نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

پێناسه‌ جیاوازه‌کانی سۆسیۆلۆژیای هاوچه‌رخ

یونی 16, 2008

6060.jpgپێناسە جیاوەزەکانى سۆسیۆلۆژیاى هاوچەرخ
ئامادەکردنى : رۆشنا ئەحمەد رەسوڵ

ئەگەر بمانەوێت بە سانایی بۆ پێناسی کۆمەڵناسی بگەڕێین یاخود لەهەر کەسێک بپرسین سۆسیۆلۆژیا چییە یان چۆن پێناسەى دەکەیت ؟ لەوەڵامدا دەڵێت : زانستى کۆمەڵە ، باس لەکۆمەلڕ دەکات و بەشێوەیەکى گشتى لە کۆمەڵگا دەتوێژێتەوە . واتە زانستێکى تایبەت و سەربەخۆیە و بابەتى توێژینەوەکەشى بریتیە لە کۆمەڵگا . ئەوانەش کە تاڕادەیەک شارەزاى کایەو لایەنەکانى بابەتى سۆسۆلۆژیان ، هەر لەو بڕوایەوە هەمان وەڵام دەدەنەوە ، لەوەى زانستێکە لە کۆمەڵگاو پەرەسەندنى کۆمەڵگاى مرۆیى و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و تێکڕاى کارو گرفت و کێشەو کاریگەرى و کارلێکى پەیوەندى مرۆیى و گۆڕانى کۆمەڵایەتى دەتوێژێتەوە ، لەوێشدا پشت بەکۆمەڵێک مەعریفە و میتۆدى زانستى دەبەستێت و خاوەنى بنەماو ڕێساى خۆیەتى و لە توێژینەوەشدا شێوازى تایبەتى و ڕێبازو دیدى خۆیان هەیە .
خودى ئەم وەڵامە لەڕاستیەوە دورنییە و باوەڕى پێدەکەین و تاڕادەیەکیش هەر بەو پێناسەیە ئیکتیفا دەکەین . بەڵام کاتێک گووتەى ئەم کۆمەڵناس یان دیدى ئەو کۆمەڵناسمان بەر چاو دەکەوێت ، یان کە دەمانەوێت لەنێو گوتارو بابەتى نوسراوى کۆمەڵناسان خۆیان بە دواى وەڵامێکى ڕاست و پێناسەیەکى تێرو تەسەل و تەواودا بگەڕێین ، دەبینین لەگەلڕ ئەوەى زۆربەیان ئاماژە بۆ کۆمەڵگا دەکەن ، کەچى خۆمان لەبەردەم چەندین چەمک و بۆچوونى جیاوازدا دەبینینەوە ژمارەیەکى زۆر لە پێناسەى جیاجیایى سۆسیۆلۆژیا دەکەوێتە بەردەستمان ، نەک هەر ئەمە ، بگرە هەندآ ئاماژە پێکردنى سەیر لاى زۆربەى کۆمەڵناسان دەدۆزینەوە کە وادەکات بگەینە ئەو بڕوایەى ئێمەش وەک ئەوان بڵێین : سۆسیۆلۆژیا وەک زانستێک کە تەمەنى شتێک لەسەدەیەک زیاترە ، کەچى تائێستاش خاوەنى دواین فۆڕم و وێنەى خۆى نییە ، نە لە ڕووى چوارچێوە مەعریفیەکەیەوە ، نە لە ڕووى چوارچێوە ئایدیۆلۆژیاکەیەوە ، تەنانەت نە لە ڕووى چوارچێوە پراکتیزە کردنیەوە ! چونکە سەبارەت بە پێناسەکەشى کۆ دەنگیەک لەنێو کۆمەڵناساندا بەدى ناکرێت ، جاچ جاى لەبارەى بابەت و ئامانج و میتۆدە زانستیەکانیەوە .
باشتروایە لێرەدا ژمارەیەکى کەمى ئەو پێناسانە بخەینە ڕوو کە کۆمەڵناس و زاناو فەیلەسوفانى کۆمەڵایەتى بۆ سۆسیۆلۆژیایان کردووە :
*ئۆگست کۆنت (1798-1857)کە بە دامەزرێنەرو داهێنەرى زاراوەو وشەى(سۆسیۆلۆژیا)دادەنرێت ، لە پێناسەکردنیدا دەڵێت : زانستى شیکردنەوەى دیاردەکانى کۆمەڵایەتیە .
ئەم زانستەشى بەسەر دوو لقدا دابەش کرد:
یەکەم جێگیر ، کەپێى دەڵێت ئیستاتیکاى کۆمەڵایەتى -social static، بۆ توێژینەوەى لەخێزان و زمان و موڵکایەتى ، دووەم گۆڕاو ، کەپێى دەڵێن دنیامیکاى کۆمەڵایەتى -social Dynamics، کەلە یاساکانى گۆڕانى کۆمەڵگەى مرۆى دەکۆڵێتەوە
*ئیمێل دۆرکاییم(1858-1917)کۆمەڵناس و فەیلەسوفى فەڕەنسى ، لەلایەن خۆیەوە چەندین پێناسەى بۆ سۆسیۆلۆژیا کردووە ، وەک : زانستێکە بایەخ بەو ڕوداو و بیرۆکە کۆمەڵایەتیانە دەدات(یاسا، ئاکارەکان ، ئاین ، سۆز ، نەریت)کە ژینگەى کۆمەڵایەتى بەسەر ئاگاى مرۆییدا دەیسەپێنێت . یان دەڵێت : ئەو زانستەیە کەلە شێوە تایبەت و جیاوازەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى دەتوێژێتەوە و لەوەشدا پشت بە(ویژدانى بەکۆمەلڕ -الوجدان الجمعی او الجماعی)
دەبەستێت .
درۆکایم پەرەسەندنى کۆمەڵایەتى بۆ سآ هۆکار گەڕاندەوە : چڕى دانیشتوان ، پەرەسەندنى ئامرازەکانى گەیاندن ، هۆشیارى کۆمەڵایەتى .
*ماکس ڤێبەر(1864-1920)کۆمەڵناسى ئەڵمانى ، لە کتێبەکەیدا (تیۆرى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و ئابورى)بەم جۆرە پێناسەى سۆسیۆلۆژیا دەکات : ئەو زانستەیە کە دەیەوێت لەڕێى شیکردنەوەى واتا خودیەکانەوە (مەبەستى لەپەیوەندیە تاکیە -گروپیەکانە)لە ڕەفتارى کۆمەڵایەتى بتۆَژێتەوە . لاى ڤێبەر ڕەفتارى کۆمەڵایەتى پشت بە سآ پێوەرى سەرەکى دەبەستێت : 1/ هەبوونى دووکەس یان زیاتر کەکار لەیەکترى بکەن . 2/بوونى ڕۆلڕو چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان چ یەکسان یان جیاواز . 3/بوونى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کە لەگەلڕ پڕۆسەى ڕەفتاردا هاوکات بێت .
مارسیل ماوس(1872-1950)کۆمەڵناسى فەڕەنسى، دەڵێت: سۆسیۆلۆژیا ئەو زانستەیە کە بە تێڕوانینێکى گشتگیرەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەتۆژێتەوە . هەروەها سەبارەت بەگوتەیەکى(سان سیمۆن)کەدەڵێت :((ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکان لەدیدى کۆمەڵناسدا وەک ئەوەیە کە لە دیدى مێژوو نووسدایە ، لە سستمە کۆمەڵایەتیەکەوە چاوگە دەگرێت و ناکرێت لێى تێبگەین ، ئەگەر لەم سستمە جیاى بکەینەوە ..)) وەڵامێکى شیکەرەوەى بۆ زیاد دەکات و دەڵێت : ناتوانین هیچ شتێک لەژیانى کۆمەڵایەتى تێبگەین ، تەنها بەگوێرەى پەیوەندیەکەى بەگشتەوە نەبێت .
*جۆرج گۆڤیج (1894-1965)کۆمەڵناسى فەڕەنسى و بنەڕەت ڕوسى لە وتارێکیدا (بابەت و میتۆدى سۆسیۆلۆژیا) دەڵێت : کە لە واقعیە گشتیە کۆمەڵایەتیەکان و دەستەو کۆمەڵە بچوکەکان و کۆمەڵگە گەورەکان لەڕووى ڕەوتى دروست بوون و ئاستەکانى و ڕەهەند و لایەنەکانى و دژایەتى و لەناوچوونیان دەکوژێتەوە.
* مۆرس کیزن بێرک دەڵێت: ئەو زانستەیە کەلە سروشت پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و هۆکارەکان و ئاکامەکانى دەتوێژێتەوە، ئەویش لەسەر ئاستە جیاوازەکانى پەویەندى نێوان تاکەکان و گروپ و کۆمەڵگە ناوخۆیى و دەرەکیەکان.
* جۆرج سیمبل یان زیمبل (1858 - 1918) دەڵێت: ئەو زانستەیە کە بایەخ بە لێکۆڵینەوەى پەیوەندییە مرۆییەکان و کارلێکە کۆمەڵایەتیەکان دەدات.
* لوسیان گۆلدمان، دەڵێت: سۆسیۆلۆژیا زانستى هەمەکیەکانى (الکلیات) کۆمەڵایەتیە، لەجەوهەر و هێزەکەیدا، هەروەها ڕەهەندە سەرەکیەکانى گشت کاروبارى مرۆیى ڕووندەکاتەوە. (ئەم پێناسەیەش هەمان بۆچوون و پێناسى (جۆرج لۆکاش)ە بۆ سۆسیۆلۆژیا .
بێجگە لەمانە سەدان و بگرە هەزارەها پێناسەى دیکەش بۆ سۆسیۆلۆژیا کراوە کەدواى وردبونەوەیەکى کورت لێیان، دەبینین لەگەڵ ئەوەى ماناى هاوبەشى لاى هەندێکیان کۆدەبێـتەوە، بەڵام جیاوازییەکى ئاشکراش لەدید و بۆچوونى زۆربەیاندا بەدى دەکرێت، هەر ئەو جیاوازییەش پاڵى بە (بیتروم سیروکین) ناوە لە کتێبەکەیدا ( تیۆرییەکانى سۆسیۆلۆژیاى هاوچەرخ) 1928، دەست بکات بەکۆکردنەوەى ڕاى زیاتر لەهەزار زانا و تۆژەرى کۆمەڵایەتى، لەئەنجامدا پێناسەیەکى سەرکەوتووى یەکێک لەو زاناو تۆژەرانە دیارى بکرێت یان یەکێک لەوان لەپێناسە کردنەکەیدا سەرکەوتوو بوو بێت.
لەوەش سەیرتر (رۆبەرت میرتۆن) دەڵێت:( لە ئەمەریکا دا پێنج هەزار کۆمەڵناس هەیە و هەریەکەشیان سۆسیۆلۆژیایەکى تایبەت بەخۆى هەیە …..کۆمەڵێک لە تۆژەرە و زاناى بەناوبانگى سۆسیۆلۆژیش دەربارەى پێناسەکردنى سۆسیۆلۆژیا تۆژینەوەیەکیان بەئەنجامدا، کە لەڕووى کاتەوە ساڵى (1900- هەتا کۆتایى سەدەى بیست)ەو لەڕووى شوێنیشەوە ژمارەیەکى زۆرى ووڵاتانى جیهان (بەتایبەتى ئەوروپى و ئەمەریکى) لەخۆ دەگرێت. لەکۆى هەموویاندا (81) پێناسەیان کۆکردەوە و بەگوێرەى دوو پێودانگ پۆلێنیان کردن: یەکەمیان سەبارەت بە ناوەڕۆکى پێناسەکان، کە ئاکامەکانى بەمجۆرە بوو: ڕاوبۆچوونى (23) زانایان لەپێناسەى دووکەسیاندا پوخت کردەوە، لەوەى : (( سۆسیۆلۆژیا ئەو زانستەیە کە لە کۆمەڵ و پرۆسە کۆمەڵایەتیەکانى تاکەکانى دەتوێژێتەوە، بەو پێیەى هەر تاکە و ئەندامێکە لەکۆمەڵ، ئەویش بە ئامانجى ڕەخساندن و چاککردنى بارودۆخى تاکەکان)) (17) زاناش بەمجۆرە پێناسەیان کرد : (( هەوڵێکە بۆ بەدەست هێنانى سەرجەم ئەو زانستانەى لە ئارادان دەربارەى ڕەفتارى مرۆڤ لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتیەکاندا)) (11) زاناى دیکە بەم شێوەیە ناساندنیان: بریتیە لە زانستى دیاردەناسى / فینۆمینۆلۆژیاى کۆمەڵایەتیەکان))، گەرچى (9) لەو زانایانە لە پێناسەکانیاندا بەهیچ شێویەک لە بابەتى سۆسیۆلۆژیا نزیک نەبوونەوە ؟ … تاد.
دووەمیان سەبارەت بەشێوە (فۆرم)ى پێناسەکانەوە بوو، ئەنجامەکەشى بەمجۆرە بوو : لەکۆى (81) زانا و تۆژەر (47)یان مەسەلەى پێناسە کردنەکەیان لەڕووى فۆرمەوە پشت گوآ خست و تەنها ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە : سۆسیۆلۆژیا زانستێکە لەبارەى کۆمەڵگەوە، (34)یان پێیان وابوو کە : سۆسیۆلۆژیا بریتیە لە زانستى یاساکانى چالاکى مرۆڤایەتى .
* بۆچى ئەو جیاوازییانە و نەبوونى کۆدەنگى؟
چەندین هۆکار لەپشت ئەو جیاوازییانەوەن، لەهەمووانیش گرنگتر:
یەکەم: سروشتی زانستەکە خۆى .
دووەم: جیاوازى تێڕوانین و میتۆدو بۆچوونى کۆمەڵناسان خۆیان.
ئەم دوو هۆکارە لەزۆر حاڵەتدا تێهەڵکێشى یەکتر دەبن و پێکەوە دەکەونە ژێر کاریگەرى تەوژمى فیکرى و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکانى دیکەوە، وەک ئایین و فەلسەفە و زانستەکانى دیکە. هەورەها بەهۆى جیاوازى (کات و شوێن) و ئەو گۆڕانانەى بەسەر بارودۆخى ژیانى زانا و تۆژەرەکانى سۆسیۆلۆژیادا هاتووە، چونکە بەهەر شێوەیەک لەشێوەکان کاریگەرییان بەسەر چەمک و میتۆدە زانستیەکانى هەریەکێکیان ڕەنگى داوەتەوە و لەدروست بوونى جیاوازى دەربڕین و بۆچوونەکانیاندا ڕۆڵى بەرچاویان گێڕاوە.
(ئەرمان کۆڤیلییە) لە کتێبەکەیدا (سەرەتایەک بۆ سۆسیۆلۆژیا) و لەئاماژەیەکییدا بۆ مێژووى بیرى کۆمەڵایەتى، پێى وایە: هەموو ئەو گرفتانەى کە پەیوەندییان بە ژیانى کۆمەڵایەتیەوە هەیە، هەر لەمێژە بیرى هزرمەندانى سەرقاڵ کردووە، بەڵام گرفتەکان (کردەیى پەتى) بوون و تاکە بابەتەکەشى بریتى بووە لە ( ڕێساکانى کارکردن) نەک مەعریفەیەکى بابەتیى ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە یان بۆ گرفتە کۆمەڵایەتیەکان، واتە بەشێوەیەکى سەرەکى بایەخیان داوە بە (1) ئەو سستمەى کۆمەڵگە لەسەرى دەڕوات، لەوەى پێویستە چۆن بێت (لەڕووى سیاسییەوە ). (2) پێویستە دامەزراندنى بنەماو ڕێساکانى کارکردن لەژیانى کۆمەڵێک مرۆڤدا چۆن بێت و چۆن بەرەو باشتر ببرێت.
بێگومان هزرى کۆمەڵایەتى خاوەن مێژووییەکى دور و درێژە و لەهەریەک لەقۆناغەکانى شارستانیەتە کۆنەکان و گریک و ڕۆما و چاخەکانى ناوەڕاست و چاخى نوآ لەڕێى چەندین تیۆر و بۆچوونى جیاجیاوە باسى لێوەکراوە . ئەوەندە بەسە ئاماژە بۆ (کۆمار)ى پلاتۆ و (سیاسەت)ى ئەرستۆ بکەین. گەرچى بەدرێژایى ئەو مێژووە، هزرمەند و فەیلەسوفان لە ئەندێشەى پەتى خۆیانەو باسیان لەکێشە و کاروبار و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان کردوە، لەبرى تۆژینەوە لە بنەما و تیۆر و میتۆدە کۆمەڵایەتیەکان، باسیان لە کۆمەڵگەى یۆتۆپى و نمونەیى کردووە. پاشان باوەڕى ئایینى هەوڵیداوە بەهەر ڕێگەیەک بێت فەرمایشتەکانى کڵێسە بەسەر هەموو دام و دەزگا کۆمەڵایەتیەکاندا بسەپێنێت، بەتایبەتى لەڕووى نەریت و ئاکارى کۆمەڵایەتیەوە، ئەوەش بەدرێژایى سەدەکانى ناوەراِست و هەتا ڕێنیسانس و بگرە دواتریش هەر بەردەوام بوو. ئەوجا بەدەرکەوتنى هزر و تیۆریییەکانى هەریەک لە کەسایەتیەکانى وەک: دیکارت و بیکۆن و ماکیاڤیللى و تۆماس مۆرو جۆن لۆک و تۆماس هۆبز و مۆنتسکیۆ و ڤۆلتێر و رۆسۆ و .. تاد.
دەیان بیروڕا و تیۆر و چەمکى سۆسیۆلۆژى هزرى کۆمەڵایەتیان دەوڵەمەند کرد، بابەتگەلێکى ئەوتۆ سەبارەت بە دیاردەى کۆمەڵایەتیى و یاسا گشتیەکانى کۆمەڵگە هاتنە بەرى مەیدان. بەڵام لێکۆڵینەوەکانیان پشت بەهزر و تێڕامان و لێکدانەوەى کەسى کۆمەڵناس دەبەست، نەک پشت بەستنیان بە تاقیکردنەوەى زانستى کە لەسەر بنەماى میتۆدێکى دیاریکراو بێت. بەکورتى ئەوان فەیلەسوفى کۆمەڵایەتى بوون. تەنانەت لەسەدەى نۆزدەدا و پاش جیابوونەوەى سۆسیۆلۆژیا لە فەلسەفەکەى سۆسیۆلۆجیست هەروەک فەیلەسووفێک وابوو کە لە بەڵگە هێنانەوەى تیۆر و دید و بۆچوونەکانیدا هاناى بۆ فەلسەفە دەبرد، وەکو ( ئۆگست کۆنت و مارکس و سپنسەر …).
دەکرێت لێرەوە هزرى کۆمەڵایەتى بەدرێژایى ئەو ماوە مێژووییە بە یەکەم قۆناغى سەرهەڵدان و سەرەتاى بیر و لێکدانەوەی سۆسیۆلۆژى لەقەڵەم بدەین، کە شێوە و فۆرمێکى تەواو فەلسەفى پێوە دیارە. لەپاش ئەویش ئەو قۆناغە دێت کە تیایدا سۆسیۆلۆژیا وەک زانستێکى تایبەت لە فەلسەفە و زانستەکانى دیکە جیا بۆوە و سەربەخۆیى وەرگرت. واتە کاتێک کە سوودى لە ئەزموون وەرگرت و لەبرى تیۆرى پشتى بە تێبینى کردن بەست، هەروەها سوودى لە زانستەکانى دیکە وەرگرت، وەک زانستە مرۆڤایەتى و زانست کۆمەڵایەتیەکانى دیکە وەک ئابوورى و ئامار و ماتماتیک و جوگرافیای مرۆیى و … تاد، ئەگەرچى لە زۆربەى گۆشەکانەوە تێکەڵى یەکتر دەبن هەروەک لە پێناسەى کۆمەڵناسەکان بۆ سۆسیۆلۆژیا دەردەکەوێت.
بەڕاى زۆربەى زانایان کاتێک هەر سستمێک بەرەو ئەوە دەچێت کە ببَتە زانستێک، ئەوا لە زۆربەى کاتەکاندا، لەڕووکەشدا ملکەچى پێداویستیە دژ و جیاوازەکان دەبێت، چونکە زانستى نوآ تائەو کاتەى وەک سستمێکى پۆزەتیڤ جێگیر دەبێت لەسەرەتدا پێویستە بەرگەى کێش کردنى ئەو زانستانە بگرێت کە لەخۆیەوە نزیکە….سۆسیۆلۆژیاش کەوتۆتە ژێر کاریگەرى دژایەتى و کێش کردنى زانستەکانى دیکەوە، سەرەتا کاریگەرى زانستە سروشتیەکان، پاشان کاریگەرى زانستە کۆمەڵایەتیەکان و زانستە مرۆڤایەتیەکان.
ئێمە لەڕێى پێناسەکانەوە تێبینى ئەو خاڵە دەکەین کە سۆسیۆلۆژیا تێکەلڕ بە زانستە کۆمەڵایەتیەکانى دیکە بووە، دیارە هۆکارى ئەوەش: ئەو ئەو پەیوەندییە پتەوەیە کە لە نێوانیاندا بەدى دەکرێت و سنوورێکى ئەوتۆى ئاشکرا نییە کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان لەنێو خۆیاندا لەیەکتر جیابکاتەوە. بەدەربرینێکى دى، جیاکردنەوەى ئەو زانستانە لەیەکتر کارێکى هەروا ئاسان نییە، چونکە هەر یەکێکیان لەتۆژینەوەیان سەبارەت بە سستم و دیاردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشدارى دەکەن، دەبینین هەریەکێکان یاریدەى ئەوی دیکەیان دەدات، لەئەنجامى زۆربوونى کایە و بوارە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە زاناکانى سۆسیۆلۆژیایان بەسەر چەند لقێکدا بەش کرد وەک سۆسیۆلۆژیاى ئابوورى، سۆسیۆلۆژیاى سیاسى .. تاد.
هەروەکو چۆن زانستە کۆمەڵایەتیەکانى وەک مێژوو ، ئاداب .. بەشێکن لە زانستە مرۆڤایەتیەکان، ئاوهاش سۆسیۆلۆژیا بەشێکە لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان، هەروەها ئابووریناسى و مرۆڤناسى بەشێکن لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان. لە لایەکەوە سۆسیۆلۆژیا زانستێکى سەربەخۆ و گشتییە و خاوەن بابەت و میتۆد و بوارەکانى خۆیەتى، لەلایەکى دیکەشەوە زانستێکى تایبەتە و بەشێکە لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان. لەمەشدا سۆسیۆلۆژیا پەیوەندییەکى ئالۆگۆڕ و دوولایەنە و بەهێزى بە لقەکانى دیکەوە هەیە، هەم هاوکارى ئەو زانستانەی دیکە دەکات، هەم خۆى هاوکارى لەوانى دیکەوە وەردەگرێت.
هەندێک کۆمەڵناس لەوبڕوایەدان کە بابەتى سۆسیۆلۆژیا و بابەتى زانستە کۆمەڵایەتیەکانى دیکە هەر یەک بابەتن، بەڵام هەندێکى دیکەیان داکۆکى لەوە دەکەن کە ناتوانین زانستە کۆمەڵایەتیەکانى دیکە هەر لە بوارەکانى سۆسیۆلۆژیا لە قەڵەم بدەین، چونکە کارى سۆسیۆلۆژیا ئەوەنییە لە پەیوەندى زانستە کۆمەڵایەتیەکان بکۆڵێتەوە، بەڵکو پێویستە هەروا لە سۆسیۆلۆژیا بڕوانین کە لقێکە لە لقەکانى زانستە کۆمەڵایەتیەکان و تەنها لەڕووى بابەتى تۆژینەوەیانەوە پەیوەندییان بەیەکترەوە دەبێت. بەڵام شێوەى ئەم پەیوەندییەشە کە وایکردووە هەریەکێک لەو لقانەى زانستى مرۆڤایەتى و لقەکانى زانستى کۆمەڵایەتى بە نێو یەکدا بچن، ئەگەرچى ئەم بەنێو یەکدا چوونەش ئەرکى کۆمەڵناس گرانتر دەکات لە هێنانەدى ئامانج و بوارى بەکارهێنانى پسپۆڕییەکەیدا، چونکە بەسەریدا دەسەپێنێت کە، پێویستە شارەزاییەکى فراوانى لە زانستەکانى دیکەشدا هەبێت و زانیارى گشتى ئەو کەسە ئەوەندە بێت کە بتوانێت لە گۆشەیەکى دیارکراوەوە لەبوونیاد و سستمى کۆمەڵگە یان لەدیاردەیەکى کۆمەڵایەتى بتۆژێتەوە.
بابەتى سەرەکى سۆسیۆلۆژیا لەلایەک بریتیە لە کۆمەڵگە، لەلایەکى دیکەوە بریتیە لە مرۆڤ، پاشان پەیوەندى سۆسیۆلۆژیا لە لێکۆڵینەوەى هەریەک لە کۆمەڵگە یان مرۆڤ یان پەیوەندى و کارلێکى کۆمەڵایەتیدا بکەوێتە ژێر کاریگەرى زانستەکانى وەک ئابووریناسى و مرۆڤناسى و دەروونزانى و یاسازانى و … تاد، ئەوا هەریەکێک لەو زانستانەش لە تۆژینەوەکانیاندا دەکەونە ژێر کاریگەرى سۆسیۆلۆژیاوە کەواتە کاریگەرییەکان ئاڵۆگۆڕن و ئەگەر ناسنامەى سۆسیۆلۆژیا لەبەردەم کێشە و گرفتەکاندا بێت، ئەوا لەم بارەیەوە هەمان گرفت و کێشە بەرۆکى زانستە کۆمەڵایەتیەکانى دیکەشى گرتووە. کاریگەرى گرفت و کێشەى خودى زانستەکە…!
واتە سۆسیۆلۆژیا لەسەر تێڕوانینى زانا و پسپۆڕەکانى سۆسیۆلۆژیادا چڕ بۆتەوە، دەرەنجامیش جیاوازى لە ڕەوت و میتۆد و بۆچوونەکانیدا دروست بووە، چ لەڕووى دەربڕینى بابەت و سنوورى سۆسیۆلۆژیاوە، یان لەڕووى باسکردنى ئامانج و بوارى بەکارهێنانى ئەم زانستە، هەندێکیان بایەخ بە بوونیاد و سستمى کۆمەڵگە دەدەن، هەندێکى دیکەیان گرنگى بە پەیوەندى نێوان تاکەکەسەکان و دەستەو کۆمەڵەکان دەدەن، هەندێکیش سەرنجیان خستۆتە سەر کردەو ڕەفتار و نەریت و بەها کۆمەڵایەتیەکانى دەستە و کۆمەڵەکان یاخود دەبینین میتۆدى هەندێکیان پشتى بە ئاراستەکردنى ڕەفتارى کۆمەڵایەتى بەستووە وەک ماکس فێبەر)، یان لە بوونیادى ئابووریەوە لەکۆمەڵگە دەتوێژێتەوە، وەک (مارکس)، یان لە دیاردەى کۆمەڵایەتیەوە وەک (ئۆگست کۆنت)….
لەگەڵ ئەو جیاوازییانەشدا زۆربەیان هەوڵیانداوە سۆسیۆلۆژیا لەچوارچێوەیەکى جێگیر تردا دیارى بکەن و دوایین وێنە و فۆرمى پێ ببەخشن، یان بایەخ بدەن بەدەست نیشانکردنى خەسڵەت و مەرجە بنەڕەتیەکانى سۆسیۆلۆژیا تاوەکو لەزانستەکانى دیکە جیاى بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بوارەکانى سۆسیۆلۆژیا تادێت لەزیادبووندایە، و کایەکانى ژیانى کۆمەلایەتى زیاتر لەخۆ دەگرێت، وەک: ( سۆسیۆلۆژیاى مێژووى، سیاسى ئایینى، شارنشینى، لادێى، پزیشکى، هونەر، خێزانى، پەروەردەیى، وێژەیى … تاد) بۆئەوەى بتوانێت بەشێ،ەیەکى بابەتى لەهەر یەکێک لەو کایە و بوار و کێشانە بکۆڵێتەوە، لەوەشدا پشت بەمیتۆدى زانستى ببەستێت، ئەو میتۆدەى خاوەنى چەمک و تیۆرى سۆسیۆلۆژیە.
بەهەرحالڕ سۆسیۆلۆژیا، هەرچەندە لاى کۆمەڵناسان و لەنێو فەرهەنگەکاندا بۆتە خاوەنى ناسنامە، بەڵام ئەم زانستە کەبەڕاى زۆر لەزانا و پسپۆران لەسەردەستى (ئیبن خەلدون) لەدایک بوو و ((ئۆگست کۆنت)) ناوو شۆرەتى پێبەخشى و لەسەردەستى ((کارل مارکس)) گەورە بوو، کەچى تائەمڕۆش دەستەویەخەى قەیران و کێشەى پێناس و چەمکەکانیەتى و لەنێو زانستەکانى دیکەدا بەدوى ناسنامەى خۆیدا دەگەڕێت!
ڕەنگە تاقە شتێک بتوانێت لەو کێشەیى سۆسیۆلۆژیا کەمبکاتەوە، ئەویش پێناسەکەى (( ڕیمۆن ئارۆن))ە، کە دوورنییە شیاوترین پێناسەى سۆسیۆلۆژیا نەبێت، دەڵێت: (( سۆسیۆلۆژیا بەوە دەناسرێت کەبەردەوام بەدواى خۆیدا دەگەرێت، ڕەنگە هەموو زانا سۆسیۆلۆژییەکان لەسەریەک خالڕ کۆک و هاوڕابن، ئەویش ئەوەیە کە بەئاسانى ناتوانرێت سۆسیۆلۆژیا دیارى بکرێت.
ماوەتەوە بپرسین : ئەگەر کۆمەڵناسان لەپێناسەکردنى سۆسیۆلۆژیادا ئەوەندە کۆک و تەبابن، ئاخۆ لەدیاریکردنى ئامانج و بایەخى زانستەکە و لەدۆزینەوەى ڕێگە چارەکانى سەرجەم گرفت و کێشەکانى کۆمەڵگە و مرۆڤدا چەند یەکدەگرن و هاوڕا دەبن؟
تێبینى : بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە زۆر سەرچاوە وەرگیراوە .

لەهاوپۆلی: کۆمه‌ڵناسی

یەک وەڵام بۆ “پێناسه‌ جیاوازه‌کانی سۆسیۆلۆژیای هاوچه‌رخ”

  1. asso byari | فەرموی:
    17-06, 2008 كاتژمێر 7:16 به‌یانی

    سڵاو ڕۆشنا خان!
    ده‌ستت خۆشبێت.
    پێناسه‌ی سۆسیۆلۆژی یان سۆسیۆسایکۆلۆژی به‌پێی تێزه‌ نۆێکان به‌ جۆرێک پێناسه‌ی ئه‌م زانسته‌نوێیه‌ ده‌که‌ن که‌ بریتته‌ له‌و زانسته‌ی که‌ له‌باره‌ی هاوکایه‌ی پێوه‌ندیی نێوان و کۆمه‌ڵگه‌ و تاک ده‌کۆڵێته‌وه‌ و کاریگه‌یه‌کانی هه‌ردوو لا له‌ سه‌ر ئاستی میکرۆ و ماکرۆ ده‌خاته‌ ڕو..بڕوانه‌ Björn Nilsson yan Antony Giddens..ڕاسته‌ زانستی سۆسیۆلۆژی زانستێکی نوێیه‌ و له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی پێشودا به‌ ته‌واوی ناسراوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ تایبه‌تی له‌ ئه‌وروپا جێگه‌ی خۆی گرتووه‌.

    دووباره‌ ده‌ستت خۆش بێت. ئاسۆ بیاره‌یی، سۆسیۆسایکۆلۆژ. Swed
    assobyari@yahoo.com

بۆچوونەکان


« دیارده‌ی گۆشه‌گیری | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئیشی دووه‌می موچه‌خۆر گه‌نده‌ڵییه‌ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional