شوبات 3, 2008
وەهمى خەفەت لە کوێوە دێت و چارەسەرەکەى چیە ؟
نووسینی یۆگی :
هاوبیر کامهران
مامۆستاى کۆمەڵەى هونەرى یۆگا
پێشکەوتنى تەکنەلۆژى و زیادبونى ئەو هەمو ئامێرەو گەورەبونى شارەکان و کۆچى گوندنشینەکان بۆ شارو بەرزبونەوەى خەرجى تاکەکەس و پێگەیشتنى هەندێ وڵاتى مامناوەند لەڕوى ئابوریەوە و بڵاوبونەوەى شەڕو دوبەرەکى سیاسى وەک پەتایەکى کوشندە و هەندێ هۆکارى دیکە ، وایان کردوە (مرۆڤى ڕەق) واتە (مرۆڤى سەردەم) ئالودەى سەدان جۆر گرفتى دەرونى و جەستى و ڕۆحى ببێتەوە . گرفتەکان بەکۆ لەگەڵ ئەو هۆکارانەى سەرەوە سەرەنجامى فشارى ژیانى ڕۆژانەو نەبونى هۆشیارى و هەڵەتێگەیشتنى ئێمەن لە ژیان و چوار دەوروبەرمان ، لەبەرئەوەى کاتێک ئێمە زانینى تەواومان نەبو بەرامبەر ئەوەى چى لە ناوەوە و دەوروبەرمان دەگوزەرێ ، ناتوانین ژیانێکى ئاسودەمان هەبێت ، ئەو زانستەى هیندیەکان پێى دەڵێن (جنانە) واتە مەعریفەیەکى تەواو قوڵ، بەڵام چۆن و بۆچى ؟ ئایا خوێندنەوەى ڕۆژنامەو گۆڤارو کتێب ناتوانن ئەو زانیاریانە بە ئێمە ببەخشن ؟ !
لە ڕاستیدا عارف و پیاوە ڕۆحانیەکانى ئەوروپا دانیان بەوەدانا کە زانینى دەرەکى و زۆریى کۆنتاکت لەگەڵ خەڵک و بونى ئەو هەمو سەرقاڵیەى ژیانى ڕۆژانە و ئامادەبونى ئامێرگەلى تەرفیهى زۆر و زەوەند لە ژیاندا ناتوانن دەردە گەورەکەى مرۆڤ چارەسەربکەن کە نەزانیە و هیندیەکان پێى دەڵێن ئاڤیدیا (Avidya) . ولیەم لۆو(William Law)(1686-1761) دەڵێت: ” چ پێویستیامان بەو هەمو زانینە دەرەکیەیە لە کاتێکدا هەمو ئەو شتەى پەیوەندى بە ژیان و مردنەوە هەیە لەناو خۆماندایە” . (شونیر سوزوکى) کە یەکێکە لە بەناوبانگترین (زێن ناسەکانى) ئەوروپاو دەربارەى زانیارى دەرەکى دەڵێت ” ئامۆژگاریەکانى سەر کاغەز ئامۆژگارى واقعى نین ، بەڵکو تەنها جۆرە خۆراکێکن بۆ مێشکى تۆ، هەڵبەتە خۆراکیش بۆ مێشک پێویستە بەڵام ڕاستتر ئەوەیە کە بەهۆى ڕێگەیەکى ڕاستەوە بتوانیت خۆت بیت “. لە ڕاستیدا قسەى من لەسەر ئەوەیە کە تۆ خۆت نیت ، تۆ لەوانەیە مرۆڤێکى ڕەق بیت . مرۆڤێک کە تەلەفزیۆن و سیدى و سەتەلایت و مۆبایل و سەیارەو کارگەى گەورە و هتد.. بونە هۆى دروستکردنى لەحزەکانى تۆو ژیان و بیرکردنەوەى تۆ و تەنانەت ویژدانیشت، هیچ کاتێکت نیە بۆ ئەوەى کە تیایدا بیر لەخۆت بکەیتەوەو بە ئاگابیت بەخۆت. هەمیشە بەئاگایت بە تەکنەلۆژیاو کوڕەکانى. سۆفیەکان و یۆگیەکان و عارفە مەسیحى و موسوڵمان و تەنانەت یەهودیەکانیش دەڵێن ” کاتێک بیر لە شتێک دەکەیتەوە ئەو شتە لاى تۆو لە تۆدا ئامادەیە” ، بۆ نمونە کاتێک بیر لە ژیانى پڕ کێشەو گرفتى ناو خەڵک دەکەیتەوە ، کاتێک لەو ژیانەى خۆت دەڕوانیت کە هەرگیز ناتوانیت کامڵى بکەیت بەهۆى پێشکەوتنى ئامێرە کارەباییەکان و ئامێرە تازەکانەوە ، ئەوکات ژیانت بەهەمان ئاقاردا دەڕوات و دەبێتە ژیانێکى پڕ کێشەو گرفت و کەمو کوڕى. مرۆڤى ڕەق مرۆڤێکە هەمیشە بیرى لەسەر ئامێرى ڕەقە و خەفەت و کێشەو گلەیى و خاکەسارى و نەخۆشى و بێتاقەتى و شەڕو دڵگرانى لە نیشانە دیارەکانى ئەو جۆرە مرۆڤەن، ئەمە بەدەر لە چاوچنۆکى و چاوبرسێتى و بیرکردنەوەى بەردەوام لە جنس و حەز بۆ تێرکردنى غەریزەى جنسى و وەرگرتنى لەزەت لێى لەکاتێکدا نازانێت بۆچى و چۆن. وەنەبێت هەموان ئەم نیشانانەمان تیادا نەبێت ، ئەم سەردەمە سەردەمى ڕەق بونى دڵ و ئیحساس و وجودى مرۆڤە، سەردەمى شەڕو ئاژاوەو سەربرین و سەرمایەدارى و دەوڵەمەندبونى گیرفان و هەژارى ڕۆحە.
مرۆڤى نەرم کێیە ؟! مرۆڤى نەرم مرۆڤێکى تەواو هاوسەنگە لەڕوى جەستەیى و دەرونى و ڕۆحیەوە. بێ بەریە لە خەم و خەفەت و هەڵچون و داچون، لەبەرئەوەى خەفەت بارێکى دەرونیەو سەرەنجامى بەرکەوتنى تۆو گرفتەکان یان تۆو کەموکوڕیەکانە. هەرکات ڕەق بویت وەک بەرد ئەوکات گەر بەر شوشەى ژیان بکەویت دەیشکێنیت و خودى خۆشت سەرگەردان دەکەیت . هەربۆیە سوامى مادهاڤانادا دەڵێت ” خەم و خەفەت خراپترە لە خواردنەوەى ژەهر ” . مرۆڤى نەرم لەبیرى ئەوەدایە چۆن بتوانێت خۆى بێت ، چۆن بتوانێت ئاسودەگى رۆحى و دەرونى و ئەقڵى و تەنانەت جەستەییش بەدەست بهێنێت . مرۆڤى نەرم (واتە ئەو مرۆڤەى زیاتر تێکەڵە بە خۆشەویستى و بەخشین و لەژێر کۆنترۆڵى ئامێرى سەردەمدا نیە) دوژمنى پێشکەوتن و تەکنەلۆژى نیە، بەڵکو بەئاگایە بەوەى کە نەبادا تەکنەلۆژیا هەمو ژیانى داگیر بکات، ئێمە نەهاتوین بۆ سەیرکردنى تەلەفزیۆن، خواوەند دروستى نەکردوین تا بۆ هەمیشە لەسەرکۆمپیوتەر دابنیشین و سێرچ بۆ ناوى زانا و فەیلەسوف و گۆرانی بێژ و هتد.. بکەین و پاشان بێ ئەوەى هیچ لە ژیانمان بگۆرێت کۆمەڵێک زانیارى فێرببین و تەواو. ئێمە دروست نەبوین تا لەخۆمان بێ ئاگابین، هەندێک دەپرسن ئەمڕۆ لە کوردستان بە ڕێژەیەکى زۆر (شێت) زیادى کردوە، من دەڵێم ئەمە ڕاستە چونکە بەڕێژەیەکى زۆر خەیاڵیى مرۆڤى نەرم کەمى کردوە. لە ڕاستیدا کەم کەس هەیە خۆزگە بە شێت نەخوازێت ، چونکە واباوە دەڵێن شێت خەفەت ناخوات . زیادبونى شێت یەکێکە لە نیشانەکانى زیاتر پێشکەوتنى تەکنەلۆژى وڵات و ئەم تیۆرە هەر لێرە ڕاست نیە ، بەڵکو لە ئەوروپاو ئەمریکاشدا ئەم تیۆرە واقعیەتى هەیە و لە سەردانى نەخۆشخانە دەرونیەکاندا بۆت یەکلایى دەبێتەوە کە تا چەند مرۆڤ لەخۆى دوربکەوێتەوە ئەوەندە لە کێشەى دەرونى نزیک دەبێتەوەو ئەگەرى لەدەست چونى هەیە.
ئێمە کاتمان نیە بۆ بێدەنگى ..کاتمان نیە بۆ ڕوانین لە خود..کاتمان نیە بۆ ئازادبون لەدەست بۆچونەکانى خەڵک کەلە ڕێگەى تەلەفزیۆن و گۆڤارو ڕۆژنامەوە پێمان دەگات.. لەوانەیە 80% پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانمان و سەردانەکانمان بۆ خۆدزینەوە بێت لە تەنیایى و بێدەنگى، چونکە مرۆڤى ڕەق لە بێدەنگى دەترسێت، ترسێک کە هیچ کات لێى جیانابێتەوە تەنها بە ئارامبونەوەو بێدەنگى نەبێت ئەم بابەتەش (ئەریک فرۆم) دەرونناسى بەناوبانگ لێکۆلینەوەى زۆرى لەسەر کردوەو سەلماندویەتى. دەتوانیت تەنها 12 کاتژمێر واز لە تەلەفزیۆن و هاوڕێ و ڕادیۆو تەلەفۆن و خوێندنەوە بهێنیت و بێدەنگ بیت، دەبینى لەناختدا فەوزایەکى زۆر هەیە کە پێشتر هەستت پێ نەکردوە ، بەهۆى دەنگى دەرەوەوە ناتوانیت گوێ لە دەنگى ناوەوە بگریت، ئەو دەنگ و فەوزا ناوەکیە ڕۆژێک دێت دەبێتە کێشەى دەرونى و دەتخاتە سەر جادەو شەقامەکان و خەلکیش پێت ڕادەبوێرن و تانەت لێدەدەن و بە شێتى 2008 دەتدەن لەقەڵەم یان لانى کەم بەهۆى ئەو هەمو خەم و خەفەتەى ژیانى ڕۆژانەوە وەک دەرونناسى و پاسۆلۆژیا قسەى لەسەر دەکات، دوچارى خەمۆکى و قەلەقى و شیزۆفرینیا و برینى گەدەو نەخۆشى دڵ و تێکچونى شەکرەو بەرزبونەوەى کۆلیسترۆڵى خوێن دەبیت. ئەگەر بتوانیت ڕۆژانە یەک کاتژمێر تەرخان بکەیت بۆ میدیتەیشن (دابنیشەو چاودابخەو بێ دەنگ بەو تەنها بەئاگابە بەو هەمو بیرو ئەفکارانەى کە بۆت دێت ، یان تەنها بەئاگابە بە هەناسەهەڵمژین و هەناسەدانەوەت و خۆت بەبەشێک لە ئەفکارەکان مەزانە) و بەئاگابون بە خود و یۆگاکردن ، ئەوکات باشتر دەبینى و دەبینى ژیان جوانترەو ئازارەکانت لەکۆڵ دەبنەوەو نەخۆشى جەستەیى و دەرونى کەم دەبێتەوەو گرفتەکانت خۆبەخۆ چارەسەردەبن ، چ گرفتى نەفسى یان خێزانى یان کۆمەڵایەتى و تەنانەت دارایى. زۆر لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە کراوە، (سوامى شیڤاناندا) و دکتۆر (دینش شارما) و دکتۆر (جى تى شاه) و (دیمترى ئەفیرینوس) و دکتۆر(ڤاسانت لاد) و دەرونناسى بەناوبانگ (یۆنگ) و لەم دواییانەش زانکۆى (بیهار)ى هیندستان ئەوەیان سەلماندوە کە میدیتەیشن و یۆگا کە زیاتر کار لەسەر بە مرۆڤ بونى مرۆڤ دەکەن نەک بە ئالەت بونى ، دەتوانن چارەسەرى گرفتە جەستەیى و دەرونى و رۆحیەکانمان بکەن. یەکێک لە لێکۆڵەرەوە بەناوبانگەکانى ئەمریکا بەناوى (دکتۆر دێڤد جانسون) لەیەکێ لە لێکۆڵینەوەکانیدا کە لە ساڵى 1978 لەسەر (600000) شەش سەد هەزار کەس ئەنجامیدا بۆى دەرکەوت ئەوانەى تەنها رۆژانە 30 خولەک (میدیتەیشن) و 30 خولەک یۆگا دەکەن بەرێژەى 2:1 کەمتر لەخەڵکى دیکە دوچارى نەخۆشى دەبن و سەردانى نەخۆشخانە دەکەن. واتە ئەگەر کەسێکى ئاسایى لە10 ساڵى تەمەنیدا بەلایەنى کەمەوە 20 جار بچێتە لاى نوشدار، ئەوا کەسى یۆگاکار 10 جار دەچێتە لاى نوشدار .ئەمە ماناى ئەوەیە کە هەرکات بە ئاگابیت بەخۆت و نەکەویتە ژێر کۆنتڕۆڵى شتەکانى چواردەورتەوە و بەڕاستى خۆت بیت ، دەبینى گرفتت هەیەو چارەسەرەکەشى دەبینیت و دەشزانیت کە گرفت و چارەسەر لەناو خۆتدایە. (چوگیان ترانگ پا) لە (ئەفسانەى ئازادی)دا دەڵێت : ” لە ڕاستیدا کاتێک کەسێک دەست دەکات بە ئەنجامدانى چاودێرى خود(میدیتەیشن) ئەوکات دەبینێ جۆرەها گرفتى هەیە. هەمو بوعدەکانى کەسێتى ئەو کەسە ئاشکرا دەبن ، چونکە بۆ یەکەم جارە ڕێى بەخۆى داوە لە زهن بڕوانێت بەو شێوەیەى کە هەیە “. چارەسەرو دەرمان لەناو خودى مرۆڤدایە ، هەندێک پێیان وایە ئارامى لە مزگەوت و کلێساو دێرو خەستەخانەو قوتابخانەکاندایە، بەڵام یۆگیەکان و پیاوانى ڕۆحانى و عارفەکانیش پێیان وایە کە خۆشبەختى ڕاستەقینە لەناو خودى مرۆڤ خۆیدایە. (ساراها) دەڵێت :” لە گەڕانمدا بە شوێن ڕاستەقنەدا گەلێک پەرستگەو مەعبەدى زۆرم دیوە، بەڵام بەهێندەى پەرستەگەى ناوەوەى خۆم هیچ شوێنێکم هێندە ئارام و ساکن نەبینیوە”. ئەو ئارامى و سکونەى کە سەرچاوەى خۆشبەختى ئێمەیە. شرى ڕاماناماهاریشى دەڵێت : ” خۆشبەختى و سەعادەت لە شوێنى چۆڵ یان قەرەباڵغدا دەست ناکەوێت، بەڵکو دەبێت لە خۆتدا بۆى بگەرێیت” هەربۆیە بەڕاشکاوانە ڕاماناماهاریشى دەیگوت ” بەهەشت و دۆزەخ لە ناو خۆتدایە” .
ئێستا کاتى ئەوە هاتوە بە ڕاشکاوانە بڵێم خەفەت سەرەنجامى بێ ئاگایى ئێمەیە لە خودى خۆمان ، ئەو بێ ئاگاییەش بەهۆى ئەوەوەیە کە شتەکانى دەوروبەر هەمو هەست و بیرکردنەوەى ئێمەیان داگیرکردوەو شتێک لە فەرهەنگى ئێمەدا نەماوەتەوە بەناوى (مرۆڤى باڵا)وە یان تەنانەت بەناوى خواوە لەناو دڵدا. وەک چۆن لەکاتى ڕۆشتندا باڵەخانەیەکى بەرز دەبینیت و لێى ڕادەمێنى ، نازانیت لە پێشتەوە چاڵێکى قوڵ هەیە و دەکەویتە ناوى و شوێنێکت دەشکێ. ئاوەهاش نازانیت ژیانى ڕاستەقینە بونە لەگەڵ ناخدا (واتە بونە لەگەڵ خوادا لەناو خۆتدا) نەک لەگەڵ هەواڵەکانى جزیرەو یاریەکانى فڵانە تیپ و سەرکەوتنەکانى فڵانە گۆرانى بێژدا. ئەمانە هەموى یاریەکانى نەفس و غەریزەن و دورن لە تێڕوانینى مرۆڤە باڵاکەى ناومان، (میهربابا) ڕاستى کرد کە دەیگوت: ” یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى نەفس ئەوەیە ناگرنگ بە گرنگ دەگرێت و گرنگیش سوک و بێ ڕێز دەکات”. ئێمە پێویستمان بەوەیە بچینەوە بەسەر حەیاتى ڕۆحى خۆماندا، گەنجانى ئێمە تا ڕاددەیەکى زۆر مەستن.. کەمن ئەوانەى بەشوێن زانست و داهێنانەوەن ، زۆرن ئەوانەى بەشوێن پارەو پۆلیسى و سەربازیەوەن، زۆرینەمان یان خۆمان دەفرۆشین یان خەڵک دەفرۆشین..کاتى ئەوەیە بترسین لەوەى گەر ژیان بەم شێوەیە بڕوات کە ئێستا لەکوردستان دەگوزەرێت، ئەوا داهاتویەکى ڕونمان نابێت و ڕۆژ بەڕۆژیش ئازارو نەهامەتى و خەفەتى زیاتر داگیرمان دەکات، نەخۆشیە دەرونیەکان ژمارەیان زۆربوەو زۆرینەش گەنج و لاون. هەموان دەتوانین جارێکى دیکە لە ڕێگەى یۆگاو بەئاگابون و میدیتەیشن و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەى پاکى ناو خۆمان بگەینەوە بەو بەهەشتەى ناو ناخ کە هیچ خەم و ئازارێکى تیادانیە و رێگەیەکیشە بۆ وردە وردە چارەسەرى کێشەکانى دەرەوە، بەهەشتێک کە پڕ لە خۆشەویستى و ڕێز و بەخشین و خۆشبەختیە، مرۆڤ ئاوەها کائینێکە . میلارپا دەڵێت : ” پارە لەناو دەچێت و تەواو دەبێت ، باڵەخانەکان دەڕوخێن و هاوڕێیەتیەکان بە جیابونەوە کۆتاییان پێدێت و تەنها شتێک کە دەمێنێتەوە خودى مرۆڤ خۆیەتى ” دەبا ئێمە ئەو مرۆڤە بەرینەوە کە دۆراندومانە ، با ئەو مرۆڤە گەورەیەمان خۆشبوێت کە لەناخماندا هەیەو بەردەوام دەیەوێت پڕمان بکات لە رێز و دەڵێت تۆ جێنشینى خوایت لەسەر زەوى. دەلێت تۆ خاوەنى زەویت بە هەمو جوانیەکانیەوە. بردنەوەى مرۆڤ و خۆشویستنى هەمو مرۆڤەکان و رێزگرتن لە دڵۆپە خوێنێکى سور باشترە لە ناوو ناوبانگ و ئاڵا و سنورێک کە تەنها بە خوێن دروست دەبن . عیسا دەڵێت :” چى بەکەڵکى مرۆڤ دێت گەر هەمو دونیا بەرێتەوە، بەڵام خۆى بدۆرێنێت ! ” یۆگا پێمان دەڵێت بردنەوەى مرۆڤ لە هەمو بردنەوەیەک بەنرخترە .
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: وهرزشی دهروونی
« ئاگاداربه … ههناسه دهدهیت ”’ ڕاهێنانێک بۆ ئهو کهسانهی قهلهق و نائارام و توندوتیژن | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پرسیار و وهڵام »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
