نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

توێژینه‌وه‌ی سۆسیۆسایکۆلۆژی/ ترس له‌بیرکردنه‌وه‌ و ڕه‌فتاری تاکی کورددا ئاماده‌یه‌

یونی 24, 2008

clip_image002.jpg
تۆژینەوەى سۆسیۆسایکۆلۆژی

ترس،لە بیرکردنەوە و ڕەفتارى تاکى کوردا،ئامادەیه‌

توێژەرى کۆمەڵایەتى: حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ

ترس ، بەپێی پێناسەیەکی سادە ئەتوانین بەو حاڵەتە دەروونیء بەو هەڵچوونە ناوزەدەیبکەین کە لە هەستء سۆزی مرۆڤەوە پەیدا ئەبێتء کۆدەمارەکانی جەستە ومێشک بە کاردانەوەکەی هەڵئەستن ، سووڕی خوێنء هەستیاری بینینیء بیستنء هەروەها بیرکردنەوە تێکئەداتء گرژییەک لەگەدەی مرۆڤدا دروست ئەکات !.

زۆر لە دەرونناسانء پزیشکان پێیان وایە کە بوونی ترس لە بیرکردنەوەو ڕەفتاری مرۆڤی ئاساییدا ئامادەگى هەیە، بەڵام بە ڕێژەیەکی دیاریکراو وماقووڵ کە سروشتییەو بگرە زۆر پێویستیشە ، ئەگەر ترس نەبوایە ، ئێمە زۆر ئاسایی بوو بە لامانەوە ، لە نهۆمی دەیەمء بیستەمی ئەپارتمانێکی بەرزەوە خۆمان فڕێئەدایە خوارەوە ، یان ئەگەر ترس نەبوایەء مێشک وبیرکردنەوەمان ئەو فەرمانەی دەرنەکردایە ، رەنگ بوو ڕۆژی هەزاران کەس خۆیان بخستایەتە بەر سەیارەی گەورەو پاسء شەمەندەفەرەوە یان خۆیان فڕێدایەتە ناو دەریاو ڕووباری زۆر قووڵء بێبنەوە .!!

شایانى وتنە پەروەردەى خێزانیی لە کۆمەڵگای کوردیدا ، وەها گۆشیکردوین کە لە بچووکەوە بۆ گەورە لە ئاژەڵ وتاریکیء لە تەنیاییء بگرە لە شوێنی بەرزو لە ئاو وتەنانەت لە قالۆنجەو مشکء جرجیش بترسین .. کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیریء ئازایەتی پەروەردەکار و باوانەوە هەیە ئەگەر دایکێک ترسنۆک بێتء لەمشک زیڕەی کردبێت ، بێگومان مناڵەکانیشی هەر بەو چەشنە پەروەردەو گۆش ئەکات !

ئەزموونی تاکە کەسء دابونەریتء کەلتوری کۆمەڵایەتی ژینگەو دەوروبەر پێوەرء هۆکارن بۆ دروستکردنیء چاندنی تۆوی ترس لەدڵودەرونی مناڵدا .. بیرکردنەوەو ئاستی فێربونء ئەقڵییەتء ڕەفتاری دایکء باوک ، کە لەقسەو کردەوەدا ڕەنگ ئەداتەوە باشترینء گرنگترین کاریگەرن لە پەروەردەکردنی مناڵی ئازا یاخود مناڵی ترسنۆکدا …..!

زۆربەى زۆرى مناڵانى تەمەن( 6) ساڵانە ، کەتەمەنى سەرهەڵدانى ترسە دور نیەء رەنگە دووبارە وەکو مناڵى یەک ساڵ لەدەنگى بەرز بترسنەوە ، ترس لە نامۆء لەتاریکىء لەتووڕەبوونء قیژاندنء لە بە تەنیایى نووستن لەڕیزى یەکەمى ترسەکاندایە . زۆربەى مناڵان لەئاگریان لەبەرزایى یان لە گیانلەبەرى گەورە ئەترسن ، هەندێکیان ئازانء بەغیرەتن بەرامبەر بە ئازارى جەستەیان ، بەڵام لە ڕووشانء برینء خوێن دەترسن .

لەتەمەنى حەوت ساڵییەوە بەرەو ژوورء بەتایبەت لاى ڕەگەزى مێ (لە کۆمەڵگەى کوردیدا) تەفسیرکردنء لێکدانەوەى هەندێک دیمەنء جووڵە بۆ ترس زۆر ئاساییەء گەلێک ڕوودەداتء دوبارەء چەند بارە ئەبێتەوە ، بۆ نمونە سێبەرەکانء جەوڵەى دارودرەخت بە شێوەى دێو و درنجء دەعباء یاخود بەبونەوەرى ترسناک لە ماڵەوە وەکو خیۆ ء جنۆ کە تەفسیرئەکرێت ، بۆیە زۆرێک لەمناڵان ( بگرە لاوەکانیش ) بۆ چونە حەوشەو تەوالێت یان حەمام لە شەوانەدا زۆر ئەترسنء پێویستە گەورەیەک یاوەرىء پاسەوانى بکات بۆ ئەوەى ترسەکەى بڕەوێتەوە .

لاى خۆمان زۆربەى مناڵانى (سەردەمانى زوو) لەقوتابخانە ئەترسان ، هەروەها لە کۆمەڵە شەقاوەیەک ئەترسان کەسەر سیلەى کۆڵانء شەقامیان ئەگرنء لەمناڵانیان ئەداء چەقۆء بۆکس خەنجەریان بەکار ئەهێنا .!هەروەها ترسمان هەبوو لەناو کۆمەڵێک پیاودا قسەبکەین چونکە دوایى دەمکوت ئەکراینء بیرازێک لە لێدانمان ئەچەشت .!

بەشێوەیەکى گشتى چۆنیەتى پەروەردەکردنى مناڵ لەناو خێزاندا ڕەنگ ئەڕێژێتء لەبونیاتنانى کەسێتى مرۆڤدا گەورەترین ڕۆڵى خۆیئەگێڕێت ، خێزان ئەتوانێت لەمبارەیەوە تۆوى ترس لەناخودەرونى مناڵدا بچێنێتء مرۆڤى ترسنۆکى لێدەستەبەربکات ، هەر ئەو خێزانەش ئەتوانێت (بەتایبەتى دایکان.. ئاستى ڕۆشنبیرىء ئەقڵء پتەوى بارى دەرونىء کەسێتى دایکان) مناڵ لەسەر بنچینەیەکى توندءپتەو گۆشبکەنء مرۆڤێکى ئازاء نەبەردى لێدروست بکەن …!

ترس ، کاریگەریەکى نێگەتیڤء خراپى بەسەر کەسێتى تاکى کوردەوە جێهێشتوە کە لەڕەفتارو بیرکردنەوەء ئیشوکارماندا رەنگئەداتەوە ، ئێمەیەک کە لەمناڵیدا ترساوین کەسێتییەکى لەرزۆکء لاواز پەشێومان هەیە ، هەمیشە هەست بەکەمىء بەکەسێتى لاوازء بێهێزى خۆمان ئەکەین ، دڵەڕاوکەء خەمۆکىء نیگەرانىء پەرێشانى لەخەسڵەتە گرنگەکانى کەسێتى کوردە !!

ترس ، کارو کاردانەوەیە و کارلێکەرى کیمیایى لەنێو جەستەء ئەندامەکانى لەشدا دەخەمڵێنێ

، مێشک فەرمانێکى پێچەوانە دەرئەکات ، سووڕى خوێن گۆڕانى بەسەردا دێت.. ترپەى دڵ زیاد ئەکات ، ئارەقەء ئارەقکردنەوە سەراپاى جەستە داگیرئەکات ، ئەژنۆ ئەلەرزێت ، هەستیارى بینین ئەشێوێت ، کە ئەوانەش بەهۆى دەردانى ئەنزایمێکەوەیەء ئەگەر ئەم حاڵەتانەى ترسء خروپەء تۆقین دووبارەء چەند بارە ببنەوە ، دوور نیە توشى نەخۆشى شەکرەى نەکات یان دڵە خورپەء ڕاوکە (الخفقان) یەکێکیترە لەو نەخۆشیانەء لەبیرکردنەوەء لەڕەوشتى ئەو کەسەدا رەنگئەداتەوە ..ئەوکەسەى ترس زاڵبووە بەسەریدا کەمتر جووڵەو ئیشى پێئەکرێت داهێنان لە مێشکیدا ئەسڕدرێتەوە وردە وردە پەراوێز ئەبێتء خۆى خۆى گۆشەگیر ئەکات …

گەورەبوونء تەشەنەکردنى ترس لەگەڵ گەورەبوونء چوونە تەمەنەوەیە کەسێتى مرۆڤى ترسنۆک زەمینەى خۆشترە بۆوەى دووچارى نەخۆشیە دەروونیەکان ببێتەوە هەر بۆ وێنە ترس لەئاژەڵء گیانەوەرى وەکو پشیلەء سەگء مشک (کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا زۆربەى بەربڵاء فراوانە ) کاردانەوەى نێگەتیڤء خراپى ئەبێت لە دروستکردنى ترسء ڕقء تۆڵەکردنەوەدا لە ئاژەڵان بەگشتىء ئەمەش زۆر خراپەء لەڕەوشتدا رەنگ ئەداتەوە .!/ کاتێک ئەچینە هەندەران ئەوجا ئەزانین کە کەسێتى ئێمە چەندە جیاوازە و ئاسایی نیە!!

لە کۆمەڵگاى کوردیدا ، ترس لەتاریکىء لەتەنیا نووستنء لەبەرزایىء لەئاگرء ئاو … هتد زۆر ئاساییە کە بێگومان زۆر خراپە.. ترس کەسێتییەکى لاوازء شکستى هێناوەتە بەرهەم ، بۆیە نەبوونى ئیرادەء ویستء متمانە بەخۆ بوون سەریهەڵداوە لە ناوماندا.. کە بووەتە نەخۆشىء لە جیاتى ئەوەى بنیاتنەر بین ڕووخێنەرین.. کەسێتى ئێمەى لە سروشتیەوە گۆڕیوە بۆ نا سروشتی ،ترس ئێمەى ئازادء ئازاى کردۆتە کۆیلەء بێدەرەتانء ترسنۆک، کە هێدى هێدى ترس گەمارۆى هەموو ئەندامەکانى لەشء جەستەمانى داوە .. ئەقڵء رۆحء دەروونء هەستء بیرکردنەوەء ڕەفتارى شێواندوین ، ئاسوودەیى وبەختەوەرى لێزەوتکردوین.. نیگەرانىء دڵە ڕاوکێ ء پەرێشانى جێگەى گرتۆتەوە …ڕێژەى متمانەء باوەڕ بەخۆء بەدەوروبەرى لە هزرماندا کەمترکردۆتەوە ….گومانء دودڵىء ترس لەهەموو شتێ تیاماندا زیادیکردوە .. هیچ هێزء توانایەکى ئەوتۆمان تیا نەماوە ، بۆوەى بەڕاشکاوىء بە بێ دودڵى بڕیاربدەین.. تواناى بەرەنگاربونەوەء بەرگرى لەخۆکردنى تیاناماوە، لەهەموو هەڕەشەو دەسەڵاتێک ئەترسین.. مل بۆ هەموو شتێک کەچ ئەکەین ،ئێمە ناتوانین ئازاو چەلەنگ تێبکۆشین …. بە کورتى و بەکوردى : ئێمە ناتوانین ئازادانەء ئازایانە بڕیار بدەین ء بەوپەڕى ئیرادە بەرزییەوە ژیانێکى شایستە بۆ خۆمان ونەوەى دواى خۆمان بنیات بنێین ..!

هەروەها ترس ڕۆڵى هەیە لە خەفەکردنء چەپاندنى حەزء ئارەزووەکانمان ، لەئەنجامى ترسدا هەموو ئاشکراو نهێنییەکمان خەفە کراوەء شاردراوەتەوە ، بۆیە ئێمە دەترسین وهەمیشە هەست بە تاوانێک دەکەین وخۆمان بەتاوانبار وخراپ دێتە پێشچاو ، کە ئیدى ناتوانین هیچ گرفتء کێشەیەک چارەسەربکەین..ئێمە خۆمان پێکەمەء هەست بەکەمیئەکەین ، هەست بە بەرپرسیارێتىء شیکارکردنء چارەسەرکردنى ئاریشەو گرفتەکانمان لەژیانى خۆمان وژیانى خێزانماندا ناکەین …. بەپێچەوانەوە ئێمە لەساى پەروەردەی چەواشەمانەوە ، زۆر زەلیلء داماوین، هەربۆیەشە هەمیشە فەرمانء داخوازى کەسانى دەسەڵاتدارء بەهێز قبوڵ ئەکەینء مەسینەدانەرى کەسانى بەرپرسء دەوڵەمەندین …!

چارە و پێشنیار بۆ پەروەردەکاران بە تایبەت ئەو دایکانەى دەستەمۆکردنى مناڵ بەباشدەزانن و ترسنۆک و لاواز گۆشیانئەکەن :- پێش هەموو شتێک، باوان پێویستە ئاگادارى ئەوەبن کە لە قۆناغى منداڵیدا بە هیچ شێوەیەک نابێت بوونى ترس بە هەموو شێوە و جۆرەکانییەوە پشتگوێ بخەن، کە ئیدى منداڵ ناتوانێت بە ئاسانى و بە سروشتى هاتوچۆبکات و تواناى راپەڕاندنى کارەکانى خۆى کەمتر دەبێتەوە، پێویستە لەسەر باوان کە هاوکارییان هەبێت، بۆ وێنە زۆربەى زۆرى مناڵان لە تاریکى دەترسن، بە تایبەت مناڵ لە تەمەنەکانى (3-6) ساڵى، کەواتە بۆ ئەوەى منداڵ بە ئاسوودەیى بخەوێت و کەمخەویى کاریگەرى نەبێت بۆ سەر لەشساغى و بیرکردنەوەیەوە، پێویستە کاردانەوەى باوانیشی بەرامبەر بە مەترسییەکانى (ترس) رادەبەدەر نەبێت و ئاسایى بێت، ئامۆژگارى وەکو (ئاگاتان لە خۆتان بێت!) زۆر پێویستە و مناڵ ئەتوانێت بەوهاوکاریى و پشتگیرییە، بەرگرى بەرامبەر بە ترس و شتى نامۆ پەیدا بکات….

پێویستە زۆر بە هێمنى و دوور لە تووڕەیى و گاڵتەپێکردن و رەخنە و توانجى نەگونجاو کە مناڵەکە تەریق بێتەوە و پێی بشکێت، ئامۆژگاریى و رێنوومایى مناڵ بکرێت بۆ ئەوەى نیگەرانیەکەى بڕەوێتەوە، هەوڵبدرێت ترسەکەى بیربچێتەوە، نەوەک بۆ ماوەیەکى کورت بشاردرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بە تووڕەییەوە ترسەکەى لە لا کەمبکەینەوە، لە ناخ و دەروونى مناڵەکەدا زیاتر ئەبێت و وردە وردە رەگ دائەکوتێ…!

لەگەڵ رێنوومایى هێمن و پشتگیرى ئاسایى (نەک لە باوەشگرتنى و ماچکردنى) مناڵەکە پێویستە رەفتارى نەترسانە و عەمەلی و پراکتیکى لەگەڵ مناڵەکەدا بچنە سەرچاوەى ترسەکە و پشکنین ئەنجامبدەن، باشترە لە قسە و درێژدادڕى.

پێویستە مناڵ هانبدرێت بچێتە تاریکى و لەگەڵ ئاژەڵاندا یاریبکات، نەوەکو بترسێنرێت لێیان..! کەواتەدەستنیشانکردن و دیاریکردنى هۆکارەکان و سەرچاوەکانى ترس زۆر پێویستە بۆ ئەوەى هەوڵ بدرێت بەشتە نادیار و نامۆکان ئاشناتر ببێت…

بەڵام پێویستە سەرچاوەى ترسەکان بەپێى جۆریان کە هەندێکیان سوودبەخشن و هەندێکى تریان زیانبەخشن، لە مناڵ جیابکرێنەوە رێنوومایى کردنى بە دوورکەوتنەوە لە زیانبەخشەکان و پێویستە و گرنگە.. کەواتە دوورخستنەوەى مناڵ لە ئاگر و ئاوى قووڵ و مار و مشک و پشیلە کارێکى باشە، بەڵام زۆر شتى تر هەن پێویستە هۆگرى و ئاشنایەتى لەگەڵدا پەیدا بکات….!

هەوڵ بدرێت رەفتارى دایک و باوکێکى ترساو یان راچڵەکیو لە شتێکى نامۆ لەبەردەم مناڵدا ئەنجام نەدرێت، چونکە باوان نموونەن بۆ مناڵان و لاسایکردنەوەى گەورە شتێکى زۆر شیاوە، بەرگرى لەو مناڵە ترساوە بکرێت و پشتگیرى بکرێت پێویستە، هەروەها حەساسیەت لە نێوان مناڵى ترسا و خوشک و براکانیدا نەهێڵدرێت و بەریەککەوتن و هەستى نامۆ و سڵ لە یەکتر کردنەوەى نێوانیان زۆر خراپە و پێویستە چارەسەر بکرێت… دروستکردنى پەیوەندییەکى گەرم و هاوڕێیانە لەگەڵ مناڵێکدا کە ترساوە زۆر گرنکە، تەنانەت ئەگەر رێژەى ترسەکە بەرزە و کاریگەرى کردووەتە خەو بزڕکان و خەوزڕاندن و کەمخۆرى و بیکردنەوەى مناڵەکە، پێویستە پیشانى نۆژدارى دەروونناس و پسپۆڕ بدرێت، هەوڵبدرێت زانیارى مناڵ زیاد بکرێت سەبارەت بە ئاگر و تاریکى و ئاژەڵان، بۆ ئەوەى بیرکردنەوەى خراپ و کاردانەوەى خەیاڵى خراپ و ناخۆش لە مێشکیدا سەبارەت بەو شتانە دروست نەکات… چونکە خەیاڵى مناڵ زۆر تیژ و کاریگەرە، زۆر فراوان و بێسنوورە… لەگەڵ پێدانى زانیارى و رێنووماییدا، چیرۆکى ئازایەتى کەسانى چاونەترس و نەبەردى بۆ بگێڕینەوە، دڵنیای بکەن کە تاریکى و هەندێک ئاژەڵ مەترسییان نییە، بەو مەبەستەى مناڵ بەسەر ترسدا زاڵببێت و بەهێزترببێت، هەندێک مەشق و هاتوچۆى پراکتیکى پێبکەن و لە نێو تاریکیدا بۆ چەند خوولەکێک جێیان بهێڵن (بۆ نموونە)…. هەروەها لە ئاکامى کردنى ئەو کارەدا پاداشتى مەعنەوییان بدەنێ، وەکو بردنیان بۆ دەرەوە وبۆ باخچە و بۆ سینەما…هتد!

هەوڵبدەن بە یارمەتى(پسپۆڕ و پزیشک) مناڵتان حەز لە ئارامیى و لە هەمانکاتدا بە هێزى و ئازایەتى بکات… فێرى ئەوە بکرێت کە متمانەى بە قسەو رەفتارى باوانى هەبێت (بەمەرجێک دایک و باوک ترسنۆک و تووڕە و هەڵەشە نەبن!) بۆ ئەوەى مناڵیش پشت بە خۆی و بە ئیرادە و ویستى خۆى ببەستێت… فێرى هێمنى و ئارامیى و هەناسەدانى قووڵ و درێژ بکەن… لەگەڵ تاریکى و دەنگى بەرز و شوێنى بەرزدا رایبێنن، ئامۆژگارى بدەنێ و خراپە و باشەکانى ترسى بۆ شیبکەنەوە، چونکە باشترە (بۆ نموونە) لە شوێنى بەرزەوە بترسێت کە خۆى هەڵنەداتە خوارەوە، یان خۆى فڕێ نەداتە نێو رووبار و دەریاوە کە هێشتا مەلە فێرنەبووبێت… ئەو ترسە زۆر ئیجابى و پێویستە، ئەگینا ئەگەر فێرى ئەو ترسە نەکراینایە… هەموو رۆژێک بە سەدان خەڵکى خۆیان لە چیا و هەڵدێر و ئاپارتمانەوە فڕێ ئەدایە سەر زەوى یان نێو ئاوەوە…!

زۆر گرنگە توند و تیژ نەبن لەگەڵ ئەوانەدا کە ترسیان هەیە، پەیوەندییەکى هاوڕێیانەى متمانەپێکراو دروست بکەن، بتوانن درۆیان لەگەڵدا نەکەن و راستیەکان بڵێن، هیچ شتێک بە شاراوەیى مەهێڵنەوە، وەڵامى راستى بۆ پرسیارەکان بدەنەوە… گفت و پەیمانى درۆ بە هیچ کەسێک مەدەن بۆ ئەوەى دڵیان نەشکێت و لێیان نەڕەنجێنن، دەربارەى ژیان و مردن، هەموو شتێک باس بکەن، بەڵام بە پێى تەمەنى گونجاو، بە مەبەستى ئەوەى گریان لە بیر مناڵەکانتان بەرنەوە، یان بیانخەوێنێت مەیانترسێنن، پێویست ناکات مناڵ بترسێنرێت، شایەنى باسکردنە و ئەوەى کە دیارە و زۆر دووبارە ئەبێتەوە، ئەوەیە کە مناڵان بە دەرزى و دکتۆر و خەستەخانە ئەترسێنرێت… کە ئەمەش کار و رەفتارێکى زۆرخراپە، چونکە زۆرێک لە ئێمە لە دەرزى و لە چوونمان بۆ کلینیک (عیادە)ى پزیشکان و نەشتەرگەریى ئەترسین، کەم نیین ئەو کەسانەى کە گەورەشن و لە دەرزى لێدان ئەترسن، کەواتە بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکان، ئەو جۆرە کەسانە ناوێرن و ئەترسن بچن بۆ لاى دکتۆر یان بۆ جێگەى دەرزى لێدان و دیارە ئەم کارەش ماک و پاشماوەى خراپ جێدێڵێت لە جەستە و لەسەر ئەندامەکانى لەشى مرۆڤ بە گشتى…!

کەواتە هەندێک ئاخاوتن و کردەوە و مامەڵە هەن لە باوانەوە بە هەڵە ئەگوێزرێنەوە بۆ نەوەى نوێ و وەکو پەیام و مەشخەڵێک نەوە دواى نەوە کۆپى ئەکاتەوە و تۆخترى ئەکاتەوە.. کە لە راستیدا زۆر هەڵەن و بە چەواشەیى مناڵ و نەوەى نوێ فێر ئەکرێت و گۆش ئەبێت لەگەڵ هەندێک حاڵەتدا (لەوانەش ترس) کە چارەسەرکردنى و بەرگریکردن لێیان ئەستەم و دژوار ئەبێت، بە تایبەت لەم کۆمەڵگە دواکەوتووە بێسەروبەرەیەى ئێمەدا کە دوایەمین شتێک گرنگى پێبدرێت مرۆڤە و دوایەمین وێستگەش دەرون و هەست و بیرکردنەوەى مرۆڤى کوردە….بۆیە کاریگەرییەکانى ترس بەسەر کەسێتى مرۆڤەوە دژوار و کوشندە دەبێت، چونکە پەروەردە و گۆشکردنى مناڵ، رێنوومایى و ئامۆژگارى بەخشین چەواشە و نادەربەستە، نەزان و جاهیل رۆژ دواى رۆژ لە زیادبووندان…

لێرە (مەخابن و ئەفسووس) گرنگى بە مرۆڤ و بە کەسایەتى مرۆڤ نادرێت، مامەڵەى توند و قسەى رەق و باسکردنى دڕەندە ودەعبا، زەمینەى زۆر بۆ خۆشکراوە… رابواردن بە کەسانى شێت و دێوانە، بە ناشیرین و بێهێز، بە ترسنۆک و ترساو، بە هەژار و هەتیو، بە رەگەزى مێینەو بە پیر و کەنەفت پیشە و رەفتارێکن و بەربڵاون، رۆژانە ئەم هەڵسوکەوت و کردەوانە جمەیان دێت و بێسرەوتن…!

رۆڵى کۆمەڵناس و دەروونناس، توێژەکان، پزیشکەکان، بەرپرسەکان، بەڕێوەبەر و پیاوانى ئایینى، پسپۆڕەکانى بوارى ئەکادیمى و دکتۆراکانى زانکۆ، ئەفسووس کە رۆڵى زۆربەیان کز و لاوازە، قسە و ئامۆژکارى و وتار و کتێبەکانیان رژد و بێ مروەتن… زۆرکەمن ئەوانەى دڵسۆزن و خەمخۆرن، تەنانەت بە دەربڕینى وشەیەکیش رەزیل و رژدن، بۆیە کاریگەرى ترس و دڵەڕاوکێ و خەمۆکى و راڕایى و وەسواسى و رق و کینە و بێ متمانەیى و درۆ و نامۆیى و بێ ویژدانى و دوورەبەکیى و …هتد لەسەر کەسایەتى و بیرکردنەوەى مرۆڤ زۆر سەخت و قورسن، بگرە لەسەر خێزان و کۆمەڵگەى کوردى هاوچەرخیش دژوار و دژوارترن..!

تێبینى : سوود لە گەلێک سەرچاوە وەرگیراوە ..

لەهاوپۆلی: کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« ڕه‌هه‌ندی شوێن له‌زمانی جه‌سته‌دا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سایکۆلۆژیای هاتوچۆ Traffic Psychology »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional