شوبات 21, 2008
تەکنیکێکى یۆگا بۆ ئارام بونەوە
ئا: یۆگى :هاوبیر کامەران
مەبەستى یۆگا وەک رێگەیەکى باڵا و ڕەها بۆ گەیشتن بە هەقیقەت تەنها بەرزکردنەوەى مەعنەویەت و پاککردنەوەى دڵ و کۆنترۆڵى هەستەکان و رق و ترس و خەم نیە ، بەڵکو هەوڵدان بۆ پاراستنى تەندروستى جەستەى مادى بەشێکى گەورەیە لە ڕاهێنانەکانى یۆگا ، لەبەرئەوەى جەستە پەرستگەى رۆحە ، بێ تەندروستى جەستەیى تەندروستى و هاوسەنگى رۆحى بەدەست نایەت . هاوسەنگى و تەندروستى رۆحیش کاتێک لە ناودەچێت کە ئارامى مرۆڤ لەناو دەچێت ، بۆیە گێرانەوەى ئارامى (شانتى) یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیەکانى رێگەى یۆگا .
زۆر شێوازو رێگە هەیە لە یۆگادا بۆ ئەو مەبەستە کە لەلایەن یۆگیەکانەوە بە درێژایى 5000 ساڵى مێژوى یۆگا بەکارهاتوە ، یەکێک لەو رێگایانە ئەنجامدانى هەندێ تەکنیکى چەسپاوى جەستەییە کە بە “ئاسانا” بەناوبانگن . ئەم تەکنیکانە دەبنە هۆى هاوسەنگ کردنەوەى ئەو دەردراوانەى کە کوێرە گلاندەکان دەرى دەدەن ، واتە ئەم تەکنیکانە هۆرمۆنەکانى لەش هاوسەنگ دەکەنەوە و ئارلاامى دەبەخشنە ماسولکەکانى جەستە و دڵ و سیەکان . یەکێک لەو تەکنیکانە تەکنیکى “ڤاجراسانا-Vajrasana” یە کە بە زمانى کوردى پێى دەوترێت تەکنیکى هەورەبروسکە .
شێوازى تەکنیکەکە :
لەسەر ئەژنۆ دابنیشەو دەستەکانت بخەرە سەر ئەژنۆو چاو دابخە . پشت و سەرت ڕێک بێت و تەواو ئارام و هێمن بە. بەهێمنى لەڕێگەى لوتەوە هەناسە هەڵبمژەو بەئارامیش هەناسە بدەرەوە. هەوڵ بدە سیەکانت پڕ بکە لە هەوا بەڵام خۆت ئازار مەدەو لەش گرژ مەکە، واتە فشار مەخەرە سەر سیەکان . لەم بارەدا دەتوانیت (25) هەناسە بدەیت و ئاگادارى هەناسەکانت بە. تەرکیزت لەسەر لوتت بێت و هەست بەو هەوایە بکە کە دەچێتە ناو لوتەوەو دێتە دەرەوە؟ کاتێک دەست دەکەیت بە هەناسەدان لە ژمارە (25) وە بژمێرە تا ژمارە (0).. واتە هەڵمژین (24 ئوم) و دانەوە (24 ئوم) ، پاشان هەڵمژین (23) و دانەوە(23)و بەو شێوەیە .
دەشتوانیت تەنها لە بارى ڤاجراسانادا ووشەى پێرۆزى ئۆم بەم شێوەیە بڵێیت (ئۆۆۆۆم م م م م م م ) واتەچوار چرکە (ئۆم) درێژ بکەرەوەو (م) ەکە (6) چرکە درێژ بکەرەوە . وتنى وشەکە دەبێت لەگەڵ هەناسەداندا بێت ، هەناسە هەڵبمژەو لەگەلڕ دانەوەیدا سێ جار ووشەى ئۆم بڵآ و هەوڵبدە خەیاڵت نەڕوات. وادەى (10-15) خولەک لەم بارەدا بمێنەرەوە .
سودەکانى ئەم راهێنانە :
1. ئارامبونەوەى ماسولکەکانى لەش .
2. خاوبونەوەو ئارام بونەوەى سوڕى خوێن و لێدانى دڵ .
3. دابەزینى پەستانى بەرزى خوێن (Hypertension) .
4. بەهۆى دەردانى هۆرمۆنى “ئیندۆرفین” ەوە ئازار لەلەشدا کەم دەبێتەوەو لەش ئارام دەبێتەوە.
5. ئارام بونەوەى دەرونى مرۆڤ و نەمانى توڕەیى و ترس و دابەزینى رێژەى ئەدریناڵین .
6. بەهێزبونى بەرگرى لەش .
7. ئارامبونەوەى مێشک و بەهێزبونى یادەوەرى و ووردگەرى مرۆڤ .
8. هەرکات ویستت کارێکى گرنگ ئەنجام بدەیت ئەم ڕاهێنانە ئەنجام بدە بەزویى بینەرى سەرکەوتنى کارەکەت دەبیت.
9. ئەم ڕاهێنانە ئەگەر لەپاش نان خواردن ئەنجام بدرێت ئەوا هەرسبونى خۆراک خێرادەکات و یارمەتى ئەو عەمەلیەیە دەدات، هەر بۆیە ڤاجرەسانا چارەسەرى ئازارى گەدەو برینى گەدەیە .
10. ڤاجراسانا چاکراى مۆلاداهارا دەجوڵێنیت و هێزى کەهرۆموگناتیسى زەوى دەنێرێت بۆ دەماغ لەڕێگەى دڕکە پەتکەوە .
تێبینى:-
ئەم ڕاهێنانە لەپەرستشى بوداییەکان و مەسیحیەکاندا بەکاردێت، هەروەها موسوڵمانەکان لە نوێژدا سودى لێ دەبینن .
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: وهرزشی دهروونی
« خوێندنهوهیهکی سایکۆلۆژیانه بۆ تیرۆر / بهشی یهکهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خوێندنهوهیهکی سایکۆلۆژیانه بۆ تیرۆر / بهشی دووهم و کۆتایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
