یونی 21, 2008
لە دیدگاى سۆسیۆلۆژیاوە پێناسەیەک بۆ بێئومێدی ونامۆیی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا
ئامادەکردنى : توێژهری کۆمهڵایهتی
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
بێئومێدیء نامۆیی ئەو بارودۆخە دەرونیء کۆمەڵایەتیەیە کە بەتەواوی کار لە هەڵسوکەوتء ژیانی تاکەکەسی دەکاتء وای لێدەکات کەدوورەپەرێزو گۆشەگیر بێت لە هەندێک لەراستیەکانی ژیانء گوزەرانی کۆمەڵایەتی ، ئەم دۆزە جێی گفتوگۆو مشتومڕی زۆرێک لە بیرمەندو فەیلەسوفء مەزنە ئەدیبەکان بووە لە مێژووی بیری کۆمەڵایەتیء مرۆڤایەتیدا .
بۆ وێنە هەریەکە لە زانایانی وەکو (میلڤن زمین ء پرۆفیسۆر ئارنیب ) گەلێک لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە سەبارەت بەبیری کۆمەڵایەتی وشیکردنەوەی کۆمەڵایەتی ء گرنگیان داوە بەتایبەت بە دۆزی بێئومێدیء نامۆیی لە تێکڕای توژینەوەکانیاندا ، لەوانەش لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگا لۆکاڵیەکان (Local Society ) .. کە ناتوانرێت بەئاسانیء بەخێرایی سنووری مانای ئەم زاراوەیە باس بکەین لەرووی تێورییەوە ..
بۆ تۆژینەوەی کۆمەڵایەتی سەبارەت بەم دۆزە گرنگء هەستیارە پێویست بەدانانی بناغەو رێسایەک دەکرێت ، چونکە ئەم بابەتە پەیوەستە بەچەندین بابەتء زانستی مرۆڤایەتییەوە ، لەوانەش زانستەکانی : سۆسێولۆژیاو سایکۆلۆژیا بەتایبەتی قوتابخانەی شیکاری دەروونیء فەلسەفەء ڕامیاریء هتد …..
ئەوەی لەمبارەیەوە شایانی باسکردنە ، ئەوەیە کە زانستی سۆسیۆلۆژیا / کۆمەڵناسی لەسەرووی هەمووزانستەکانی ترەوەیەو بایەخء گرنگی ئەوتۆی داوە بەدۆزی بێئومێدیء نامۆیی تاکەکەس لە کۆمەڵگادا ، چونکە زانستی کۆمەڵناسی گرنگی دەدات بە تاکە کەسء ڕەفتارو بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی تاڵ لە کۆمەڵگادا ولەهۆکارو فاکتەرەکان دەکۆڵێتەوە وشیکردنەوەو دەرخستنی دیاردەی کۆمەڵایەتیء هەرەوەها بەرچاوخستنی رێگەچارەکان ئەرکی سەرشانی کۆمەڵناسییە …!
بەڵام لەراستیداو هەتاکو کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم شیکردنەوەو ڕاڤەکاری لەبواری (بێئومێدیء نامۆیی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا) بەکەمء بەکێماسیء کەموکوڕیء سەرپێی ناوزەد دەکرێن …
ئاستەنگی هەرە گەورە لەبەردەم دیاریکردنء دەستنیشانکردنی ماناو واتای ئەم چەمکەدا ئەوەیە کە ئەم زاراوەیە زۆر بەفراوانیء گشتگیریء هەمەلایەنەی (شیکردنەوەی زانستەکان ) بەکار هاتووە ، بۆ نموونە لەبوارەکانی : دەمارگیریء ڕەگەزیء دابڕانء جیاکاری ڕەگەزیء نەخۆشی ژیریء وشیاری چینایەتیء هاوڕکیء ململانێی سیاسیء ژیاریدا بەکار هاتوون !
بەڵام دواجار چەند هەوڵێکی باشء دیار دراوە بۆ ئەوەی کە ئەم چەمک وزاراوەیە شیبکاتەوە ، بەتایبەتیش پاش ئەو لێکۆڵینەوە تێرو تەسەلەی کە (دی دیەن D.Dian) وجی نیتلەر G.Nietler ) ئەنجامیانداوە ، دەیان لێکۆڵینەوەی لەژێرناوی : بێئومێدیء نامۆییء واتاو پێوەرەکانی نووسیوە ، لە گۆڤاری کۆمەڵناسیی ئەمریکیدا بڵاوی کردۆتەوە ، هەرچی جی نیتلەرە تۆژینەوەی بەناوی : پێوانەکردنی بێئومێدیء نامۆییدا بڵاوکردەوەء لەهەمان گۆڤاردابوو .!
شایانی باسکردنە ، زانای ئەڵمانی (کارل مارکس (Karl Marx) لەتیۆرییە ئابووریء سۆسیۆلۆژییەکەی خۆیدا ئەم زاراوەء چەمکە گرنگەی بەکارهێناوە ، پاش ئەوەی لەبناغەوە ماناو واتاکەی گۆڕی ، ئەو واتاو مانا ئایدیاییەی کە فەلسەفەی ئایدیالیستی کڵێشەی بۆ کێشابوو ، مارکس سووربوو لەسەرگرنگی دەوڵەتء دواجار بوونی کۆمەڵایەتی تاکەکەس ، هەر بۆیە دەڵێت ، ئەو ڕەوشەی کە کۆمەڵگای سەرمایەداری هێناویەتە بەرهەم بێگومان دواجار بێئومێدیءنامۆیی فەراهەم دەکات .. چونکە بوارو توانستی ئەوتۆ ، هەروەها خۆشگوزەرانیءئاسوودەیی بۆ کرێکاران دەستەبەر ناکات کە بتوانن بەختەوەری لەبژێوی ئابووریء کۆمەڵایەتییدا مەیسەر بکەن !
مارکس ، پێیوایە کە کرێکار لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ، هەست بە ئومێدو هیواو بەختیاریء قەناعەت ناکات لەکارەکەیداو بەری ڕەنجء تێکۆشانء ماندووێتیەکەی بۆخۆی نیە ، هەر ئەم هۆکارەشە کە کرێکار هەست بکات هۆیەکانی بەرهەمهێنان بەلایەوە نامۆ ونەناسراو بەخۆی بێت وبێئومێدو نامۆ بیربکاتەوەو هەست بکات ، بەم پێودانگەش کرێکار بەڕای مارکس ئەو بوونەوەرە کە بێئومێدو نامۆیەء لەسروشتی ڕاستەقینەی بەمرۆڤبوونی خۆی بێبەری بێت .
ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە دابەشکردنی کارو نایەکسانی لە دابەشکردنی قازانجء دەسەڵاتدا کە خەسڵەتی ئاشکرای بەرهەمهێنراوی پێشەسازی سەرمایەدارییە بۆتە ئاستەنگء بەربەست لەبەردەم کرێکاردا کە هەمیشە نەتوانێت وزەوتوانستی لەبن نەهاتووی خۆی بخاتە گەڕ ، هەروەها بۆتە هۆی بەفیڕۆ ڕۆیشتنی ئەو وزە نادیارەی کە ناتوانێت بەکاری بێنێت بۆخودی خۆی .
هەر لەم بوارەوە بیرمەندی ناودار (ئێریک فرۆم ( Eric Fromm ) لە کتێبێکی خۆیدا بەنێوی : کۆمەڵگای تەندروست ،چەند ڕاوێژو پێشنیهادێکی سەبارەت بەخەسڵەتی بێئومێدیء نامۆیی مرۆڤەوە خستۆتە بەرچاو کە تاوەکو ڕادەیەکی ئەوتۆ لەگەڵ وێناکردنی مارکسدا هاوتان ..!
نامۆییء بێئومێدی بەپێی بۆچوونی فرۆم ئەو ڕەوشء بارودۆخەیە کە مرۆڤ واهەست دەکات کە خاوەنی وزەو تواناو سامانی خودی خۆی نیەو هەمیشە وا هەستدەکات کە بوونەوەرێکی ناچالاکء بێدەسەڵاتەو بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی پشت بەهێزێکی دەرەکیء نامۆ دەبەستێت ، کە لەپێکهاتەی خودی خۆیء جەستەی خۆیء هەستء بیرکردنەوەی خۆی بەدەرە …!
زۆربەی زۆری لێکۆڵینەوە تۆژێنەوەو نوێیەکان کە سەبارەت بە بیئومێدیء نامۆیی ئەنجامدراون ، پشتیان بە بۆچوونە زانستیەکانی کۆمەڵناسی ئەڵمانى (جۆرج زیمیل) بەستووە .
(ج .زیمیل) چەمکی بیئومێدیء نامۆیی بەجووداء بەتایبەت لە بەخشنی ماناو واتادا بەکار هێناوە ، ئەم چەمکە گرنگەی لەسێ بەکارهێناندا گوزارشت پێکردووە ، یەکەمیان : مرۆڤی بێئومێدو نامۆ ئەو بوونەوەرەیە کە هەست بەبێدەسەڵاتیء بێتوانایی دەکات ، هەر ئەم هەستکردنەشە کەوا لەو مرۆڤە دەکات هێزو کاریگەری هەبێتء ڕەوشی کۆمەڵایەتی خۆیء کۆمەڵگاکەی بگۆڕێت …. دووەمیش بریتیە لەوەی کە مرۆڤی بێئومێدو نامۆ کە خەونء ئاواتء ئامانجء مەبەستێکی دیاریکراوی نیە کە توانای بداتێ بەرەنگاری ئاریشەو ئاستەنگەکانی بەردەم هێنانەدی ئامانجء ڕەفتارەکانی خۆی بێت … دواجاریش نەتوانێت بیروبۆچوونەکانی هاوسەنگء رێکء دپسپلین بکات !
سێیەم : نەبوونی پێوەرە ، مرۆڤی بێئومێدء نامۆ زۆربەی کات وا هەستدەکات ئەگەر بیەوێت بەمەبەستەکانی بگات پێویست ناکات بەپێی ئەو پێوەرانەی کە لەژیانی کۆمەڵایەتیدا دانراون هەڵسوکەوت بکات !
(زیمیل) زۆری هەوڵدا دۆزی بێئومێدیء نامۆیی ڕزگار بکات لە تەمومژو ئاڵۆزکاری بەجیاکردنەوەی بەکارهێنانی بۆ ئەوەی لەتوێژینەوەء لێکۆڵینەوە زانستیەکاندا بە ئاسانیء بێ شێواندن تەمومژ بەکار نەیەت … دوا ماناو واتای بێئومێدیء نامۆیی بە دوورە پەرێزیء گۆشەگیری دێت ، بەو واتایەی کەسی بێئومێدو نامۆ وا هەستدەکات کە ئامانجی کەلتووری (شارستانیء ڕۆشنبیری ) کۆمەڵگاکەی بەلایەوە نامۆن ، بەپێی بۆچوونی (زیمیل) هەموو ئەم بەکارهێنانانەی چەمکی بێئومێدیء نامۆیی پێویستە هەریەکە سەربەخۆ لەوی دیکە بەکاربێن ، سەربەخۆیشیان پێکنایەت بەبێ بەکارهێنانی پێوەری هەڵوێست بۆ دیاریکردنء جیاکردنەوەی یەکێکیان لەوەی دیکەیان بەڵام زۆربەی ئەم هەوڵدانانەی کە مەبەستیان بوو زارەوەو چەمکی نامۆیی شێوازێکی بابەتیء زانستی وەربگرێتء پشت ببەستێت بە توێژنەوەو لێکۆڵینەوە ڕووبەرووی گەلێک ڕەخنەو رەتکردنەوە بوو لەلایەن چەندان زانای کۆمەڵناسیەوە .!! لەبەر ئەوەی زانستی کۆمەڵناسی پێویستە گرنگی بدات بە (بەهاکان) دەربارەی چۆنێتیء سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتیء بۆی هەیە کە فەرمانی (بەهاکان) ڕونبکاتەوەو تێورییە نوێیەکان کە لەسەر بنچینەی تۆژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئاستی هەڵوێستی بۆ ڕەفتاری کۆمەڵایەتی کە پەیوەندییان بەسیماو گەوهەری پێکهاتووی کۆمەڵایەتییەوە هەیە .
پێ بەپێی بۆچوونی مارکس ، باری کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی دەرکەوتنء سەرهەڵدانی هەستی بێئومێدیء نامۆیی لای کەسانی کۆمەڵگا .. ئەم بارە کۆمەڵایەتییەش لەشێوەی رێکخراوە بەرهەمهێنء پیشیەکاندا دەردەکەوێت ، بەڵام هەریەک لە (بارسۆنزی) کۆمەڵناسی ئەمەریکاییء (کۆرن هۆسلەر) بڕوایان وایە کە هۆی دەرکەوتنی هەستی بێئومێدیء نامۆیی هەڵوەشاندنەوەوە لەناوچوونی کۆمەڵء دەستە سەربەخۆکانە لەکۆمەڵگادا وەک کۆمەڵء دەستەی ئەهلی ، کۆمەڵی لۆکاڵیء ناوچەیی ، هەروەها کۆمەڵی ڕەگەزیء ئیتنی .
بەڵام هەندێک زانای دیکە ، بڕوایان دەربارەی ئەم چەمکە گرنگء هەستیارە ، کە هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی نامۆیی بەفراوانبوونی کۆمەڵگاو گۆڕانی پەیوەندییەکانە بە پەیوەندی فەرمی (کۆمەڵایەتی ) هەندێکی دیکە دەڵێن ، گوایە نامۆیی لەرێکخراوە بیرۆکراسیء دامو دەزگا فەرمیەکاندا دەردەکەوێت .. !
سوود لەم دوو کتێبە وەرگیراوە :
معجم علم الاجتماع - محمد احسان - بیروت 1999
موسوعة فلسفیة روزنتال و.ب یودین -بیروت-1981
لەهاوپۆلی: کۆمهڵناسی
« چۆن ڕهفتار لهگهڵ مناڵهکانماندا بکهین وهک دایک و باوک و مامۆستا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | نهخۆشیه دهروونیهکان لهنێوان شاردنهوه و ڕاوێژکردندا »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
