تشرینی یه‌كه‌م 29, 2008
کورته‌یه‌کی مێژوویی ده‌رباره‌ی فێ
وه‌رگێڕان و ئاماده‌کردنی :
توێژه‌ری ده‌روونی : سامان سیوه‌یلی
له‌وه‌ته‌ی زانسته پزیشکییه‌کان ناسراون نه‌خۆشی ( فێ )ش ناسراوه ، له‌و ده‌مه‌وه هه‌تا ئێستا ئه‌م نه‌خۆشییه بۆته مایه‌ی مشت‌ومڕ و کێشمه‌کێشی نێوان زانست و جادووگه‌ری .
له چاخه کۆنه‌کاندا فێ به‌گه‌لێک ناو ناوزه‌د کراوه ، بۆ نموونه ناوبراوه به نه‌خۆشییه پیرۆزه‌که ، ئه‌مه‌ش له‌و باوه‌ڕه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو که نۆره‌ی فێ له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه دێت که فریشته‌یه‌کی پیرۆز ده‌چێته ناو جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌که‌وه ، پاشان له‌سه‌رده‌مێکی تردا ئه‌م نه‌خۆشییه ناوده‌برا به‌نه‌خۆشی شه‌یتان و دێوه‌زمه‌کان به‌و باوه‌ڕه‌ی که شه‌یتان یان دێوه‌زمه‌یه‌ک ده‌چێته ناو جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌که‌وه هه‌ربۆیه په‌نایان بۆ چاره‌سه‌ر به‌لێدان یان داخکردن به‌ئاگر یان هه‌ر ئامڕازێکی ئازارده‌ری تر بردووه تا شه‌یتانه‌که ناچار بکه‌ن له جه‌سته‌که ده‌ربچێت .
له سالێ ( 400 پ . ز ) دا ئیبۆکرات به‌گژ ئه‌م ناو و بیروباوه‌ڕانه‌دا چووه‌وه و ڕایگه‌یاند که فێ نه‌خۆشییه‌که وه‌ک هه‌موو نه‌خۆشییه‌کانی تر سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ش ده‌ماخه و شه‌یتان و دێوه‌زمه‌کان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان پێوه‌ی نیه هه‌ربۆیه ده‌بێت به داووده‌رمان یان ده‌سنیشانکردنی خواردنێکی دیاریکراو چاره‌سه‌ر بکرێت .
له‌پاش ئه‌مه سه‌رده‌مێکی تر هاته پێشه‌وه که خه‌ڵکی بڕوایان وابوو فێ به‌هۆی میکرۆبه‌وه دروست ده‌بێت و ڕووده‌دات و ئه‌م میکرۆبانه‌ش توانای ته‌نینه‌وه‌یان هه‌یه له که‌سێکی تووشبووه‌وه بۆ که‌سێکی ساغ به‌هۆی ده‌ست به‌رکه‌وتنه‌وه ، به‌م هۆیه‌وه نه‌خۆشی تووشبوو به فێ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌یناڵاند له‌ده‌ست بێزلێکردنه‌وه و مامه‌ڵه نه‌کردن و دووره‌په‌رێزی خه‌ڵکی له‌ترسی تووشبوونیان .
پاشان سه‌رده‌مێکی تر هات که فێ به‌جۆرێک له‌شێتی دائه‌نرا له‌به‌رئه‌وه نه‌خۆشه‌که کۆت و به‌ند ده‌کرا و له‌زیندانی دوور له شار و ئاوه‌دانی داده‌نرا هه‌روه‌کو به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه ژیرییه‌کاندا کردووه .
له‌گه‌ڵ چوونه ناو سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تێڕوانینه‌کان به‌رامبه‌ر فێ گۆڕانی به‌سه‌ردا هات ئه‌وه‌ش پاش ده‌رکه‌وتنی چه‌ند ڕاستییه‌کی گرنگ ده‌رباره‌ی فێ ، له‌ساڵی ( 1857 ز ) زانا ( چارلس لۆکۆک ) ده‌رمانێکی دژه فێی دۆزییه‌وه که ( پرۆمیدی پۆتاسیۆم ) بوو به‌مه‌ش ئه‌م زانایه توانی زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌و شێوازه جادووگه‌رانانه‌ی له‌چاسه‌رکردنی فێدا به‌کارده‌هێنران . له‌ساڵی ( 1860 ز ) دا زانا ( سکوایه‌ر ) ڕایگه‌یاند که فێ شێتی نیه و ڕایسپارد به‌جیاکردنه‌وه‌ی تووشبووانی فێ له‌و که‌سانه‌ی نه‌خۆشی ژیرییان هه‌یه ده‌بێت ئازاد بکرێن له زیندانه‌کاندا و مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌ی هه‌ر نه‌خۆشێکی تر بکرێن .
له‌ساڵی ( 1874 ز ) زانا ( جا‌کسۆن ) ناوبانگی ده‌رکرد به‌هۆی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یانه‌ی ده‌رباره‌ی فێ ئه‌نجامیدا ، ( جا‌کسۆن ) یه‌که‌م که‌س بوو که پێناسه‌یه‌کی زانستییانه‌ی بۆ فێ کرد که هه‌تا ئێستاش کاریگه‌ریی به‌رده‌وامی هه‌یه ، ئه‌م زانایه پێناسه‌ی فێی کرد به‌وه‌ی بریتییه له خاڵیبوونه‌وه‌یه‌کی کاره‌باییانه له توێکڵی ده‌ماخدا ڕووئه‌دات ، ئه‌م خاڵیبوونه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی کت‌وپڕ و خێرا هه‌ندێ جار ڕووئه‌دات .
زانا ( کاور ) له‌ساڵی ( 1881 ز ) دا په‌رتووکێکی له‌سه‌ر فێ نووسی که تیایدا باسی له تیۆره‌کانی ( جا‌کسۆن ) کردووه و تیایدا فێی له‌هه‌ندێ حاڵه‌تی هاوشێوه‌ی خۆی جیاکردۆته‌وه وه‌ک هیستیریا .
له‌ساڵی ( 1929 ز )یشدا زانای ئه‌ڵمانی ( بێرگه‌ر ) هێڵکاری ده‌ماخی دۆزییه‌وه و وه‌سفێکی ووردی بۆ کرد ، ( بێرگه‌ر ) له‌ڕووی پراکتیکییه‌وه تیۆره‌کانی ( جا‌کسۆن )ی سه‌لماند فێی له حاڵه‌ته هاوشێوه‌کانی جیاکرده‌وه به‌هۆی هێڵکاری ده‌ماخه‌وه ، هه‌روه‌ها به‌هۆی هێڵکارییه‌که‌وه توانی جۆره‌کانی فێ و پێگه‌ی سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشییه‌که له ده‌ماخدا بدۆزێته‌وه .
له‌م دیرۆکه‌وه بایه‌خدانی زۆرێک له زانایان به‌م نه‌خۆشییه به‌رده‌وام بووه که هه‌وڵیانداوه په‌ی به زۆرێک له‌و نهێنییانه به‌رن که هه‌تاکو ئێستاش به‌نه‌زانراوی ماونه‌ته‌وه ، له‌و گرنگی و بایه‌خ پێدانانه‌ش به‌ستنی کۆنگره‌ی زانستییه ماوه ماوه له‌یه‌کێک له‌شاره گه‌وره‌کانی جیهاندا که‌تیایدا ژماره‌یه‌کی زۆر له زانایان کۆده‌بنه‌وه و بیروڕا و زانیاری و شاره‌زایی خۆیان ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ یه‌کتردا .
وێڕای هه‌موو ئه‌و گرنگی پێدانانه‌ش هه‌تا ئێستاش زۆر ته‌مومژ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه هه‌یه که پێویستی به‌کۆششی به‌رده‌وام هه‌یه بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌مومژانه و په‌ی بردن به لایه‌نه نادیار و شاره‌وه‌کانی ئه‌م نه‌خۆشییه .
لەهاوپۆلی: فێ
« فێ و که‌سێتی فێدار Epileptic Personality | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاگاداری … ئاگاداری »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
