ئهپریل 23, 2008
خوان
دەقێک وشکتر لە گەڵاى پاییز لەپێناو تەڕى گەڵاى بەهاردا
نووسینی مامۆستای یۆگی : هاوبیر کامهران
خوانى2 ئەم میوانداریە 3 دیارە4بەبەهایە 5. هەمیشە نیگاى بازێک بۆ کەروێشکێک لە دەشتێکدا ماناداربووە 6. ناشێت وا بیربکەیتەوە ئەم سفرەو خوانە هەروەها سازکراوە 7. ناشێت منداڵێک هەروەها لەدایک ببێت . ناشێت مەلێک هەروا بمرێ و مێرویەکیش هەروا ببێت بەژێر دەست و پێوە 8. ناشێت وا بیر بکەیتەوە ئەم سفرەو خوانە هەروا سازکراوە. ناشێت وەیشومەى پاییز هەروا ببەخشرێت کە لەپاش خۆى مەرگى هەزارەها گەڵا دەداتە زەوى 9. ناشێت وا بیربکەیتەوە ئەم سفرەو خوانە هەروا سازکراوە . دەى کەواتە هەقى مردنى مرۆڤ لەکێ بسەنرێت لە مرۆڤ نەبێت 10 (ئەگەر نەتزانیوە مرۆڤ مردوە بەباشى چاو بکەرەوەو بزانە) 11. سفرەو خوانى (ئەو) ئاڵو واڵا وێنەى ئەو بەهارەى دەدا کە یارى تیا ئامادەیە 12. (سەرەتا بەهارێک) کە هێشتا نەهاتوە، چ جوانە بەهار بەپێو قەدەمى یارەوە. چ جوانە وا بیرنەکەیتەوە ئەم سفرەو خوانە هەروا سازکراوە13
. خوانى (ئەو) تەنها (خەیاڵێکى ڕاستەقینەیە)و هیچى تر 14. چ جوانە خاوەنماڵ لە سەرەنجامى خوانێکدا داواى تێر خواردنت لێبکات 15. داوادەکات هەرچى هەیە لە خزمەتى تۆدایەو تۆش دەڵێیت هەرچى هەیە بۆ (من) 16. خوانى ئەو دەهەزار جۆر17 ئاوى ئەشق 18 و دەهەزار جۆر گۆشتى کار19و دەهەزار جۆر دانەوێڵەى مەعریفەى لێدانرابوو 20. دەتتوانى پێش تەواو بون لە دەهەزار شێوەگەلى خوانەکە بڕوانیت 21، وێنەى بەهارێکى دەدا. بەهارێکى وا کە (یار)ى تیا ئامادە بێت22 . چ جوانە بەهار بە پێو قەدەمى یارەوە. لەوێ ئازادیت گەرمەخۆیت یان سارد یان …. لەوێ ئازاد بویت بیر لە ڕاکێشانى شیشێک دڵى برژاو دەکەیتەوە وەک باباتاهیر، یان دەتەوێت هەروا بەبرسیەتى هەستیت وەک خەڵک . ئازادیت لەوەى دەخۆیت یان دەڕێژیت . لەوێ ئازادیت گەرمەخۆیت یان سارد یان……23
1- ئەم نوسینە بەشێکە لە کتێبى ” ئەو لە نیگاهێکدا ” لە نوسینى هاوبیر کامەران .
2- خوان بونە. شتێکە لە پێناو ئێمەدا ، بۆچى ؟؟؟!!
3- بون تەنها میوانییەکە، ماڵى هەتاهەتایى ئەوە.
4- هەمو شتێک ڕون و ئاشکرایە، تەنها بون ڕون نیە، چونکە لە وەهمێک زیاتر نیە و وەهمیش ناڕون و نا ئاشکرایە، هەرچى وا دەزانى هەیە نیە و هەرچى وا دەزانى نیە هەیە.
5- دەمەوێت لەخۆت بپرسى بەها چیە؟ ئایا ئەو بەهایەى من بۆ سەگێکى دادەنێم هەمان بەهایە کە بۆ گولێکى سورى دادەنێم . ئایا ئەو بەهایەى من بۆ گولێکى سورى دادەنێم هەمان بەهایە کە کەسیچکى دیکەش بۆگولێکى سورى دادەنێ. ئایا بەها شتێکى زۆر سەخسى و تایبەتى نیە. کەواتە بەهاى گوڵە سورەکە کامەیە؟ بەها شتێکە هەر بونى نیە ئەگەر خۆت بڕوات پێى نەبێت. ئەمە ماناى وایە کە بەها شتێکى ناوەکیەو پەیوەندى بە شتێکەوە هەیە کە کاریگەریەکى هەیە لە ژیانى تۆدا وەک کاریگەرى گولێکى جوانى بۆن خۆش کە بەهایە لاى ئافرەتێکى رۆمانسى. و ئەم ژیانەش بەبەهایە بۆ ئێمەى مرۆڤ چونکە کامڵ بون یەکێکە لە سودەکانى ئەم ژیانە.
6- هەمو جوڵەیەکى ئێمە مانادارە ، مانا ئەو کارمایەیە کە لە کردەوەو وتەو بیرکردنەوەکانمان دروست دەبێت و گۆرانکاریەک دروست دەبێت. ئەم ژیانە مانادارە وەک ماناى خەیالێکى جوان کە وا دەکات دڵت بکەوێتە پەلە پەل و شادى هەمو لەشت بگرێتەوە.
7- بەڵێ زۆرینەمان وا بیردەکەینەوە. چونکە پەى بەوە نمابەین کە هیچ شتێک لەم بونەدا بێ مانانیە.
8- هەرشتێک هۆکارى شتێکى دیکەیە و مەبەست لێ دروست بون یان گۆرانکاریکە کە دێتە بون. لەوانەیە مەلێک بمرێ تا بەچوەکەى فێرى فڕین ببێت و ڕاوچیەک منداڵەکانى تێر نان بکات و ئاسمان جێى مەلێکى ترى تیا ببێتەوەو گولە فروشێک بتوانێ قەمسەلەیەک بۆ کچەکەى بکرێت تا بە سەرما نەچێت بۆ خوێندنگەو هتد…لەوانەیە مەلێک بمرێ تا تانجیەک بتوانێ کارى خۆى کە دۆزینەوەى لاشەى مەلە بەربوەوەکەیە بەتەواوى بەجێ بگەیەنێ.. لەوانەیە مەلێ بمرێ تا مرۆڤێ بژى بۆ مردن.
9- بۆچى ژیان وا دروست بوە، تا نەدەیت وەرناگرتیەوە، پایز دێت هەق بداتەوە بە زەوى.
10- یەکەم هۆکارى نەخۆشى ، تێکچونى دەزگاى بەرگرى لەشە. ئێمە خۆمان سەرچاوەى نەهامەتیەکانین. ئادەم کەس بەزۆر سێوەکەى نەکرد بە قورگیدا، ئەو خۆى بەبەرگە ڕەقەکەوە سێوەکەى خوارد.
11- ئیدى کەس گومانى نیە لەوەى کە مرۆڤ ناتوانێ مرۆڤ بێت.
12- یار لە هەکوێ بێ ئەو شوێنە ئاڵو واڵایە وەک ئەم دونیایە . دونیا ماڵى یارەو دیاریشە کە چەندە ئاڵو واڵایە و لە هەزارەها جۆر جوانى خۆى تیادا نمایش دەکات.
13- شێتانەیە بڵێى وەرینى گەڵا بێ هۆیە. هەروەک چۆن شێتانەیە بڵێى چەکەرەى تۆوێکى دورە دەست لە نێوان دوو بەردى تەنیشت ئەشکەوتێکى دورە دەستدا بێ هۆو بێ مەبەستە. هەر شتێک هەبێت واتە جوڵاوە، ئەوەى بجوڵێت بەمەبەست دەجوڵێت، هیچ شتێک نیە مەبەستى نەبێت.
14- ئەم خوانە وجودى هەیە بەڵام وەک خەیاڵێک. خەیالێک کە هێ،دە جوانە وا دەزانى ڕاستەقینەیە.
15- تێر خواردن واتە گەیشتنە ئۆرگازمە هەقیقەت. کامڵ بون تەنها مەبەستى ئەم بونەیە.
16- ئەمەیە جیاوازى نێوان ئێمەو خوا . ئەو بێ ئیگۆیەو ئێمە بەپێچەوانەوە عەبدى ئیگۆو نەفسین. ئەو دەلێ من لە تۆدا هەم و تۆ دەلێى من خوام.
17- دەهەزار ئاماژەیە بۆ (تاو) ى لاوتزۆى پیر کە هەمان قسەکانى من دەکاتەوە، ئەو دەمێکە ئەم شتانە لەمن فێر بوە. دەهەزار بێسنورە. دەهەزار بونە. تۆ دەتوانى تا بێ سنور خەیاڵ بکەیت.
18- .ئەو ئاوەى مەولانا ڕشتى لەو ئاوە ناچێ کە حافز ڕشتى و ئەو ئاوەشى حافز ڕشتى لەو ئاوە ناچێ کە ئۆروبیندۆو راماکریشنا و بەستامى و سوهرەوەردى و مەنێور و مانى و عیسا و گەیلانى و گۆسوامى و برزۆو نەیشابورى ڕشتیان.
19- کارما یۆگیەکان پێویستیان بەوەیە گۆشتى زیندو بکەنە قوربانى بۆ خواوەند تا بگەنە سەر خوانى بەبەهاى بون. ئەوان گۆشتى لەشى خۆیان دەکەنە قوربانى بۆ یار.
20- ئیشى ئێمە تەنها ڕوانینە لە دەهەزار شێوازەکەى بون و هیچى تر. ئێمە پوروشاى بینەرین.
21- پێش تەواو بونى دونیاى تۆ کە گەیشتنى تۆیە بە کەماڵ دەتوانى بڕوانى ،لە راجایۆگاى پاتانجالیدا وتراوە کە پێش سامادهى(گەیشتن بە خوا) دەکەویتە بارى دهیاناوە کە بینینە وەک خۆى .
22- جوانتر لەوەى کە لەناو خوادابیت و نەخۆت و نە ئەو نەبینى ئەوەیە کە لە دەرەوەى خوابیت و هەم خۆت و هەم ئەو ببینى، لەناو ڕۆحانیەکاندا تاوەکو ئێستا ئەمە ڕازێکى سەیرە. دو شێوەى سامادهى کە نزمەکەیان بەرزترە لە بەرزەکەیان .
23- ئازادى کۆتا پلەى کەراماتى دونیاى مادیە. هیندیەکان پێى دەلێن موکشا و بوداییەکان بە نیرڤانا ناوى دەبەن و منیش پێى دەڵێم هەستانەوە لە خەوى چونەوە بەرەو ماڵ .
لەهاوپۆلی: وهرزشی دهروونی
« ئاڵودهبوون بهئینتهرنێت لهنێوان گرفتی دهروونی و کێشهی کۆمهڵایهتیدا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | بهم شێوهیه دهتوانیت ئهرکێکی ناخۆش ئهنجام بدهیت »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
