نیسان 1, 2008
یۆگاى شرى گۆسوامى و گەیشتن بە هاوسەنگى
(ناتوندوتیژى)
ئا/ یۆگى هاوبیر کامەران
مامۆستای کۆمهڵهی هونهری یۆگا / سلێمانی
پرۆفیسۆر شیام سوندار گۆسوامى (Shyam Sundar Goswami) ساڵى (1891) لە کەلکەتە لە هیندستان لەدایک بوەو یەکێکە لە هەرە شارەزاترین مامۆستایانى یۆگا لە هیندستان و رۆژاواو یەکێکە لەوانەى کە (پرۆفیسۆر گیۆرگ فیورشتاین) وەک مامۆستایەکى گەورەى جیهانی باسى لێوە دەکات . ئەم سوامیە خاوەنى هێزێکى سەرسورهێنەرى جەستەیى و دەرونى ورۆحى بوە و چەندان لێکۆلینەوەو تاقیکردنەوەى لەسەر ئەنجام دراوە . خودى گۆسوامى لە هیندستان و وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و یابان و بەریتانیا و نەرویج و سوید و چەندان وڵاتى دیکە وانە و ئامۆژگاریەکانى یۆگاى گەیاندوە بە زانکۆ و پەیمانگا و کۆلێژە زانستى و پزیشکی و وەرزشیەکان بەمەبەستى بڵاوکردنەوەو بە زانستى سەلماندنى ئەو پرۆگرامانەى کەلە هاتایۆگادا (کە بەشێکى گرنگى یۆگایە) هاتون و کاریان لەسەر دەکرێت . شرى گۆسوامى هەستا بە وتنەوەى هاتایۆگا لە جیهاندا و بەمەش هاتایۆگا پێى نایە هەنگاوێکى زۆر زانستى و فەلسەفیەوە کە تا ئێستاش ئەو ڕێرەو و شیوازە لە ڕاهێنان کە شرى گۆسوامى دەیوتەوە هەر بەردەوامەو موریدە دڵسۆز و فێرخوازە ویستیارەکان سودى لێدەبینن . تەمەنى فەلسەفەى یۆگا زیاد لە 5000 هەزار ساڵە ، یۆگاى گۆسوامى واتە ئەو هاتایۆگایەى گۆسوامى دەیوەتەوە لە رێگەى زانستى تازەوە لە مەحەک دراوە و دەتوانین بلێین یۆگایەکى تەواو گەنجاوە بۆ سەردەمى ئەمرۆ .
لەپێناوى زانین لەو بارەیەوە کە ئایا ئێمە چۆن بگەینە هاوسەنگى لە ژیاندا ، هەوڵەدەین بەچەند بەشێک لەسەر ئەو مەسەلەیە بدوێین و چەند رێگەیەک باس بکەین بۆ گەیشتن بە هاوسەنگى و ئارامى و روناکى ناوەکى لە ژیانى رۆژانەدا و گەیشتن بە سکونێک کە هەموان بتوانین تیایدا بگەینە ئاسودەیى و شادومانى .
بۆ گەیشتن بەم ئاسودەییە ناوەکیە یەکەم خالێکى گرنگ لە یۆگا بەگشتى و بەتایبەت لە هاتایۆگاى شرى گۆسوامی دا ئەوەیە کە ئێمە بڕوامان بەیاساى (ئاهیمسا) هەبێت و کارى لەسەر بکەین .
وشەى ئاهیمسا سانسکرێتیەو بەماناى (ئازارنەگەیاندن) و (ناتوندوتیژى) دێت . واتە یۆگى یان کەسێک کە بیەوێت بگات بە ئارامى ناوەکى یان لانى کەم لەش ساغى ، ئەوا دەبێت بڕواى بەوە هەبێت کە ئازارگەیاندن بە هەر دروستکراوێکى سەر زەوى واتە ئازارگەیاندن بە مرۆڤ خۆى . ئەگەر ئێمە بتوانین هێندەى توانا ئازارى کەسانى چواردەورمان نەدەین نە (بەدەم) نە بە (کردەوەو ڕەفتار) و نە بە (دڵ) ئەوا خۆ بەخۆ دەتوانین ئارامیەکى سەیر بەدەست بهێنین .
خۆشەویستى بەخشین بە دەوروبەر ماناى وایە ئێمە یەکەم هەنگاومان هەڵهێنا لەسەر رێگەى یۆگا کە ئەم هەنگاوە بەرەو دڵخۆشیمان دەبات و کۆتایى ئەم دڵخۆشیەش ئارامیە .
بەپێى لێکۆڵینەوە پزیشکیەکان دەرکەوتوە کە ڕق و پەنگ خواردنەوەى ڕق دەبێتە هۆى زیادبونى ئەگەرى توشبون بە برینى گەدە ، ئاوسانى جگەر ، زیادبونى دەردانى هۆرمۆنى ئەدریناڵین ، کەمبونەوەى دەردانى ئیندۆرفین ، کزبونى چاوەکان ، جەڵتەى دڵ و جەڵتەى مێشک ، سست بونى نێرڤ واتە دەمارە هەستەوەرەکانى مرۆڤ ، چرچ بونى پێست ، ئاوسانى پەنکریاس ، زوو پیر بون ، روخانى خانەکانى مێشک ، دروست بونى ترس و فۆبیا ، تێکچونى بارى دەرونى مرۆڤ ، پێکهاتنى خەمۆکى و خاکەسارى لە مرۆڤدا . ئەمانە هەندێ لەو نەخۆشیانە بون کە لەسەرەنجامى ڕقەوە دروست دەبن . یۆگا لەرێگەى ئەم ئامۆژگاریە گرنگەوە یارمەتیمان دەدات کە لانى کەم دوربین لەم نەخۆشیانەو لەسەرە دوو ئاست پێشبکەوین .
یەکەم : لەسەر ئاستى تاکەکەس. ئەویش بەوەى کاتێک ئێمە هەموانمان خۆش دەوێت و ئازارى کەس نادەین و بەردەوام کەسانى دەوروبەرمان دەبەخشین لەو هەڵانەى کە دەیکەن ، ئەوا ئێمە لەروى تەندروستى جەستەیى و دەرونیەوە ئارام و دامەزراو دەبین وەک پێشتر باسمان کرد .
دوەم : لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى . کاتێکیش ئێمە رق بەرامبەر کەسانى چواردەورمان بەکارنەهێنین و تۆڵە لەکەس نەکەینەوە ئەوا کۆمەڵگەیەکى ئارام و هێمن و پارێزراو دروست دەبێت ، بەڵام کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانى بە ڕق و تۆڵەوە پەروەردە بکرێن ئەو کۆمەڵگەیە دەشێوێت و دەشبێتە مایەى شێواندنى ناوەوەى تاکە تەندروستەکانیشى چونکە ئەوەى تۆڵە دەکاتەوە دەبێت دو گۆر هەڵبکەنێت ، یەکیان بۆ خۆیى و یەکیشیان بۆ ئەوە کەسەى کە تۆڵەى لێدەکاتەوە. بەم شێوەیە پشێوى بڵاو دەبێتەوەو ناچار دەبێت پۆلیس و ئاسایش و دادگاکان سزاى کەسانى توندوتیژ بدەن و بەمەش کەسانێکى زۆر ئازارمەند دەبن .
وەنەبێت ئێمەى مرۆڤ تەنها دەبێت ئازار بە مرۆڤە هاوشێوەکانمان نەگەیەنین ، بەڵکو دەبێت ئازارى گیاندارانى بێ زمانیش نەدەین ، ئەو گیاندارانەى کە ئەگەر زمانیان هەبوایە هاواریان دەکرد و دەیانوت : (ئەى هاوار بەسە ئەى مرۆڤ ، بەسە شەڕ ، بەسە کوشتن ، بەسە خۆتەفرەدان بە خوێن ، بەسە ئێمەش وەک ئێوە هەست بەئازاردەکەین ، ئێمەش هەوڵەدەین بژین نەک بمرین، خوا ئێمەى بۆ ورگى ئێوە دروست نەکردوە، خودا ئێمەى خوڵقاندوە بۆ ئەوەى هەبین نەک بۆ ئەوەى بمرین ، ئێمە هاتوین بۆ شادى ، بۆ ژیان ، نەک بۆ مەرگ و گریان) .
ئەمە هۆکارى ئەو هەمو پێداگریەى سوامى و یۆگى و کەسە رۆحانیەکانى وەکو شرى گۆسوامى و ماهاتما گاندى و مەولاناى رۆمى و پێغەمبەرى ئیسلام و عیساى یەسوعە لەسەر ناتوندو تیژى و خۆشویستنى خەڵک و سروشت.
یەکەم هەنگاوى یۆگا بە خۆشویستن دەست پێدەکات و ئەم خۆشویستنەش تەنها تایبەت نیە بە کەسە نزیکەکانمانەوە بەڵکو ئێمە دەبێت فێربین لەو کەسانە خۆشبین کە هەڵەمان بەرامبەر دەکەن . دەبێت ئەمە فێرى منداڵەکانمان بکەین و دوریان بخەینەوە لە سەیرکردنى فلیم کارتۆن و فیلمى توندوتیژ و کوشت و بڕ و ئازارگەیاندن بە گیاندارانى وەک مێرولە و قالۆنچەکان ، دەبێت ئەوان فێربکەین بەزەییان بە مێشێکدا بێتەوە. بەم هەستەوە گەورەبونى مرۆڤ وادەکات مرۆڤایەتى لەناوماند بکەوێتە کار ، جوانى ژیان دەردەکەوێت ، ئاسودەیى باڵ بەسەر ژیانمان دەکێشێت و ئارامى ڕو دەکاتە دەرونمان.
ڕاهێنانى ئەم جارە بۆ کردنەوەى زۆرینەى کێشە دەرونیەکان و وردە وردە پێدانى هاوسەنگى بە دەرون و لەشى مرۆڤ بەخشینى ئەو کەسانەیە کە هەڵەیان کردوە بەرامبەرت و بڕیاردانە بەوەى کە هەرگیز ئازاریان نەدەیت و تۆڵەیان لێ نەکەیتەوە ، کاتێک ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە ئەگەر بەتەنگ تەندروستى رۆحى و جەستەیى خۆتەوەیەت بریار بدە هەموانت خۆش بوێت و ئەگەر کەسێک هەڵەیەکى کرد بیبەخشەو بریار بدە تۆڵە لەکەس نەکەیتەوە چونکە هەموان هەڵە دەکەین و ژیان بە هەڵەوە جوانە تا تێبگەین لە راستى و راستەکان ، وەک چۆن روناکى رۆژ بە تاریکى شەوەوە جوانە . شەڕو ئاژاوە هیچ بە ژیانى مرۆڤ زیاد ناکەن تەنها نەزانى و ترس و تۆقین و ناهاوسەنگى و نەخۆشى نەبێت ، هەربۆیە هەمیشە کەسە داناو زاناکان لایەنگرى ئاشتى و ئارامى و بەخشین و خۆشویستن بون . ئێمە نابێت هەر لایەنى چاکەو روناکى بگرین ، بەڵکو دەبێت ئێمە بەراستى خەریکى ئەو کارە بین. دەبێت دوژمنەکانمان ببەخشین و دڵمان بخەینەوە کار دەنا ، ئەو قەسابخانانەى بۆ گیاندارە بێ زمانەکانى ساز دەکەین رۆژێک دڵ و دەرونى ئێمەش دەگرێتەوە . گەر یەکترمان خۆشویست و خودامان خۆشویست ئەوکات خەومان خۆش دەبێت و خەوى خۆش دێتە ناو سەرمانەوە . دەبا خەومان خۆش بکەین.
لەهاوپۆلی: وهرزشی دهروونی
« چارهسهرکردن بهتهزووی کارهبا Electroconvulsive Therapy / بهشی یهکهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | چارهسهرکردن بهتهزووی کارهبا Electroconvulsive Therapy / بهشی دووهم و کۆتایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

slaw la sarnwsar u barewabary mallpari derunnasy ka barasty mallpareki zor zor baswd u bakalka . lerawa damawet supaseki zor arastai mamosta hawbir kamaran bkam bo au babata nayabanai lam mallparada blawi dakatawa . barasty babatakant gwann mamosta , har sarkawtw u bardawam bit .
shazad
Shazad slaw
zor supas bo tow am malpara aziza ka tanha malpareka ka mn babati bo bnerm chunka barastizhureka bo asudabun, am zhura bas la mrov dakat ba hamu grftu gawraeeakanyawa , amash arkeki piroza. om