یولی 8, 2008
![]()
مۆبایل ئاسوودە بەخش و ئاشووب هێنەر………………………………..
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ
مۆبایل ئامرازێکی تەکنۆلۆژی و ئەلیکترۆنی مۆدێرنە و کوڕی ڕەسەنی سەردەمی پۆست مۆدێرینیتەیە ، بۆ کۆمۆنیکاسیۆن و پەیوەندی تەلەفۆنی مرۆڤــ و تاکەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەکار دێت ، پەیوەستی و بەستنەوەی مرۆڤـــــ بە هاوەڵ و کەسوکارییەوە ئەرکی گرنگی مۆباییلە لە هەر کونجوکەلەبەرێکی دونیادا بێت …
مۆبایل پشت و پەنایەو لە ناوەخت و تەنگانەدا دۆست و هاوڕێیە.. ئاسانکردنی کارو هەواڵگەیاندن و رەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و پەشێوی و بەر کەماڵکردنی دڵنیاییە لە نێوان تاکەکاندا ، مۆبایل رێگەی دوور و درێژی سەفەر و خەرجی و هیلاکی نزیک دەکاتەوە .. ! ئامێری مۆبایل ناچاری و پێویستی سەردەم هێناویەتیە کایەوە ، گەورەبوونی شارەکان و دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە یەکتر ، بەرفراوانبوونی کایەی ئابووری و پەلهاویشتنی بۆ دەرەوەی وڵات ، بازرگانی کردنی و هەناردن و هێنانی شمەک و کاڵا و بەروبووم لەوپەڕی دونیاوە بۆ ئەمپەڕی و مەیسەرکردنی ئەم کاروبارە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنها بە تەلەفۆنێک تەواو دەبێت ، ئەمەش کار ئاسانی و دڵنیایی و ئاسوودەگییەکی ئەوتۆی بۆ سەرانسەری ئادەمی سەر گۆی زەوی فەراهەمکردووە .. ئەمە بەرهەم و تێکۆشان و هەوڵی بێکۆتای ئەقڵ و داهێنان و ئەفراندنە بێشومارەکانی مرۆڤی ژیرە …!
بەڵام لەپاڵ ئەو هەموو خاڵە ئیجابی و پۆزەتیڤانەدا ، لە تەک باشی و چاکەی مۆبایلی هاوەڵ و دۆستدا ، مەخابن و بە داخەوە لایەن و ڕووی خراپ و نێگەتیڤیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە گۆڕێ … کە ئێمە لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ، وەکو پسپۆڕێک پێویستە شەنوکەوی ئەم دۆخەو نەهامەتییەکانی بکەین لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردیماندا ….!
وپێش هەرشتێک ، مۆبایل وەکو ئامێرێکی تەکنۆترۆنی ، چووەتە پاڵ تەلەفزیۆن و سەتەلایت و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و پلەی ستەیشن و (CD،DVD)یەوە .. واتە خەرجی و مەسرەفێکی ماددی دیکەی هێنایە سەر گیرفان و داهاتی تاکە کەسەوە کە هەندێک هەن (2-3)مۆبایلی تایبەت بەخۆی هەیە کە ئەمەش بۆ مووچەخۆر ئەرکگرانی و زێدە مەسرەفییە ، بێجگە لەوەی وەکو نەخۆشییەکی لێهاتووەو بووەتە خوو ، جاری وایە خێزانێکی (5) ئەندامیی ، هەموو پێکەوە خەریکی تەلەفۆن یان مەسیج ناردنن یان یاریء گەمەکردنن ، یان جیقە جیق و زیقە زیقی مۆسیقاو گۆرانیە جاڕس و بێزارکەرەکانن .. ئەڵێی (مزگەوتی چاڵەوایە ) کەس ئاگای لە کەس نییەو کەس گوێ لە کەس ناگرێتء کەسیان نامەی یەکتر ناخوێننەوە …!
مۆبایل ، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گەرموگوڕییەکەی جارانی زیندە بەچاڵکرد ، باشترین هاوڕێی ئەندامانی خێزان ، هاند و مۆبایلەکەی قەدی پیشتێنەکەیەتی ، نەک سۆزو میهرو خۆشەویستی و باوەشی گەرمی باوان .. ئامۆژگاری و رێنوومایی ئەوان پاش بایەخ و گرنگی مۆبایل دێت ! لەمەش خەتەرناکتر ، مناڵان ء لاوانن ، کە بە بەردەوامی فشاری زۆر دەخەنە سەر باوان کە خاوەن مۆبایلی تایبەت بن ، بە کڕینی ئەو داخوازییە ، بارگرانیء خەرجی لێدەکەوێتەوەو کرێچییەکی ئاسیاو کۆرەکء سانای نوێ دێـتە گۆڕەپان ، بە نە کڕینی مۆبایلەکەش ئاژاوەء شەڕی نەبڕاوە دەبێتە کابووسی ئەو خێزانە ….!!!
لە ئاکامە گرنگەکانی مۆبایلی دەستی مناڵء نەوجەوانان بریتین لە : سەرنج راکێشان بەرەو مۆبایل و کەمتر کردنەوەی تەرکیز و (دیقەت ) بۆ وانەکانی خوێندن و سەعینەکردن و سفر کۆکردنەوەی دەرنەچوون و زوو بێزاربوونی لە خوێندنگە ، چونکە راهاتن و خووگرتن لەگەڵ ئامێرە تەکنۆترۆینیەکان جیاوازە لە تەختەی ڕەش و تەباشیرو وانەی تیۆریی ڕەق و تەقی مامۆستایەکی هەشبەسەر ، خولیاو حەز و ئارەزووەکانی وەکو وەرزشء وێنەکێشانء ئیشی دەستء یاریء خوێندنء گوێگرتنء فێربوون لای مناڵء گەنج کاڵء کاڵتر دەکاتەوە .. !
هەروەها فێربوونی رابواردنء بێزارکردنی خەڵکان بە لێدانی نووکەء ناردنی نامەی پڕ لە پلارو تەشەر کە بە ڕێژەیەکی زۆر کێشەو ئاریشەی کۆمەڵایەتیء شەڕو شۆڕء بگرە کووشتنیشی لێدەکەوێتەوە ، ئەگەر سەرنجێکی خێرا لە دامێن ء پەراوێزی کەناڵە تەلەفزیۆنییە لۆکاڵیء سەتەلایتە کوردییەکان بدەین ، سیخناخ ء پڕن لە نامەی تانەء تەشەری کۆمەڵایەتیء دادو هاواری دڵداریء عەشقبازی ، بەڵام بە شێوازی کاڵفامیء گاڵتەجاری ، کە زیانی گەورە بە کاتء گیرفانء هزری هەرزەکارانی کورد دەگەیەنێ …. تێڕوانین ء بیرکردنەوەی گەنج سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری ء پەیوەندی مرۆڤایەتی هەردوو ڕەگەزەکە دەگۆڕێت ء بە ئاقارێکی لابەلادا دەیانباتء بە جیددیء بە هێند وەرگرتنء بەرپرسیارێتیء ئەرکی سەرشانیان کەم ء کەمتر دەکاتەوە ! عەشقء خۆشەویستی لە نێو توێژی گەنجاندا ڕووە ناشیرنەکەی فەرشە ، دیوە تەڵخء تەمومژاوییەکەی زاڵە بەسەر دیوە ساماڵء قەشەنگەکەیدا !
هەروەها بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی ئاژووتنیء شۆفێریدا زۆر مەترسیدارە ، شۆفێرەکان (بەرێژەیەکی زیاد) ئاگایان لە پیادە نییە ، بە تایبەت مناڵ ء ژن ء پەککەوتە ، لە نێو کۆڵانەکاندا تێژڕەو و شێتن ئەی ئەگەر مۆبایلی بە دەستەوە بێتء لەگەڵ خێزانەکەیدا شەڕە جنێو و جەنگء جەدەلی تەلەفۆنی بەرپا بکات ء ئاگای لە شۆفێرییەکەی نەما بێت ، شۆفێرێک خۆی پابەند نەبێت بە یاساکانی هاتووچۆوە ، وابەستە نەبێت بە ئەتەکێیەتء ئەخلاقیاتی کۆمەڵایەتیەوە ، پۆلیسی هاتووچۆش چاوپۆشی بکەن ! مۆبایل بەکارهێنانء ئاژۆتن ء شۆفێری ، مەرگء کارەساتی دڵتەزێنی موحەقەقی لە خۆیدا مەڵاسداوە ..!
لەمانەش زۆر دڵتەزێنتر ، مۆبایلی بلووتوزە ، کە بۆ گرتنی فیلمی پۆزنۆییء سێکسی خۆماڵی بەکاردێت لە لایەن ئەو لاوە نێرانەوە کە گوایە ئاشقء دێوانەی دۆست ء یار و ( بە ناو) دەزگیرانەکانیانن ، ئاخء ئۆفی کچء ژنی کورد رۆژە رێیەک دەڕوات ، کورانء پیاوی کورد (مەردانە!) بێئەوەی زانکۆی هونەر بخوێنن ، باشترین فیلمی رووتی کوردی خۆماڵی مۆنتاژء دۆبلاژء دەرهێنان ساز دەدەن …!
لە دواترین ئامارو رێپۆرتاژء بە دواداچوونی رۆژنامەی ئین دێپێندنت (Independent)ی بەریتانی پێمان دەڵێت ، لەم دەڤەرەدا و لەم ماوەیەدا زیاد لە (255) کچ ء ژن بە هۆی بڵاوبوونەوەی وێنەو فیلمی رووتء سێکسی ئەوانەوە کوژراون ، ئەی دەبێت چەندیان بریندار بن ، چەندی دیکەیان لە نۆرەدا بن بۆ زیندە بەچاڵکردن ، کێ ئەم کار و کردەوە ناڕەواو بێشەرمانە ئەنجام دەدات ، ئەگەر کەپڵء جووتێ ئاشق بن ، چۆن نامووسء حەیابردن دەبێتە مەبەستی سەرەکی ، ئەم بێویژدانی ء نادەربەستی ء هەست بە بەرپرسیارێتی نەکردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ ئایا لەمەودوا ئێمە دەبینە کوڕی جیهانگیری ء سنوور بەزێنیء رچە شکێن ، ئایا خەسڵەتی دیاری ئەم دەور و زەمانە بریتییە لە گەندەڵیء دزی ء درۆکردن ء لەشفرۆشیء لەشکڕینء دواجار توێژ و چینێک ئەمانەیان پێ قبوڵ نییە ، لەگەڵ چەرخء رەوەڕەوەی سەردەمدا ناڕۆن ء دواکەوتوون .. چۆن زاڵ ببین بەسەر بلووتوزو ئیمەیلدا کە هیچ هێزێک ناتوانێ بەرگری لە پێشکەوتنء گۆڕانیان بکات ..! ؟
لێرەدا پرسیارێکى زیتو زەق خۆى ئەسەپێنێ کە ئایا سووچء خەتا مۆبایلە ، یان هزرو دەروونی نەخۆشی تاکی کوردی هاوچەرخ ء ئازاد ، یان کەلتووری کوردیمان کۆنەخوازو نا ئازادە …!؟
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« سایکۆلۆژیای ئافرهت / سایکۆلۆژیای سکپڕی / بهشی سێیهم و کۆتایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئازادی و ترس »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
