى پازدە هەزار منداڵى کوردستان لەسەرماء لەگەرماى تاقەت پڕوکێنى ئەم نیشتمانەدا خەریکى کارى قورسء دژوارن … ئەم توێژە بێگوناهء پاکە سەرەڕاى ئەوەى لەجیهاندا لە ئیشکردن بێبەرى کراون ، بەڵام پێداویستىء لەسەرێکى ترەوە سەرپەرشتى کردنى خێزانەکانیان لەلایەن بەشێکى زۆر لەم مناڵانەوە ، ئەوانى ناچارکردووە کە دەستبدەنە سەختترینء ناشایستەء ناجۆرترین چەشنى کارێک کەبۆ جەستەى جوانء ئێسکى نەرمى ئەوان زۆر بێویژدانییە …!
جێی داخء مەخابنە ، لەکۆمەڵگاى کوردیدا کولتوورێک سەردەستە کەبەرهەمى سیستمى باوکسالارییەء فەرماندەکات خێزان ژمارەى منداڵەکانى بگەیەنێتە دەرزەنێک ، باوان داخوازن زۆرینەء بگرە هەموو منداڵەکان کوڕبن ، بۆئەوەى ببنە پاڵپشتء هاریکار لەگەڵ باوکدا ، بەهەناسەساردى ، پارووى گەرم بۆ خێزانەکەیان بێننەوە …
لەوەدا خێزانى کورد دوو هەڵەى گەورە دەکاتء دەیگەیەنێتە ئاستى کوفر کردن ، یەکەمیان خستنەوەى زۆرى منداڵء بەرنامەى سنووردانەنان بۆ منداڵ خستنەوە ، دووەمیان منداڵ خستنەبەر دژوارى کارکردنء پارە پەیداکردنء ناردنیان بۆ بازاڕێک کەلەم رۆژگارەدا قەترەیەک ویژدانء بەزەییء سۆزى تیادا نەماوەء دوکاندا ، ئەم منداڵانە بەوپەڕى نامرۆڤانەء بێڕەحمانەوە ، دەچەءسێنێتەوە ، چونکە ئەوان ئەم حاڵەتە دەقۆزنەوەء بەکرێیەکى کەم کارى قورسی پیاوێکى گەورەیان پێدەکەن …! شایانى وتنە ، کۆمەڵگاى کوردى هاوچەرخ بەئاریشەگەلء قەیرانء تەنگژەى مەزندا تێدەپەڕێت ، هەموو کونء قوژبنێکى سیخناخە لە گەندەڵى ، لەگیروگرفت ، لەکێشە ، لەقەیران ، لەوێرانکارى … دیارە ئەوجێگەیەى کە پشکى شێرى بەرکەوتووە ، بازاڕە ، بازاڕى کوردستانى ئازاد لەگەڵ ئەوەشدا کەبێسەرء بەرەیەء بێبەزەییە دوورە لەیاساء سزادانء لێپێچینەوە ، مەترسیدارء خەتەرناکیشە بۆ کەسانى گەورە ، چ جاى بۆ منداڵان …! شەقامء بازاڕ تەڵەء هەڵدێرێکى گەورەیە بۆ منداڵى ئیشکەر ، باندەکانى دزىء کڕینء فرۆشتنى جگەرەء تریاکء مادە هۆشبەرەکانء مەىء سیدىء (دى ڤى دى) فیلمى سێکسیء روون چاوەڕوانى ئەم منداڵە پاکء بێگەردانە دەکەن … زۆرت ئەو منداڵانەى کە رۆژانە لەبنکەى پۆلیسی نەوجەوانان بەتۆمەتى کەتنء لادانء دزىء مەى خواردنەوەء قومارکردنء کارى سێکسی لەگەڵ گەورەء لەگەڵ یەکتردا دەگیرێنء یان زیندانى دەکرێن ، یان بەکەفالەت بەرەڵڵا دەکرێن …!
سەرەڕاى ئەوەى زۆربەى ئەو شوێنکارانەى کە منداڵان کارى تیادا دەکەن ، لەچاودێرى پزیشکىء تەندروستىء چاودێرى کۆمەڵایەتىء سەرپەرشتى رێکخراوە مەدەنییەکانء رێکخراوە منداڵپارێزء بنکەکانى پۆلیسء وەزارەتى ناوخۆ دوورن … هەر بۆیەشە زۆرینەى زۆرى ئەم منداڵە ئیشکەرانە دوچارى زۆرترین ئازارى جەستەییء دەروونى دەبنەوە ، دوچارى تاوانء کەتنء کوشتنء پەلامارء دەستدرێژى سێکسی دەبنەوە ، دوچارى توندوتیژىء زەبروزەنگ دەبنەوە … بۆیە نامۆنییە ئامارە راگەیاندراوەکانى یونیسێف هەموو ساڵێک ئەوە رادەگەیەنێت کە زۆربەى منداڵانى ئیشکەر لەجیهاندا تووشی خەمۆکىء دڵتەنگىء هەست بەکەمیکردنء بێزارىء تووڕەیی دەکەن ..! هەروەها ئەو منداڵانەى کە لەپشووى هاویندا ئیشدەکەنء بژێو بۆ خێزانیان پەیدادەکەنء لەکاتى خوێندندا دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنگەکانیان ، تووشی سەراسیمەییء دووهەوا بوونء شاشیء پەرتەوازەیی دەبن … ناچنەوە سەردۆخى جارانیانء لەگەڵ هاوەڵە خوێندکارەکانیانداء مامۆستاکانیاندا هاوتاء هاوڕانابنەوە بەئاسانى ، جیدییەتء تەرکیزلاى ئەم خوێندکارانە زۆر دادەبەزێتە خوارەوەء خولیاء ئەندێشەى لەگەڵ خوێندنء پۆلء وانەکانیدا چڕ نابێتەوە …!
گومانى تێدا نییە کە زۆرینەى گەڵاڵەکانى حکومەتى کوردستانء وەزارەتە پەیوەندارەکانء رێکخراوى منداڵپارێزء منداڵان بەگشتى بۆ چارەسەرکردنى ئەم دیاردەء قەیرانە دزێوە ، دوچارى شکست بووەء نەیتوانیوە ئاکامێکى پۆزەتێڤ بەئەنجام بگەیەنێت بۆیە تادێت رێژەى منداڵى ئیشکەر روو لەزیادبوونەء ئەم قەیرانە وەختە رەهەندێکى تراژیدیترء ترسناکتر بەخۆیەوە دەگرێت ، لەوەدا کە منداڵء نەوجەوانانى زیندانىء سزادراء بەتۆمەتى کەتنء لادان لەبرەودایە ، رێژەى منداڵى ئیشکەرى سەر شەقامەکان رۆژ دواى رۆژ تەشەنەء زیاد دەکات ..!
پێویستە حکومەت بەرنامەى پتەووداڕێژراوى هەبێت لە چارەسەرکردنى ئەم دیاردە قەیراناوییەدا ، نادادپەروەرى کۆمەڵایەتىء هەژارى (ژێرهێڵى هەژارىء سفر)ء بێکارى بنەبڕ بکات ، گرفتى کرێچێتىء نیشتەجێبوون چارەسەربکات … سامانء سەرمایەء بودجەى کوردستان بەدادوەرانە دابەش بکات … تێکدانى زاتى خۆى بکاتء وازلەخۆدەوڵەمەندکردنى ناشەرعییانە بێنێ …!
ئاوڕێکى جیددى لەمنداڵانى کوردستان بداتەوە … چونکە ئەگەر ئەوان ئاسوودەء بەختەوەرنەوبوون ، کۆمەڵگاء دەسەڵاتیش ئاسوودە نابن ! .
دووا وتە
منداڵى کورد دەرماڵە و بیمەو هاوکارى مادى نییە لە هیچ موناسەبە و بۆنەیەکدا دیارى پێشکەش ناکرێت ، منداڵانى کوردستان ژیان وخوێندن و تەندروستى و یارییەکانى زامن و دابین نییە ! کەم نین ئەو مندالانەى لە کۆڵان وشەقامەکاندا بێ ئیش ئەسووڕێنەوە کەم نین ئەو مناڵانەى لەبەر نەبوونى و هەژارى و نەزانى و ناچارى وازیان لە خوێندن هێناوە و ئێستاکە لەسەر شەقام و لە کۆڵان و لە بازاڕەکانى کوردستانى شیرین وڕەنگیندا بۆیاخچى پێڵاون و قۆنەرەى ورگ زلەکانى دەسەڵاتى کوردى ئەبریقێننەوە کە ئەوەش خۆى لە خۆیدا پەڵەیەکى ڕەشە بە ناوچەوانى دەسەڵات و حکومەتى کوردییەوە نەفرەتە لە پیاوانى دەوڵەمەند وملیۆنێرى کورد..!
زۆر نەنگى و ئەوپەڕى شورەییە بۆ پیاوانى ئاینى و لەخوا ترس و ڕوو لە خودا کە ناتوانن ژمارەى خێرخواز و بەخشندە و مرۆڤى بەرزى وەکو کەریمى عەلەکە و عەلى کەمال و حاتەمى تەى زۆر و زۆرتر بکەن ..! بە ڕاستى نەنگە باسى دیموکراسى و فیدڕاڵى و شەفافیەت و حکومەتى کابینە زۆرەکان و پەرلەمانى کوردى بکەین و منداڵە چاو ڕەشەکانى کوردستانیش بۆیاخچى بن .. یان فیتەرو حەماڵ بن !
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« بهئاگابه لهو شتانهی بهخۆت دهڵێیت . | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | چاو و پهیوهندی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
