نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ئیشی دووه‌می موچه‌خۆر گه‌نده‌ڵییه‌

حوزه‌یران 16, 2008

324.jpgئیشى دووەمی موچەخۆر ، گەندەڵییە
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

کارکردن، هرز و ئەقڵ و بیرکردنەوەى لە دۆخە ستاتیکییەکەیەوە بۆ دۆخى دینامیکى وەرچەرخاند، مرۆڤی لە بوونەوەرەکانى دیکەى سەرزەمین جووداکردەوە، مرۆڤ کاردەکات بۆ ئەوەى بژێوى و گوزەرانى ژیانى بەڕێوەبەرێت، لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەى ژینگە و کۆمەڵگاکەى جوانتر و رێکوپێکتر و ئاسوودەتر بسازێنێ، لە پێناو ئەوەدا وەچەکانى ئەوەدا وەچەکانى دواى خۆى لاسای ئەو بکەنەوە و هەمان رێچکە بگرنەبەر! مرۆڤ زۆردەمێکە دروشم و پەندى سەرزمان و ژێرزمانى ئەوەیە کە رۆڵەکانى خۆى هان بدات، کاربکەن… کارکردن لە کەلتوورى زۆربەى گەلاندا گرێدراوە بە ئاکار و شەرەف و پیاوەتى و شکۆمەندى مرۆڤەوە..مرۆڤەکانى سەرگۆى ئەم هەسارە لەوەدا لەیەکدی دەچن کە هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە کاربکەن…!
لە کۆمەڵگاى کوردیشدا، دروشم و مەشخەڵى دەستى باوکان بەرامبەر بە کوڕان بە (تایبەتى)، هاندان و بزاواندنیانە بەرەو ئیشکردن .. کورد بۆیە حەز بە زۆرى مەنداڵ (بە تایبەتى کوڕ) دەکات،بۆ ئەوەى ببنە هاریکار و بژێو پەیداکارى خێزان، هەر لە قۆناغى شوانکارى و رەوەندییەوە تا دەگات بە کشتوکاڵى و وردە سەنعەت لە شارۆچکە و شارەکاندا، کورد، کارگەر و ئیشکەربوون، لەگەڵ هەڵهاتنى خۆردا، دەستبەکاربوون و هەتا خۆرئاوابوون نەگەڕاونەتەوە نێو ماڵ و منداڵیان، لە هەموو بوارەکاندا سەرقاڵبوون، سەردەمانێک هێندەیان کارکردووە کە بەرهەمیان هەناردەى ئەمدیو و ئەودیوى زێدەکەشیان کردووە.!
کەواتە ئەگەر یەکێک بێت و حازربەدەست، کاڵفامانە، بڕیارێکى سەرپێى سەپاندو و وتى : تاکى کورد و میللەتى کورد، تەمەڵ و تەوەزەلن و کارناکەن و ئیشنەکەرن، ئەو کەسە ئامانج و راستى ناپێکێ، ئێمە پێى دەڵێن: قوربان، واینییە ئەم فەرموودەیە پێچەوانەیە، لە دواى راپەڕینەوە، یان باشتر بڵێین، دواى کوژاندنەوەى دوکەڵى بارودى (برا کوژییەکە) هەموو پێوەرەکانى لنگە وقووچ و قڵپکردەوە، دیاردەیەکى دیکەى زۆر ناجۆر و ناقووڵا و نابەجێ لە خاکى ئەم نیشتمانەدا وەکو برینێکى گەورەى شێرپەنجە، بەسەر هەنیە و نێوچاوانى دامودەزگا حزبیى و حکومییەکانەوە، هەڵتۆقى و سیماى ئابوورى و بەڕێوەبردنى شێواندووە و قێزەوەن و قەپۆزى کردووە..! بۆتە هۆکارێکى زۆرکاریگەر لە دروستبوون و خەملاندنى گەندەڵیی کارکردن و ئیش راپەڕاندن و خزمەتگوزارى پێشکەشکردندا…!
کارى دووەم و سێیەمى مووچەحۆر، خۆى گەندەڵییە و ئەو جێ و شوێَنکارە دەکات بە گەندەڵستان! مووچەخۆر و کارمەند و مامۆستا، مرۆڤن، مرۆڤیش وزە و توانا و تاقەتێکى سنووردار و قورمیشکراوى هەیە، کات و زەمەنى ستانداردى جیهانى جیهانى برتییە لە هەشت کاتژمێر.. کە لە نێوان و ناوقەدەى ئەو بڕە کاژێرانەدا، یەک کاژێریان بۆ نانخواردن و پشوودان و حەوەندانەوەیە….!
کارمەند و مووچەخۆرى ئەم دەور و زەمانە، هەتا نێوەڕۆ لاى حکومەت یان لاى حیزب کاردەکات، (بەڵام چۆن کارێک، سیخناخ لە گەندەڵى و نادەربەستى و خۆ مژوول و سەرقاڵکردن بە گفتوگۆ و دەمەتەقێى نێوان کارمەندەکانى هەمان ژوورى دایرە و دەزگاوە… چەند کاژێرێک بۆ جگەرەکێشان و چاو و قاوەخواردنەوە و تەلەفونکردن بە نۆرماڵى بەلاش، یان بە موبایلى لاقەدەوە… چەند کاژێرێکیش بۆ سوورا و ئارایشتى خاتوونە مووچەخۆرەکان…!).
پاشان دواى پاش نیوەڕۆ، بۆ نزیکەى (1-4) کاژێرێک و رەنگە کەمتریش دەچێتە شوێنکارێکى دیکە، جا یان حیزبییە یان رێکخراوەیى و سەنتەرییە، یان ئەهلى و کۆمپانیا و شەخسییە…!
ئەم کارى پاش نیوەڕوانە، کە کار و ئیشى دووەمینە، دوا هیلاکى و ماندوبونێکى زۆرە لە کارى یەکەمدا، ئەم کارە وەکو بێگارى و تۆپزى وایە.. بە قورمیشى ئادەمیزادی - ناچار ئیش دەکات، بژێوى و گرانى گوزەران و نرخى بازاڕ و رەنگە کرێچێتى پاڵنەر و هاندەرن..!
شارەزایى و کارامەیى و پسپۆڕى و لێزانیش هۆکارێکن بۆ راپەڕاندنى کار و ئیشى دووەم، هەرچەند ناسیاویش هۆیەکى دیکەیە، بەڵام ئەم ئیشەیان چەندەها خەسڵەتى تایبەتى هەیە و لە ئاکامدا گەندەڵى دەستەبەردەکات، لە گرنگترینى ئەو خەسڵەتانە ئەوەیە کە کارمەندى عەسران، هیلاک و ماندووترە لە کارمەندى سبەینان، مێشکى جەنجاڵتر و سەرقاڵترە.. پڕە لە تەقسى رۆژگار، برسێتى و وەنەوز زاڵە بەسەر جێبەجێکردنى ئیشوکاریدا.. دڵسۆزى لە کارى یەکەمدا (ئەگەر بەدیبکرێت لەم زەمەنەدا) زۆرترە وەک لەوەى عەسران، بەرپرسیارێتى و ئینتیما لە کارى یەکەمدا تۆخترە لەوەى عەسران کە گرێبسەتە، وابەستەیى و پابەندییەکە، کاڵتر و کرچترە!
تەرکیز یان سێرە (ئەگەر دەقاودەق ماناکە بگەیەنێ!) لە کارى یەکەمى کارمەندێکى کوردا کەم و بێهێزە، چ جاى لە کارى دووەم و سێیەمدا دەبێت رێژە و بڕى تەرکیز چەند کەمتر و بێهێزتر بێت!
ئیشوکارى دووەم و سێیەمى تاکى کورد لە رۆژێکدا، ئاکام و دەرەنجامى نێگەتیڤ و خراپى لێکەوتۆتەوە، زیاتر بێکارى لاوان و دەرچووانى ئامۆژگا و زانکۆى رەخساندووە، داگیرکردنى جێگە و شوێنکارى خەڵکانێکى هەژار و نەدارە، کە دەمێکە بێکارن و رەنگە خاوەنى خێزان بن و رەنگە کرێچیش بن.. هەروەها پارە وەدەستهێنانى مووچەخۆرێک کە کارى دووەم سێیەم دەکات، هەڵاوسان دروستدەکات و رادەى خواست و کڕینى شمەک و کاڵا بەرزتر دەکاتەوە و ئەمەش وادەکات کە نرخى بازاڕ تابێت بەرەو بەرزى هەڵبکشێ!
شایانى وتنە و بیرمان نەچێت، لەم وڵاتەى ئێمەدا بەرپرسێکى زۆر هەن کە ئیشى دووەم و سێیەمیش دەکەن، هەمانە سکرتێرى حزبە و لە هەمانکاتدا سەرۆکى کۆمارە، یان سەرۆکى حزب و بنەماڵەیە و لە هەمانکاتدا سەرۆکى هەرێمە، یان خاوەن گەورەترین کۆمپانیایە لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا و لە هەمان کاتدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمە….!
سکرتیرى حیزبمان هەیە، پەرلەمانتار و وەزیرى هەرێمیشە… باشە ئەم مرۆڤە دەبێت چى بێت خودایە،کە لە گیانلەبەرى (حەربا) چالاکترە…!؟ کە سبەینان رەنگێک بنوێنێ و عەسران بە رەنگ و بۆیەکى ترەوە دەرکەوێ و شەوانیش قات و بۆینباغى فەڕەنگى پۆشیشبێت…!؟
ئەو نموونە پایەدارانەى سەرەوە، بۆ چوار ساڵ و هەشت ساڵ نیین، کە ساڵانى دیاریکراوى حکومڕانین لە ئەمەریکا و رۆژئاوادا کە سەرۆکەکانى وەکو تاتشەر و تۆنى بلێر نەیانتوانى لە هەشت ساڵ زیاتر بەردەوام بن، چونکە دەزانن کە وزەو تواناى مرۆڤ سنووردارە و لەو بڕەش دەرچێ، گەندەڵآ و ماڵوێرانى لێدەکەوێـتەوە…!
ئیشى دووەم وسێیەم، بڕبڕەى پشتى گەندەڵی بەهێز دەکات و دڵسۆزى و وەفا و ئینتیما و تەرکیز و خزمەت و کار راپەڕاندن زیندەبەچاڵ دەکات!
hemea.rasoeL961@yahoo.com

لەهاوپۆلی: کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« پێناسه‌ جیاوازه‌کانی سۆسیۆلۆژیای هاوچه‌رخ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سایکۆلۆژیای ئافره‌ت / سایکۆلۆژیای سکپڕی / به‌شی یه‌که‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional