نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

کاریگه‌ری ترس به‌سه‌ر که‌سێتی مرۆڤه‌وه‌ / به‌شی دووه‌م و کۆتایی

یولی 8, 2008

999thumbnail1.jpgکاریگەری ترس بەسەر کەسێتی مرۆڤەوە

توێژەرى کۆمەڵایەتى: حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ

بەشی دووەم و کۆتایی

هەروەها ترس لەتاریکى و لەتەنیا نووستن و لەبەرزایى و لەئاگر و ئاو … هتد زۆر خراپن و کەسایەتى لاواز و شکست دیًنێتە بەرهەم ، نەبوونى ئیرادە و ویست و متمانە بەخۆ بوون سەرهەڵئەدەن کەئەبێتە نەخۆشى و زۆر ڕووخێنەر ئەبن و کەسایەتى مرۆڤ لە سروشتیەوە ئەگۆڕن بۆ نا سروشت ، مرۆڤى ئازاد و ئازا کۆیلە و بێدەرەتان و ترسنۆک و لەرزۆک لێدەکات ، هێدى هێدى ترس گەمارۆى هەموو ئەندامەکانى لەشء جەستە ئەدات ئەقڵء رۆحء دەروونء هەستء بیرکردنەوەء ڕەفتارى مرۆڤ ئەشێوێنێت ، ئاسوودەیى بەختەوەرى لێ زەوت ئەکات نیگەرانىء دڵە ڕاوکێء پەرێشانى جێگەى ئەگرنەوە ڕێژەى متمانەء باوەڕ بەخۆء بەدەوروبەر کەمتر ئەکاتەوە گومانء دوودڵىء ترس لەهەموو شتێ زیاد ئەکات ، هیچ هێزء توانایەکى نامیێنێت بۆ ئەوەى بەڕاشکاوىء بەبێ دوودڵى بڕیار بدات ، تواناى بەرەنگار بوونەوەء بەرگرى لەخۆکردنى تیا نامێنێت ، لەهەموو هەڕەشەو دەسەڵاتێک ئەترسێتء مل بۆ هەموو شتێک کە چ ئەکات ، هەرگیز ناتوانێت تێبکۆشێتء کۆشت بکات دەستەء یەخەى قەدەرو ڕۆژگار ئەبێتء هیچ کام لەوانەش بەزەیى بەحاڵى ئەمدا نایەتەوە ،چونکە ناتوانێت ئازادانەء ئازایانە بڕیار بداتء بەوپەڕى ئیرادە بەرزییەوە ژیانێکى شایستە بۆ خۆى بنیات بنێت !

هەروەها ترس ڕۆڵى هەیە لە خەفەکردنء چەپاندنى حەزء ئارەزووەکان ، لەئەنجامى ترسدا هەموو ئاشکراو نهێنییەک خەفە ئەکرێتء ئەشاردرێتەوە ، هەمیشە ئەو کەسانەى دەترسن هەمیشە هەست بەتاوانێک دەکەن خۆیان بەتاوانبار وپێ خراپ دێتە پێش چاو ، ئیدى ناتوانن هیچ گرفتء کێشەیەک چارەسەر بکەنء خۆیان پێ کەمەء هەست بەکەمى ئەکەن ، هەست بە بەرپرسیارێتىء شیکارکردنء چارەسەرکردنى ئاریشەو گرفتەکان زۆر گرنگن لەژیاندا … بەپێچەوانەوە ئەو کەسانەى کە ئەترسن زۆر زەلیلء داماون ، هەمیشە فەرمانء داخوازى کەسانى دەسەڵاتدارء بەهێز قبوڵ ئەکەنء مەسینە دانەرى کەسانى بەرپرسء دەوڵەمەندن …

ئەوەى لەم باسەدا زۆر گرنگەء شایانى قووڵبوونەوەء گرنگى پێدانە ، شێوازەکانى بەرگریکردنء بەربەست دانانە بەرامبەر بەهێزء زەبرى ترس لەدڵء دەروونى مرۆڤدا … چارەسەرکردنى حاڵەتەکانى ترسء کەسانى ترسنۆک زۆر گرنگەء لەبەشى داهاتوودا بەتێروتەسەلى لەمناڵء گەورەدا ئەخەینە ژێر باسء لێکۆڵینەوە ….!

شایەنى وتنە، لە بەشەکانى دیکەى ئەم وتارەدا، باسمان لە حاڵەتەکانى ترس و ترساندنى مرۆڤ کرد بە گشتى لە قۆناغەکانى مناڵى و گەورەییدا، هەروەها بەپێى تەمەن و کاریگەرییە سەلبى ونەگەتیڤەکانى ترس کرد بەسەر کەسایەتى مرۆڤەوە و رەفتار و بیرکردنەوەى مرۆڤى ترساو یان تۆقیو لە کۆمەڵگەدا، کە چەند هۆکارى خراپ و بەد بەجێدێڵێت و پێویستە هەوڵبدەین کاریگەرییەکانى ترس کەم و کەمتر بکەینەوە و چارەسەرو بنبڕکردنى ئەم حاڵەتە بدۆزینەوە… لەبەر ئەوە هەوڵدەدەین بە کورتى رێگەچارە یاخود رێنوومایى گشتى و گرنگ بۆ بەرگیرکردن و پتەوترنەبوونى ترس لە دڵ و دەروونى مرۆڤدابخەینە بەرچاو:

پێش هەموو شتێک لە قۆناغى منداڵیدا، دایکان و باوکان پێویستە ئاگادارى ئەوەبن کە بە هیچ شێوەیەک نابێت بوونى ترس بە هەموو شێوە و جۆرەکانییەوە پشتگوێ بخەین، کە ئیدى منداڵ ناتوانێت بە ئاسانى و بە سروشتى هاتوچۆبکات و تواناى راپەڕاندنى کارەکانى خۆى کەمتر دەبێتەوە، پێویستە لەسەر باوان کە هاریکارى و دەستتێوەردانى هاوکارییان هەبێت، بۆ وێنە زۆربەى زۆرى مناڵان لە تاریکى دەترسن، بە تایبەت مناڵ لە تەمەنەکانى (3-6) ساڵى، کەواتە بۆ ئەوەى منداڵ بە ئاسوودەیى بخەوێت و کەمخەویى کاریگەرى نەبێت بۆ سەر لەشساغى و بیرکردنەوەیەوە، پێویستە کاردانەوەى باوانیشی بەرامبەر بە مەترسییەکانى (ترس) رادەبەدەر نەبێت و ئاسایى بێت، ئامۆژگارى وەکو (ئاگاتان لە خۆتان بێت!) زۆر پێویستە و مناڵ ئەتوانێت بەوهاوکاریى و پشتگیرییە، بەرگرى بەرامبەر بە ترس و شتى نامۆ پەیدا بکات….

پێویستە زۆر بە هێمنى و دوور لە تووڕەیى و گاڵتەپێکردن و رەخنە و توانجى نەگونجاو کە مناڵەکە تەریق بێتەوە و پێی بشکێت، ئامۆژگاریى و رێنوومایى مناڵ بکرێت بۆ ئەوەى نیگەرانیەکەى بڕەوێتەوە، هەوڵبدرێت ترسەکەى بیربچێتەوە، نەوەک بۆ ماوەیەکى کورت بشاردرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بە تووڕەییەوە ترسەکەى لە لا کەمبکەینەوە، لە ناخ و دەروونى مناڵەکەدا زیاتر ئەبێت و وردە وردە رەگ دائەکوتێ…!

لەگەڵ رێنوومایى هێمن و پشتگیرى ئاسایى (نەک لە باوەشگرتنى و ماچکردنى) مناڵەکە پێویستە رەفتارى نەترسانە و عەمەلی و پراکتیکى لەگەڵ مناڵەکەدا بچنە سەرچاوەى ترسەکە و پشکنین ئەنجامبدەن، باشترە لە قسە و درێژدادڕى.

پێویستە مناڵ هانبدرێت بچێتە تاریکى و لەگەڵ ئاژەڵاندا یاریبکات، نەوەکو بترسێنرێت لێیان..! کەواتەدەستنیشانکردن و دیاریکردنى هۆکارەکان و سەرچاوەکانى ترس زۆر پێویستە بۆ ئەوەى هەوڵ بدرێت بەشتە نادیار و نامۆکان ئاشناتر ببێت…

بەڵام پێویستە سەرچاوەى ترسەکان بەپێى جۆریان کە هەندێکیان سوودبەشخن و هەندێکى تریان زیانبەخشن، لە مناڵ جیابکرێنەوە رێنوومایى کردنى بە دوورکەوتنەوە لە زیانبەخشەکان و پێویستە و گرنگە.. کەواتە دوورخستنەوەى مناڵ لە ئاگر و ئاوى قووڵ و مار و مشک و پشیلە کارێکى باشە، بەڵام زۆر شتى تر هەن پێویستە هۆگرى و ئاشنایەتى لەگەڵدا پەیدا بکات….!

هەوڵ بدرێت رەفتارى دایک و باوکێکى ترساو یان راچڵەکیو لە شتێکى نامۆ لەبەردەم مناڵدا ئەنجام نەدرێت، چونکە باوان نموونەن بۆ مناڵان و لاسایکردنەوەى گەورە شتێکى زۆر شیاوە، بەرگرى لەو مناڵە ترساوە بکرێت و پشتگیرى بکرێت پێویستە، هەروەها حەساسیەت لە نێوان مناڵى ترسا و خوشک و براکانیدا نەهێڵدرێت و بەریەککەوتن و هەستى نامۆ و سڵ لە یەکتر کردنەوەى نێوانیان زۆر خراپە و پێویستە چارەسەر بکرێت… دروستکردنى پەیوەندییەکى گەرم و هاوڕێیانە لەگەڵ مناڵێکدا کە ترساوە زۆر گرنکە، تەنانەت ئەگەر رێژەى ترسەکە بەرزە و کاریگەرى کردووەتە خەو بزڕکان و خەوزڕاندن و کەمخۆرى و بیکردنەوەى مناڵەکە، پێویستە پیشانى نۆژدارى دەروونناس و پسپۆڕ بدرێت، هەوڵبدرێت زانیارى مناڵ زیاد بکرێت سەبارەت بە ئاگر و تاریکى و ئاژەڵان، بۆ ئەوەى بیرکردنەوەى خراپ و کاردانەوەى خەیاڵى خراپ و ناخۆش لە مێشکیدا سەبارەت بەو شتانە دروست نەکات… چونکە خەیاڵى مناڵ زۆر تیژ و کاریگەرە، زۆر فراوان و بێسنوورە… لەگەڵ پێدانى زانیارى و رێنووماییدا، چیرۆکى ئازایەتى کەسانى چاونەترس و نەبەردى بۆ بگێڕینەوە، دڵنیای بکەن کە تاریکى و هەندێک ئاژەڵ مەترسییان نییە، بەو مەبەستەى مناڵ بەسەر ترسدا زاڵببێت و بەهێزترببێت، هەندێک مەشق و هاتوچۆى پراکتیکى پێبکەن و لە نێو تاریکیدا بۆ چەند خوولەکێک جێیان بهێڵن (بۆ نموونە)…. هەروەها لە ئاکامى کردنى ئەو کارەدا پاداشتى مەعنەوییان بدەنێ، وەکو بردنیان بۆ دەرەوە وبۆ باخچە و بۆ سینەما…هتد!

هەوڵبدەن بە یارمەتى(پسپۆڕ و پزیشک) مناڵتان حەز لە ئارامیى و لە هەمانکاتدا بە هێزى و ئازایەتى بکات… فێرى ئەوە بکرێت کە متمانەى بە قسەو رەفتارى باوانى هەبێت (بەمەرجێک دایک و باوک ترسنۆک و تووڕە و هەڵەشە نەبن!) بۆ ئەوەى مناڵیش پشت بە خۆی و بە ئیرادە و ویستى خۆى ببەستێت… فێرى هێمنى و ئارامیى و هەناسەدانى قووڵ و درێژ بکەن… لەگەڵ تاریکى و دەنگى بەرز و شوێنى بەرزدا رایبێنن، ئامۆژگارى بدەنێ و خراپە و باشەکانى ترسى بۆ شیبکەنەوە، چونکە باشترە (بۆ نموونە) لە شوێنى بەرزەوە بترسێت کە خۆى هەڵنەداتە خوارەوە، یان خۆى فڕێ نەداتە نێو رووبار و دەریاوە کە هێشتا مەلە فێرنەبووبێت… ئەو ترسە زۆر ئیجابى و پێویستە، ئەگینا ئەگەر فێرى ئەو ترسە نەکراینایە… هەموو رۆژێک بە سەدان خەڵکى خۆیان لە چیا و هەڵدێر و ئاپارتمانەوە فڕێ ئەدایە سەر زەوى یان نێو ئاوەوە…!

زۆر گرنگە توند و تیژ نەبن لەگەڵ ئەوانەدا کە ترسیان هەیە، پەیوەندییەکى هاوڕێیانەى متمانەپێکراو دروست بکەن، بتوانن درۆیان لەگەڵدا نەکەن و راستیەکان بڵێن، هیچ شتێک بە شاراوەیى مەهێڵنەوە، وەڵامى راستى بۆ پرسیارەکان بدەنەوە… گفت و پەیمانى درۆ بە هیچ کەسێک مەدەن بۆ ئەوەى دڵیان نەشکێت و لێیان نەڕەنجێنن، دەربارەى ژیان و مردن، هەموو شتێک باس بکەن، بەڵام بە پێى تەمەنى گونجاو، بە مەبەستى ئەوەى گریان لە بیر مناڵەکانتان بەرنەوە، یان بیانخەوێنێت مەیانترسێنن، پێویست ناکات مناڵ بترسێنرێت، شایەنى باسکردنە و ئەوەى کە دیارە و زۆر دووبارە ئەبێتەوە، ئەوەیە کە مناڵان بە دەرزى و دکتۆر و خەستەخانە ئەترسێنرێت… کە ئەمەش کار و رەفتارێکى زۆرخراپە، چونکە زۆرێک لە ئێمە لە دەرزى و لە چوونمان بۆ کلینیک (عیادە)ى پزیشکان و نەشتەرگەریى ئەترسین، کەم نیین ئەو کەسانەى کە گەورەشن و لە دەرزى لێدان ئەترسن، کەواتە بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکان، ئەو جۆرە کەسانە ناوێرن و ئەترسن بچن بۆ لاى دکتۆر یان بۆ جێگەى دەرزى لێدان و دیارە ئەم کارەش ماک و پاشماوەى خراپ جێدێڵێت لە جەستە و لەسەر ئەندامەکانى لەشى مرۆڤ بە گشتى…!

کەواتە هەندێک ئاخاوتن و کردەوە و مامەڵە هەن لە باوانەوە بە هەڵە ئەگوێزرێنەوە بۆ نەوەى نوێ و وەکو پەیام و مەشخەڵێک نەوە دواى نەوە کۆپى ئەکاتەوە و تۆخترى ئەکاتەوە.. کە لە راستیدا زۆر هەڵەن و بە چەواشەیى مناڵ و نەوەى نوێ فێر ئەکرێت و گۆش ئەبێت لەگەڵ هەندێک حاڵەتدا (لەوانەش ترس) کە چارەسەرکردنى و بەرگریکردن لێیان ئەستەم و دژوار ئەبێت، بە تایبەت لەم کۆمەڵگە دواکەوتووە بێسەرووبەرەى ئێمەدا کە دواهەمین شتێک گرنگى پێبدرێت مرۆڤە و دواهەمین ویستگەش دەروون و هەست و بیکردنەوەى مرۆڤى کوردە….بۆیە ترس و کاریگەرییەکانى بەسەر کەسایەتى مرۆڤەوە دژوار و کوشندە دەبێت، چونکە پەروەردە و گۆشکردنى مناڵ، رێنوومایى و ئامۆژگارى بەخشین چەواشە و نادەربەستە، نەزان و جاهیل رۆژ دواى رۆژ لە زیادبووندان…

لێرە (مەخابن و ئەفسووس) گرنگى بە مرۆڤ و بە کەسایەتى مرۆڤ نادرێت، مامەڵەى توند و قسەى رەق و باسکردنى دڕەندە ودەعبا، زەمینەى زۆر بۆ خۆشکراوە… رابواردن بە کەسانى شێت و دێوانە، بە ناشیرین و بێهێز، بە ترسنۆک و ترساو، بە هەژار و هەتیو، بە رەگەزى مێینەو بە پیر و کەنەفت پیشە و رەفتارێکن و بەربڵاون، رۆژانە ئەم هەڵسوکەوت و کردەوانە جمەیان دێت و بێسرەوتن…!

رۆڵى کۆمەڵناس و دەروونناس، توێژەکان، پزیشکەکان، بەرپرسەکان، بەڕێوەبەر و پیاوانى ئایینى، پسپۆڕەکانى بوارى ئەکادیمى و دکتۆراکانى زانکۆ، ئەفسووس کە رۆڵى زۆربەیان کز و لاوازە، قسە و ئامۆژکارى و وتار و کتێبەکانیان رژد و بێ مروەتن… زۆرکەمن ئەوانەى دڵسۆزن و خەمخۆرن، تەنانەت بە دەربڕینى وشەیەکیش رەزیل و رژدن، بۆیە کاریگەرى ترس و دڵەڕاوکێ و خەمۆکى و راڕایى و وەسواسى و رق و کینە و بێ متمانەیى و درۆ و نامۆیى و بێ ویژدانى و دوورەبەکیى و …هتد لەسەر کەسایەتى و بیرکردنەوەى مرۆڤ زۆر سەخت و قورسن، بگرە لەسەر خێزان و کۆمەڵگەى کوردى هاوچەرخیش دژوار و دژوارترن..!

تێبینى : سوود لە گەلێک سەرچاوە وەرگیراوە ..

لەهاوپۆلی: کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« ئازادی و ترس | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | بوژاندنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی وڵات له‌په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional