تهمموز 29, 2008
![]()
دیاردەى ژنکوشتن : بەرهەمی توندوتیژییەکى بەرکەماڵە لە کوردستاندا
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
ژنکوشتن ، بەرهەمی توندوتیژییە ء بەرزتین حاڵەتی توندوتیژییە ، دەرکردنی ڕۆحە لە جەستەی ژن بە بێ خواستء ئیرادەی خاوەنی ڕۆح ، کە ئەمەش کردارو هەڵوێستێکی ناڕەوایە !
دژ بەو چارەنووسەیە کە لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤدا دیاریدەکرێت ! ئاشکرایە لە روانگەی ئایینەوە ، گیانء رۆح نیعمەتێکە لە نیعمەتە سەرەکییەکان ، بەڵام ژنکوژ بکەری کافراندنی نیعمەتەء تاوانبارە بە هەموو پێوەرەکان ، پێوەرى مرۆڤایەتى و ئاسمانیی .. رۆحی تاوانباریی ژنکوژێک کە : کە بڕیاری ناوەختء نابەجێی بەجێهێشتنی جەستە ئەدات ، دەچێتە دۆزەخ ء لاشەکەی نابێت لە گۆڕستانی موسڵماناندا بنیژرێتء بە کافرێکی نەفرەت ء بێڕێز دەبێت لە قەڵەم بدرێت ….!
لە ئاییندا هاتووە ، هەر کەسێ رۆحێکی کوشت وەکو ئەوە وایە هەموو رۆحەکانی سەرزەمینی کوشتبێت ، لە ڕاستیدا دەبوایە ئەم چەند رستەیە دەبوایە پیاوانی ئایینی کوردستانی بێدەنگء بێهەڵوێست لە گووتار و خوتبەی هەموو هەینییەکدا یان لە مینبەرەکانی دیکەی میدیاشدا بانگەوازو یاداشتیان بکردایە ، بۆ ئەوەى ئەو ڕەشەکوشتنانەى پیادە دەکرێت ئەوڕۆکە لە کوردستانى ئازادا نەبێتە کارو کردەوەیەکی ئاساییء بوێرانەی ئەو بکوژ و ژنکوژانەی لافی نامووسء پیاوەتی لێدەدەن …!
رەگەکانی کەلتووری توندوتیژی بەستراونەتەوە بە ئامادەگی رەمەکى / غەریزییەوە لای تاکی کورد ، ئەم غەریزەیەش سەرچاوەو کانگای هەڵقوڵانی خۆی هەیە کە پاشتر باسیدەکەم ، رەمەکی توندوتیژی کوشتنء مەرگ بەرێوەی دەبات ، سەرچاوەکەشی لە رقء کینەوە دێنەدەرێء غەریزەی مەرگ فەراهەمدەکات ، لە کاتێکدا خۆشەویستیء مرۆڤدۆستی ئافەریدەکاری غەریزەی ژیانن و مەخابن کە ئەم غەریزەیەش لای تاکی کورد ئامادەگی نییەو زەمینەی لە کۆمەڵگادا بۆ خۆشنەکراوە … !!
توندوتیژی لەم ئاستەدا بەرهەمی کارکردنی رەمەکی مەرگە ، ئەم رەمەکەش دەبێتە مایەی وێرانکاری کە مرۆڤـــــــ بۆ لە ناوبردنی شتێک کە دەکەوێتە دەرەوەى خۆیەوە ، بەکاریدێنێت …
بەڵام ئایا رەگەکانی کەلتووری توندوتیژی لە کۆمەڵگاکەماندا لە کوێوە بنجیان داکوتیوەء سەرچاوە دەگرن ؟؟
کەلتووری توندوتیژی نێو کۆمەڵگای کوردی سێ رەگوڕیشەى سەرەکی هەیە ، کە بریتین لە دابونەریتء نۆرم ء بەهای کۆمەڵایەتی کە لە عەقڵییەتی کۆنەخوازیی - فیوداڵیء دەرەبەگیء خێڵء هۆزەوە بە توندی داچۆڕاونەتە گشت کونجء کەلەبەرێکی کایەکانی ژیانمانەوە … هەروەها وتاری ئایینی پەڕگیری زاڵء سەردەست ، کە هەڵوێست ء پێگەی پتەوی سەلەفی تاقەت پڕوکێنێک کە پیاوانی ئایینی توندڕەو و کەللەڕەقى چەقبەستوو خەمڵاندوویانە و زەمینەی نەگۆڕیان بۆ دروستکردووە …. دواجار هۆکار و فاکتەرێکی دیکەى گرنگ لەمبوارەدا بریتییە لە : پەرەوەدەی خێزانی - کۆمەڵایەتی ، کە لە ئاکامدا کەلتووری نێرسالاریی کردۆتە نەریتێکی باوی نەنووسراو و سوننەتی !
بە شەرعیکردنء بە فەرمیکردنی کۆمەڵگای نێرسالاریی ، هێز و تواناو دەسەڵات دەداتە دەست نێرو لە ژنی دەسەنێتەوە ، ژن دەبێتە هاووڵاتی پلە دوو ، دەبێتە سێبەر و کۆیلە ، نێر دەبێتە بکەر و مێ دەبێتە وەرگر و جێبەجێکاری فەرمان ء بڕیارە زۆر و زەوەندەکانی نێرى کورد … !
لەم ڕەوشە ئاڵۆزەدا پەیوەندی نێوان رەگەزە جیاوازەکان دەبێتە حەرامکراو و تابوو ، چونکە لە وتاری ئاینیشدا (جووداخوازی رەگەزی ) میراتییەکە و سەدان ساڵە ماوەتەوە ، هەنووکە وەکو بابەتێک یان بیردۆز و ئایەتێکی موقەدەس ء پیرۆزگەرا حسێبی بۆ دەکرێت !
لە کۆمەڵگای نێرسالاریدا ، پەروەردەی کۆمەڵایەتی - خێزانیى کوردى گوزارشت لە فەرهەنگێک دەکات کە پڕە لە فەرمان ء لە فەرمایشت ء لە بڕیار ، کە پیاو بە شێوازێکی توند بەسەر رەگەزی مێدا دەیسەپێنێ ……!!
ئیدى ئەتمۆسفیری ژیان بۆ قەترەیەکیش بێت گفتوگۆ و ئاخاوتن ء دیالۆگی تیادا بەدیناکرێًت ، ئاخاوتن لە نێوان نێر ومێی کورد دا لەرزۆکء قرچۆکە لەنێوان گەورەو بچووکدا بڤەو دانسقەیە ، لەنێوان دایکء باوکدا نیە ، لەنێوان خوشکء برادا هێشتا دروست نەبووە ، بە کورتییەکەی وێناکردنى پەیوندی نێوان ژن ء پیاو ، لە پەیوەندی نێوان شیعە و سوننەی عێراق دەچێت ، لە پەیوەندی نێوان دوو حیزبی براکوژ دەچێت ، لە پەیوەندی نێوان فریشتە و جنۆکە دەچێت ….!
نزیکبوونەوەی ئەم دوو ڕەگەزە گرنگەی ژیان لە کوردستاندا ، نائاسایی ء ناوازە و ئاڵۆز ء پڕ لە ئیشکالییەتە ، نزیکبوونەوە و بەرابەرکردن ء هەوڵدان بۆ یەکسانیکردنیان ( لەمافء لە ئەرکدا) لە دیدی زۆرینەی پیاوماقوڵانء سیاسەتمەداران ء پیاوانی ئاینیء شێخء دەرەبەگء ئاغاء بگرە مسکێنیشەوە ( کە زۆرینەى دانیشتوانى کوردستانن ) کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورەیە و کاولکاریء کاولبوونی ژیانء پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگا دواکەوتووە - داخراوەی ئێمەی لێدەکەوێتەوە و بە دیوەکەی دیکەشدا گۆڕان ء وەرچەرخانێکە کە بەڵگەنەویستء حەتمییە و هەر دەبێت ژنی کورد ئازادتر و ئازاتر و مرۆڤتر بژی …!
فەرهەنگی پەرەوەدەیی نێو کۆمەڵگای نێرسالاریی ، هاوکێشەیەکی ناهاوتاو نایەکسانی دەستەبەرکردووە ، کە لە ژێر ناونیشانی (فەرهەنگی زاڵ) دا فەرهەنگی ملکەچیء بە کۆیلەکردنی ژنی تیا نووسیوەتەوە ، شتێکى بەڵگەنەویستە کە کەسێتیى بونەوەرى ملکەچ و کۆیلە ، لاواز و بێهێزە ، کە لە رووی دسەڵاتەوە کەسێکەء شایانی یەکسانیء هاوسەنگی نییە لەگەڵ پیاوی بەهێزدا … بەڵام سەیر و کۆمیدیا-تراژیدیا ئەوەیە شەرەف ء شکۆمەندی ء نامووس ء سەربەرزی خێڵء هۆزی یەکسان کردووە بە شەرەف ء نامووسی ژن … ژنی هەشبەسەری کڵۆڵیش نیوە مرۆڤە !!!
لە کۆمەڵگاى کوردیی هاوچەرخدا : ژنی کورد وەکو مرۆڤـــــــ ء ئیرادەو کەسێتیء رۆڵء کارکردن حسێبی نیو یان لەتێک مرۆڤی بۆ دەکرێت ، ژن وەکو ئینسانێک و وەکو پیاوى کورد ئازاد نییە و مافی ژیانء مردنی بە دەست پیاوی کوردەوەیە … پیاوی کوردیش هەتا سەر ئێسقان دژی ئازادیء ماف وهەقی ژیان ء مافى خوێندن ء مافى هەڵبژاردنی هاوسەر و هاوژیانى ژنە .
لە کۆمەڵگای نێرسالاریدا ، هەموو شتێک رەوایە بۆ پیاو ، هەموو شتێک بە دەست پیاوەوەیە ، دەسەڵات ء هێزء بڕیار و میراتی و تەڵاق ومارەیی ء وتاربێژی ء خوتبەدانء گەواهیدانء خیانەتی هاوسەرگیریء … هتد .
بەڵام ژن تەنها چاوە گەشەکانی زەقەیاندێ ، ژنی کورد سێبەر و کۆیلەیە و بووەتە کاڵاو کەلوپەلێک ء پیاو مافی سەوداسەری هەیە ، دەتوانێت کەی بخوازێت لەناویبەرێتء فرێیبدات ء زیندە بەچاڵی بکات.. تەنانەت دەتوانێً وەکو جگەرەکەی دەستی بیستووتێنێ … !
لەم حاڵەتەشدا کە ژنی کورد بوو بێتە هاووڵاتی پلەدوو ، هێزو دەسەڵاتی لێسەندرابێتەوە ، مافی مرۆڤبوونی بچووک کرابێتەوە بۆ بونەوەرێکی ئاخنراوی نێو ژوورێک تەنها خستنەوە و پەروەدەکردنی منداڵی پێڕەوا ببینرێت ، نایەکسانء نوقسانء بێماف حسێبی بۆ بکرێت ، بێگومان دەچەوسێنرێتەوە ء ژیانی پەراوێز دەکرێت ، خولیا و خەونەکانی پێشێل دەکرێت ء لەبار دەبرێت ..! لە بەرامبەریشدا پیاوی کورد ماشینى / عەقڵییەتی خێڵەکی - داخراوی - جەهالەتگەرای کرابێتە سەر ، ئیدى ئەم بونەوەرە چۆن توانای دەربڕینء گوزارشتء قسەکردنی ئاسایی دەبێت ؟؟
چۆن دەتوانێ دیالۆگء ئارگومێنت لەگەڵ ژندا بکات ..!؟ پیاوێک لەدەرەوە بچەوسێنرێتەوە و خۆی پەراوێز و زەلیل ء سەفیل بکرێت ، چۆن لە ماڵەوە فشارو زەبرى دەروونى خۆی بە ئامرازەکانی توندوتیژی و کوشتوبڕ بە تاڵناکاتەوە … !؟
ئیدی چۆن رق جێی خۆشەویستیء غەریزەی مەرگ جێی غەریزەی ژیان ناگرێتەوە …! ئیدى چۆن دۆزى مردن و کوشتن ناچێتە سەر مێزى ژنکوژان ، لە کاتێکدا یاسا و دادوەر و دادگا هەناسە ساردەکەى کوردستانى ئازاد یەک تۆزقاڵ سەروەر و سەردار و شکۆمەند نەبێت ……!!!!
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« میدیاکان و نهوهیهکی نهخۆش | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سێکس لای کورد حهرام و بڤه و تابووه »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
