نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

سایکۆلۆژیای ژنکوژ

ئاب 4, 2008

72.jpgسایکۆلۆژیای ژنکوژ
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

ئامادەگی بۆ هەر کارو کردەوەیەک ، لەرووی دەروونیەوە ، پاڵنەرو فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارو کردەوەیە ….. هەبوونی زەمینەیەکی لەبار بۆ حاڵەتی کوشتن چ بەشێوازی گەیشتنە حاڵەتی هیستیریایی ناکاو یان چ بەشێوازی پلان بۆ کێشراو کە دواجار ئامادەیی دەروونیء ئامادەیی فیکریء جەستەیی دروستدەکات لە کەسی بکوژدا … !
دۆزینەوەی ئەم زەمینەسازییە یاخود ئەم ئامادەگیە ، کارێکی هەروا ئاسان نیە ، پێویستی لە شرۆڤەکردنء یەکلاکرنەوەو لێکدانەوەی کەسێتیء میزاجء هەڵچوونء داچوونء ئاستی رۆشنبیریء پەروەردەی کۆمەڵایەتی _ خێزانێیء هەروەها پێویستی بە زانینی هزرو جۆری بیرکردنەوەو ئاشکرا کردنی رەوشتء رەفتارو هەڵوێستی کەسی ژنکوژ هەیە …!
بۆ شرۆڤەکردنی سایکۆلۆژییەتی ژنکوژ ، پێویستە ئەو ستراکتۆرو بونیادە هەڵکۆڵین کە لە پشت پێکهاتەی کەسێتی ئەم بونەوەرەوە وەستاوە … زەمینە سازیی کەلتووریءکۆمەڵایەتی هەر کەسایەتییەک سەرچاوەگەلێکی خۆی هەیە .،…
کە رەگو ریشەکانی پەرشوبڵاونء جیاوازن لە رووی کاتء شوێنەوە ، بۆ وێنە
کرۆمۆسۆم ء جیناتی کەسێک لەگەڵ کرۆمۆسۆمی کەسێکی دیکەدا جوودان کە لەراستیدا (کرۆمۆسۆم) هەڵگری زۆرێکە لە خەسڵەتەکانی هزرو رەفتارو هەڵسوکەوتء باری دەروونیء سایکۆلۆژییەتی هەر کەسایەتیەکدا ، کە لەرێی بۆ ماوەو بەمیراتی لە باوانەوە دەیگوێزێتەوەو وەری دەگرێت …!
کەناڵء سەرچاوەیەکی دیکەی زەمینەسازی لە پێکهێنانی سایکۆلۆژییەتی ژنکوژدا ، بریتیە لە دەوروبەرو ژینگەی کۆمەڵایەتی ، کە رۆڵی کاریگەر دەگێڕێت لە نەخشاندنی سیماو ئەدگارەکانی دەروونء پێکهاتەی کەسێتیدا ، بۆ وێنە کەسێتی ژینکەیەکی ئەفریقی لەگەڵ ئەوروپیدا زۆرلێک جیاوازنء هۆکارو فاکتەرە کاریگەرەکان بە کەسێتی هەردووکیانەوە دیارەء جوودان لە یەکتر… !
هەروەها پەروەردەی کۆمەڵایەتی – خێزانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە خەمڵاندنی هزرو عەقڵیەتء سایکۆلۆژیەتی کەسێتی ژنکوژدا رۆڵء فاکتەری سەرەکییە ، هەروەها هۆکارێکی دیکەی گرنگ لەم بورارەدا بریتیە لە سیستمء رژێمی سیاسیء سیستمی دادوەریء سەروەری یاساو دواجار گووتاری ئاینی کە رۆڵی زۆر ئاشکراو کاریگەر لە زەمینەسازیء داڕشتنی دەروونیء کەسێتی مرۆڤی بکوژء ژنکوژدا دەگێڕن !
لەسەرەتادا :
پێش ئەوەی پێناسەی مرۆڤی ژنکوژ بکەین ، پێویستە پێناسەی کۆمەڵگای ژنکوژ بکەین : چونکە کۆمەڵگای کوردی خۆی سەرکردەی ژنکوژانە ، کۆمەڵگایەکە تا سەر ئێسقان ، جیاوازکارو رەگەزپەرستە ، رەگەزی مێ بە مرۆڤء بە ئینسانی تەواو پێ قبوڵناکرێت … وەکو فەرموودەیەکی پیرۆزء نەگۆڕ نەخشەی بۆ ئەوە کێشاوە کە ژن هاوڵاتیء بونەوەری پلە دوو بێت . پاشکۆو پاشگرو کۆیلەی پیاو بێت ، ژن نێچیرێکی ئامادەو دەستەمۆی بێهێزو لاوازی بندەست پیاو بێت ، بەهەڕەشەو لێدانء ئازاردانی جەستەییء دەروونی گۆشبکرێت ، کۆمەڵگا پیاو فێردەکاتء رێنمای دەکات پیاو سالار بێت تا ژن ریسواو ئیهانە بکات ، کۆمەڵگایە کە ژن ورەگەزی مێ ، بەبوونەوەری بەندکراوی نێو چواردیواری ژوورێک لەقەلەَم دەدات … هەر کۆمەڵگایە ژیان بەنێر دەبەخشێء مردنیش بە مێ دەبەخشێ … تاوانی کۆمەڵگایە هەموو حەرامکراوێک بۆ پیاو دەکات بە حەڵاڵ وڕەوا ، هەموو شتێ ، هەموو کارێک هەموو قسەو باسێک لەژن دەکات بەحەرامء بڤەو تابوو ، بە نەنگەو بەعەیبەو بەشوورەییە ، سەری دونیاو مێشکی جیهانی لێ قانگداوین ، هەتا کا گەیشتووە بەوەی کە زیندە بەچاڵکردنء سووتاندنء لەتوپەت کردنء فڕێدانی جەستەو رۆحی ژنی کردۆتە شتێکی ساناء ئاساییء عادەتیء سوننەتی … شەرەفی ژنی لێ کردووین بە شەرەفی پیاوء خێڵء نیشتمان … هەر کۆمەڵگایەو دەستی زبرو شەقار شەقاری خۆی خستۆتە نێو دەستی خوێناویء سوورو – چەپەڵی ژنکوژانەوە !
بەڵام سایکۆلۆژییەتی ژنکوژ ، سایکۆلۆژییەتی بوونەوەرێکە کە کوڕی راستەقینەی ئەو کۆمەڵگایەیە کە بەرامبەر بەشەرەفء نامووسی خێڵء هۆزەکەی دۆشداماوەو دەرهەق بە تۆڵەسەندنەوە لەدۆخی هیستیریادا دەستەویەخە بووەتەوە ..! رەنگە ژنکوژ ، لەلاوێتیدا هەڵگری خولیاو خەونء هزرێکی نوێخواز بووبێت ، بەڵام ساڵانی دژواری جەنگی دۆڕاو و شەڕی براکوژیی – کوێرانە وبێسەروبەرەیی سیاسیء ئابووری ئەمڕۆ ، لەنێو دۆزەخی گرانیء کرێچێتیء منداڵ زۆرییدا ، جگە لە توڕەییء بێزاریء بێباوەڕیء چاوچنۆکیء پیسکەییء بێنرخی بەهاکان ، چیدی بۆ نەمابێتەوە ، کە دواجار کەسێتیەکی شلء شێواوء بێئیرادە زەدەییء روخاوی پێبەخشیوە ، کە ئەمانەش بەردەوام زەبرو فشاری دەروونی بۆ دەڕەخسێنێء ژیانی روناکی لێ کردۆتە شەوە زەنگء نووتەک … کە ئیدی بە بیستنی حاڵەتێکی ناوازەء نائاسایی دەبێتە هەواداری توندوتیژیء توندڕەوی ، کە ئیتر ناتوانێتء بەلایەوە زەحمەت دەبێت بێ شێوازی ناتوندوتیژانە گوزارشتء تەعبیر لە خۆی بکات … لەرووی رۆحیء مەعنەوییەوە ئەوەندە هەژار کراوە بۆ بەرگریکردن لەخۆیء لە هەڵوێستەکانی جگە لە جەستەو بەکارهێنانی ئامێرەکانی توندوتیژی بۆ کوشتنی جەستەو رۆح هیچی دیکە شک نابات …!
ژنکوژ ، مرۆڤێکی غەریزی ، دڵپیسی چاوتاریکە ، رۆشنبیرو مەدەنی نیە ، نەزانء جاهیلء کاڵفامە ، لەزۆر خەسڵەتدا لە ئاژەڵ دەچێ مالۆسء شەهوانیء دڕندەیە ، هاوڕێی چەقۆو دەمانچەو فیشەکء بارودو خوێنە ، شارنشینء شارستانیء خوێندەوار نیە ،بونەوەرێکە هەرگیز ناتوانێ بە ئاخاوتنء دیالۆگ گوزارشت لەخۆی بکات ، بۆیە ناتوانێء نازانێء فێرنەکراوە ئاخاوتنء قسە لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا ساز بکات !
بەتایبەتی لەگەڵ ئافرەتدا زۆر توندوتیژو شەرانگێزو وەحشییە …!
ژنکوژ ، جەللادو قەسابء تیرۆریستء سەربڕو بکوژی جوانترینء بەنرخترین مرۆڤێکە کە پێی دەڵێین (ئافرەت)ء ژیانء دونیاء کۆمەڵگاو جیهان بەبێ ئەم مەخلووقە ناسکء بێگەردو زیرەکە ، یەک قرۆشی سوور ناهێنێ ….!
بەڵام ژنکوژ ، زۆر زیرەکء زیتو وریایە ، دەزانێت بەکوشتنی ژنەکەی یان کچەکەی یان خوشکەکەی خۆی لە سزادان قوتار دەبێتء دەزانێت کە کۆمەڵگاو پیاوانی ئاینیء دەستەبژێری سیاسی لە هەڵوێستی توند بۆ گرتنء سزادانی ژنکوژ ، کەمتەرخەمء خەمساردن ، بوونەتە کەسانێک و دەزگایەکى لاڵ و کەڕ وکوێر ء دادگاو دادوەرو یاساکەیان سەروەرو جەربەزەو سەردار نین … ئەفسوس ، ژنکوژ چاک ئەوە دەزانێ کە بە کوشتنی ژنێک ئیدی خەڵاتی مەعنەوی وەردەگرێتء بە پیاوەتیء قارەمانێتیء بە پاڵەوانێتی ناوزەدەی دەکەن … بۆیە رۆژ دوای رۆژ ژنکوژان زیاد دەکەنء پەرەدەسێنن ، کوردستان بۆتە مەنزڵی ژنکوژانء بۆتە ژنکوژستان !

لەهاوپۆلی: کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« ئازار و ده‌رمان | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌کان له‌نێوان شاردنه‌وه‌ و ڕاوێژکردندا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional