ئازار 5, 2008
توڕه‌بوون ومێشك
نووسینی : عه‌بدوڵا تۆفیق
پسپۆری وه‌رزشه ده‌روونیه‌کان
سوید
هه‌موویه‌کێ له ئێمه هه‌ندێ جار تووڕه ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی توڕه‌بوون هه‌ستێکی سروشتیه و بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه له‌وشتانه‌ی که به‌پێچه‌وانه‌ی ویسته‌کانی ئێمه‌وه ده‌ڕوات. ئه‌م هه‌سته‌ش له‌به‌شێکی مێشکمانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ناوده‌برێت به (ئه‌میگه‌دال). له‌م به‌شه‌وه ئیشاره ته‌کان وه‌رده‌گیرێن و ده‌نێردرێن بۆ زۆر به‌شی تری مێشك. ئه‌م به‌شه‌ی مێشك به‌هۆی توڕه بوونه‌وه کاریگه‌ری ده‌که‌وێته‌سه‌ربۆنمونه له‌کاتێکدا که که‌سێك له تۆ توڕه‌ده‌بێت تۆش خێراکاردانه‌وه‌ت ده‌بێت و توڕه‌ده‌بیته‌وه. وه ئه‌میگه‌داله‌یه که واده‌کات له ڕوخساری که‌سێکیتر تێبگه‌ین.
هه‌روه‌ك ده‌زانین ئه‌گه‌ر توڕبوون سنوردار نه‌بێت و به‌خێرای له‌وباره گرژه‌ییه‌دا ده‌ربازنه‌بین، کاردانه‌وه‌کان زۆرخراپ ده‌بن. ئه‌وه شتێکی باشه ئه‌گه‌ر تۆ بتانی به‌شێوه‌یه‌کی باش هه‌ستی خۆت بڵێی به‌رامبه‌ر ئه‌وکه‌سه‌ی که خراپه به‌رامبه‌رت، به‌ڵام هه‌ندێ جار توڕه بوونه‌که ئه‌وه‌نده زۆره که نازانیت ئه‌و توڕه‌بوونه به‌ره‌و کوێت ده‌بات. هه‌ربۆیه له‌م باره‌دا مه‌ترسییه‌کان زۆرده‌بن وئه‌گه‌ری کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر که‌سه‌که توڕه‌که‌و ده‌وروبه‌ری.
خۆشبه‌ختانه مرۆڤ هه‌میشه ڕێگای هه‌بووه بۆ زاڵبوونی به‌سه‌ر کێشه‌و ته‌گه‌ره‌کانی ژیانیدا و ده‌ربازببێت له‌زۆربه‌ی ئه‌وشتانه‌ی که‌ده‌بنه هۆی تێکدانی ده‌روونی. ئه‌ویش به‌هۆی ڕاهێنانه‌وه که تۆ ئه‌و سه‌رمایه‌ت بۆ ژیانێکی باشتر‌و ته‌ندروستترت ده‌ست ده‌که‌وێت. له‌وکاته‌دا که‌تۆ توڕه‌ده‌بیت وه‌ك یه‌که‌م هه‌نگاو پێویسته تۆ خۆت به‌ئاگا بکه‌یت له هۆی توڕه بوونت، پاشان به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه بێت تۆ به‌ئاگابه له کاردانه‌وه فیسیۆلۆجی و سایکۆلۆژیه‌کان
که له له‌شتا ڕووده‌دات و هه‌ست به گۆڕانکاریه‌کانیان بکه و بزانه :-
بۆنمونه / هه‌ناسه‌دانت چۆنه؟ ئایا به سنگت و شانت هه‌ناسه‌ده‌ده یت یان به به‌شه خواره‌وه‌ی سنگت/سکت؟ ئایا ده‌له‌رزیت؟ ئاره‌قت کردووه‌ته‌وه؟ ده‌نگت به‌رزبووه؟ کۆنترۆڵت ماوه به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا که‌ده‌یڵێیت و ده‌یکه‌یت؟ ئایا ئه‌وه خودی خۆته؟ وه پێت خۆشه که به‌و شێوه‌یه‌بیت؟!
که‌ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ت هه‌ست پێکردو نه‌توویستن ئه‌وا ده‌توانی به‌ئاگایانه کار بکه‌یت له‌گه‌ڵ خۆتدا، که ئه‌ویش کردنی شتێکی باشه به خو (تریگێر) بۆ خۆت له‌وباره توڕه‌بوونه‌تدا.
بۆ نمونه زۆر که‌س له‌کاتی توڕه‌بوونیاندا به چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ و هه‌ناسه گرتنیان و پاشان هه‌ناسه‌دانه ده‌ره‌وه‌یان که چه‌ند جارێک ئه‌مه دوباره ده‌که‌نه‌وه هه‌تا ده‌بێته خویه‌کی باش بۆیان و ده‌توانن به‌م شێوه و ته‌کنیکه خۆیان خاوبکه‌نه‌وه. یان ده‌تونی ده‌ستی چه‌پت یان ڕاستت به تونده بنوقێنیت و هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵمژیت، چه‌ند چرکه‌یه‌ك بوه‌سته‌و پاشان ده‌ستت شل بکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌مو له‌شتا، که ئه‌مه ده‌که‌یت ده‌بێت ئه‌و هه‌سته بۆ خۆت دروست بکه‌یت که تۆ ئه‌وکاره ده‌که‌یت بۆ ئه‌وه‌یه که خێرا خاوببیته‌وه. زۆرکه‌س له‌کاتی توڕابوونیاندا ده‌توانن به‌خێرای خاوببنه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وان ئه‌وه‌یان کردوه به خو /تریگێر که هه‌ستییان کرد وا خه‌ریکه توڕه‌ده‌بن ده‌ست به‌جێ له 1 بۆ 10 ده‌ژمێرن که گه‌شتنه ژماره 10 ئه‌وان ته‌واو خاوبونه‌ته‌وه. یان ئه‌وشوێنه به‌جێبهێڵه و پیاسه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌بکه بۆنمونه له پارکێکدا یان له شوێنێکی هێمندا. ئه‌وه‌ش کارێکی باش و کاریگه‌ره ئه‌گه‌ر بتوانن قسه‌بکه‌ن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ئێوه له‌سه‌رچی توڕه‌ده‌بن و له‌وکاته‌دا به‌رامبه‌ره‌که‌ت چی بکات بۆ ئه‌وه‌ی زۆرنه‌خایه‌نێت.
توڕه‌بون زۆرجار ئاکامه خراپی لێبوه‌ته‌وه‌و کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه له‌سه‌ر شێوه‌ی ژیان وته‌ندروستیمان. ئه‌گه‌ر که‌مێك به‌ئاگایانه له توڕه‌بوونی خۆمان بنواڕین و له ئاوێنه‌یه‌که‌وه سه‌یری خۆمان بکه‌ین له‌وانه‌یا به‌ته‌واوی واز له توڕه‌بوون بهێنین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وکاته‌دا ته‌واو ڕوخسارت ده‌گۆڕێت و ئاره‌زووی بینینی خۆت ناکه‌یت، که‌وابوو چۆن بارامبه‌ره‌کات تۆ ده‌بینێت؟ ئه‌ی که‌سایه‌تیمان به‌ره‌و کوێ ڕۆی؟ ڕاهێنانێك بۆخۆت بدۆزه‌ره‌وه‌و له لای خۆت خه‌زن/ پرۆگرامی بکه بۆئه‌وه‌ی زاڵبیت به‌سه‌ر توڕه‌بوونتا!
ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
لەهاوپۆلی: وه‌رزشی ده‌روونی
« کێ ڕۆشنبیره ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | گۆڕانکارییه ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌کانی سکبوون »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
