یولی 6, 2008
سایکۆلۆژیای ئافره‌ت / سایکۆلۆژیای سکپڕی
وه‌رگێڕانی : نیگار که‌مال
به‌شی سێیه‌م و کۆتایی
شڵه‌ژانه ده‌روونیه‌کانی سکپڕی :
ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئافره‌تی سکپڕ تووشی هه‌ر شڵه‌ژانێکی ده‌روونی ببێت ، هه‌ندێک شڵه‌ژانی ده‌روونی هه‌یه په‌یوه‌ندی به‌ماوه‌ی دووگیانییه‌وه هه‌یه ، به‌زۆری ئه‌م شڵه‌ژانانه په‌یوه‌ندی به‌گۆڕانکاری هۆرمۆنییه‌وه هه‌یه له‌کاتی دووگیانی‌دا ، ئه‌مه‌ش ئه‌و گۆڕانکاریانه‌یه که‌به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندی به کیمایی له‌ش و مێشکه‌وه هه‌یه و کارده‌کاته سه‌ر ڕێکخستنه‌وه‌ی هه‌ندێ ناوه‌ندی وه‌ک ( هایپۆثلامۆس ) ، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری ده‌بێت بۆسه‌ر ئاره‌زووی خواردن و وروژاندنی هێڵنج به‌تایبه‌ت له‌کاتی به‌یانیاندا . ئه‌مانه‌ش هه‌ندێکن له‌و شڵه‌ژانانه :
1- پێکا : له‌م حاڵه‌ته‌دا ئافره‌ته‌که هه‌ندێ ماده‌ی وه‌ک ( خۆڵ ، قوڕ ، ته‌باشیر ، لم ، … هتد ) ده‌خوات ، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌هه‌ندێک کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ک لادێ و کۆمه‌ڵگه نه‌دا٭ره‌کاندا هه‌یه ، ئه‌م تێکچوونه‌ش به‌زۆری له‌مناڵدا ده‌بینرێت ، کاتێک له‌ئافره‌تی دووگیاندا ڕووده‌دات ئه‌وا نیشانه‌یه‌که بۆ ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه بۆ قۆناغه‌کانی مناڵی یاخود له‌ده‌ره‌نجامی ڕێکخستنه‌وه‌ی ( هایپۆثلاموس ) ه‌وه‌یه که کار ده‌کاته سه‌ر ئاره‌زووی خواردنی هه‌ندێک ماده‌ی نه‌شیاو .
2- بێزوو : ئه‌مه‌ش ئاره‌زووی ئافره‌تی سکپڕه بۆ هه‌ندێ خوارده‌مه‌نی تایبه‌ت و وازهێنان له‌هه‌ندێ خواردنی تر ، بۆنموونه ڕه‌نگه زۆر ئاره‌زووی خواردنی سێ‌و یان خه‌یار ( ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌رزی ئه‌و خواردنه‌ش نه‌بێت ) بکات ، له‌هه‌مان کاتدا تێکده‌چێت به‌خواردنی گۆشت یان هه‌ندێ خواردنی تر ، یان ته‌نانه‌ت ڕقی له‌بۆنی چا و تامه‌که‌ی ده‌بێته‌وه . ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هۆکاره‌که‌ی وه‌ک هۆکاری بێکا وایه .
3- دووگیانی درۆ ( الحمل الکاذب ) : ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نه لای ئه‌و ئافره‌تانه ڕووده‌دات که مناڵیان نابێت ، ئافره‌ته‌که حه‌زێکی زۆری هه‌یه بۆ مناڵبوون ، دوای ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی سکپڕی لێده‌رده‌که‌وێت و سکی هه‌ڵده‌ئاوسێت و سوڕی مانگانه‌ی نامێنێت و سنگی گه‌وره ده‌بێت و هێلنج و ڕشانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌کاتی به‌یانیاندا .
( ابقراط ) یه‌که‌م که‌س بوو که ئه‌م حاڵه‌ته ده‌گمه‌نه‌ی باس کرد . حاڵه‌تی دووگیانی درۆ له‌ناو ئافره‌ته به‌ناوبانگه‌کانی جیهاندا هه‌بووه وه‌ک ( ماری تیودر ) شاژنی ئینگلته‌را ( 1516 – 1558 ) ، ( ئه‌ناتۆر ) ی نه‌خۆشه به‌ناوبانگه‌که‌ی فرۆید که وایده‌زانی دووگیانه . له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌هێزی کاریگه‌ریه ده‌روونیه‌کانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت له‌سه‌ر باری جه‌سته‌یی ، وه‌ک ( گوێڕایه‌ڵییه‌کی جه‌سته‌یی ) لێدێت ، له‌سه‌ر خواستی ئاره‌زووه‌کان و باره ده‌روونیه‌کان و لایه‌نه نه‌ستییه‌کان گۆڕانکاری جه‌سته‌یی ڕووده‌دات ، ئه‌مه‌ش ده‌چێته خانه‌ی شڵه‌ژانه ده‌روون جه‌سته‌ییه‌کان .
ئه‌م باره ده‌روونیانه پێویستی به‌چاره‌سه‌ر هه‌یه له‌لایه‌ن چاره‌سه‌رسازی ده‌روونی و پزیشکی ئافره‌تان و مناڵبوون ، شیکاری بۆ سکپڕیه‌که ده‌کرێت و ڕوون ده‌کرێته‌وه بۆ نه‌خۆشه‌که و پشتگیری ده‌روونی ده‌کرێت ، لێره‌وه نیشانه‌کانی سکپڕی درۆ وورده وورده نامێنێت . له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی پشتگیریه ده‌روونیه‌که و به‌ستنه‌وه‌ی به لۆژیکی حاڵه‌ته‌که‌وه و هاوکاریکردنی ، هه‌ندێک حاڵه‌تیش هه‌یه به‌چاره‌سه‌ری ده‌روونی چاک نابێته‌وه پێویستی به دژه سایکۆسس هه‌یه .
4- ڕشانه‌وه له‌کاتی سکپڕیدا : شتێکی سروشتیه له‌سه‌ره‌تای مانگه‌گانی سکپڕیه‌وه ئافره‌ت به‌تایبه‌تی له‌به‌یانیاندا هه‌ست به دڵتێکه‌ڵهاتن بکات و بڕشێته‌وه ئه‌مه‌ش ناوده‌برێت به ( نه‌خۆشی به‌یانیان ) ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی گۆڕانکاریه هۆرمۆنیه‌کان و کیمیاییه‌کانی له‌شه که وروژێنه‌ری ناوه‌نده‌کانی دڵ تێکه‌ڵهاتنه و به‌گشتی پێویستی به‌چاره‌سه‌رکردن نیه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ئافره‌ته دووگیانه‌که دڵنیا بکه‌یته‌وه که ئه‌وه شتێکی سروشتیه . هه‌ندێ جار ئافره‌ته‌که دڵی به‌م نیشانانه خۆش ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه بۆ بوونی دووگیانی که‌ئاره‌زووی ده‌کرد هه‌روه‌ها که‌سانی ده‌وروبه‌ریشی خۆشحاڵ ده‌کات . له‌هه‌ندێک حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا دڵ تێکه‌ڵهاتن به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا کۆتایی سێ مانگی یه‌که‌می دووگیانی ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی وشک بوونه‌وه و دابه‌زینی کێش و گۆڕان له‌هاوسه‌نگی کیمیاگه‌ری له‌جه‌سته‌دا ، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش پێویستی به‌چاره‌سه‌ری پزیشکی هه‌یه چونکه کارده‌کاته سه‌ر ته‌ندروستی دایکی سکپڕ و کۆرپه‌له‌که‌ی .
سکپڕی و چاره‌سه‌ری ده‌روونی :
لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریانخستووه که‌ڕێژه‌ی ناته‌واویه جه‌سته‌ییه‌کان به‌هۆی ده‌رمانه‌وه له ( 3،2% ) تێناپه‌ڕێت له‌کۆی ئه‌و ناته‌واویانه‌ی که له‌کۆرپه‌له‌دا ڕووده‌دات ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌کی که‌مه به‌ڵام ده‌توانرێت نه‌هێڵرێت ، ئه‌وه‌ش به‌جێبه‌جێکردنی ڕێسای پزیشکی ده‌رباره‌ی نه‌خواردنی هیچ ده‌رمانێک له‌کاتی سکپڕیدا جا ئه‌و ده‌رمانانه بۆ مه‌به‌ستی ده‌روونی بێت یان بۆبهه‌ر نه‌خۆشییه‌کی تر به‌تایبه‌تی له سێ مانگی یه‌که‌می دوگیانیدا ته‌نها له‌کاتی زۆر پێویستدا نه‌بێت که ئه‌ویش پزیشک بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌دات له‌م کاته‌شدا ده‌رمانێک به‌کار ده‌هینرێت که که‌مترین زیانی هه‌بێت . ڕێکخراوی ده‌رمان و خواردن ( FDA ) دابه‌شکردنێکی دیاری کردووه بۆ ده‌رمان به‌پێی کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆرپه‌له :
1- کۆمه‌ڵه‌ی A : نموونه‌کانی : فۆکیک ئه‌سید و ئاسن ، له‌ڕێگای لێکۆڵینه‌وه‌کانه‌وه ده‌رکه‌وتووه ده‌رمانه‌کانی ئه‌م گروپه هیچ زیانێکی له‌سه‌ر کۆرپه‌له نیه .
2- کۆمه‌ڵه‌ی B : نموونه‌کانی : کافایین و نیکۆتین و ئه‌سیتامینوفین ، له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یانه‌ی له‌سه‌ر ئاژه‌ڵان کراوه ده‌رکه‌وتووه که ئه‌م گروپه کاریگه‌ری مه‌ترسیداری هه‌یه له‌سه‌ر کۆرپه‌له ، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌ی دروست نیه له‌سه‌ر کۆرپه‌له‌ی مرۆڤ .
3- کۆمه‌ڵه‌ی C : نموونه‌کانی : ئه‌سپرین و هالوبیریدول و کلوربرومازین ، ده‌رکه‌وتووه کاریگه‌ری زیانبه‌خشی له‌سه‌ر کۆرپه‌له‌ی ئاژه‌ڵ به‌ڵام زانیاری ورد و لێکۆڵینه‌وه نیه ده‌رباره‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤ .
4- کۆمه‌ڵه‌ی D : نموونه‌کانی : لیسیۆم و تتراسایکلین و ئیپانول ، که زیانیان هه‌یه بۆ کۆرپه‌له‌ی مرۆڤ له‌به‌رئه‌وه ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌دا به‌کارده‌هێنرێت که هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیان بوونی ده‌بێت .
5- کۆمه‌ڵه‌ی E : نموونه‌کانی : فالبرویک ئه‌سید ( دیباکین ) و سالیدومید ، ئه‌م گروپه مه‌ترسییه‌کی ته‌واوی هه‌یه له‌سه‌ر کۆرپه‌له له‌به‌رئه‌وه له‌کاتی بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیش به‌کارناهێنرێت .
لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر کراوه له‌سه‌ر کاریگه‌ری ده‌رمانه ده‌روونیه‌کان له‌ماوه‌ی سکپڕیدا ، کورته‌ی ئه‌نجامه‌کانیش به‌م شێوه‌یه بووه :
٭ دژه خه‌مۆکێ ، ئه‌ڵقه‌ی سیانی ، کاریگه‌ری مه‌ترسیداری جه‌ختکراوی نیه له‌سه‌ر گه‌شه‌ی کۆرپه‌له .
٭ ده‌رکه‌وتووه به‌رکه‌وتن به گروپی ( فینوسیازین ) و ( لیسیۆم ) و هه‌ندێ له دژه گه‌شکه و گروپی ( بنزودیازیین ) له‌مانگه‌کانی یه‌که‌می سکپڕیدا ئه‌گه‌ری هه‌یه ببێته هۆی زیادبوونی ڕوودانی ( تشوهات خلقیة ) .
که‌واته به‌پێی ئه‌م زانیاریانه که له‌ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانه‌وه ده‌ستکه‌وتوون ده‌بینین نه‌سه‌لمێنراوه که ده‌رمانه ده‌روونیه‌کان کاریگه‌ری مه‌ترسیداریان هه‌بێت له‌سه‌ر کۆرپه‌له‌ی مرۆڤ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌دوای ته‌واوبوونی سێ مانگی یه‌که‌مه‌وه به‌کارهێنرا . له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ڕێسا پزیشکیه‌کان ڕینماییمان ده‌که‌ن به‌به‌کارنه‌هێنانی ده‌رمان له سێ مانگی یه‌که‌می سکپڕی بێجگه له‌کاتی گرنگ و پێویستدا ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک به‌کاربهێنرێت که که‌مترین زیانی هه‌بێت بۆ کۆرپه‌له . پزیشکی چاره‌سه‌رساز ده‌توانێت بڕیار بدات به‌پێی هاوسه‌نگی نێوان سوود و زیان ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌ژێر هیچ پاساوێکدا و له‌کاتی زۆر پێویستیشدا گروپی E له ده‌رمانه‌کان به‌کارناهێنرێت .
له‌کاتی ترس له‌چاره‌سه‌ری ده‌رمانیدا په‌ناده‌برێته به‌ر چاره‌سه‌ری ده‌روونی و کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی ده‌بێت . له‌کاتی خه‌مۆکێی توند و سایکۆسسدا ده‌توانرێت چاره‌سه‌ری کاره‌بایی به‌کاربهێنرێت که باشترین جۆری چاره‌سه‌ره له‌کاتی دووگیانی‌دا بۆ حاڵه‌ته تونده‌کان .
چاودێری ده‌روونی سکپڕ :
واپێویست ده‌کات چاودێری ده‌روونی له‌پێش ڕوودانی دووگیانییه‌وه ده‌ستپێبکات به‌وه‌ی که چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئافره‌ته‌دا بکرێت که ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا به دووگیانی‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت ، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌دووگیانی و بۆچوونه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌دووگیانی و بارودۆخی ژیانی ، پاشان زانیاری ته‌واوی ده‌درێتێ له‌سه‌ر سکپڕی و قۆناغه‌کانی و پێویستیه‌کانی و کاریگه‌ری ده‌رمانی پزیشکی و باری ده‌روونی له‌سه‌ر سکپڕی ، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری چا و قاوه و جگه‌ره کێشان و ماده ئه‌لکهولیه‌کان و سووده‌کانی وه‌رزش و خۆراکی ته‌ندروست و هاوسه‌نگ له‌سه‌ر سکپڕی .
له‌گه‌ڵ دووگیانی بووندا هه‌ڵسه‌نگاندنی ئافره‌تی سکپڕ ده‌ستپێده‌کات له‌ڕووی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌دووگیانی ، ئایا به پلان ڕوویداوه یاخود کت‌وپڕ بووه ، ئایا ڕه‌تی ده‌کاته‌وه یاخود په‌سه‌ندی دکات ، کاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌که‌ی چیه ؟ چۆن ئافره‌ت هاوسه‌نگی له‌نێوان داواکاری و پێداویستیه‌کانی دووگیانی و هاوسه‌ره‌که‌ی ڕاده‌گرێت ؟ به‌رپرسیارێتیه‌کانی له‌بواری کارکردن و کاریگه‌ریه ده‌روونیه‌کان له‌سه‌ر کۆرپه‌له چیه ؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌یه په‌ستانی ده‌روونی زیاد ببێته هۆی له‌بارچوونی به‌رده‌وام به‌بێ بوونی هۆیه‌کی جه‌سته‌یی ئاشکرا یاخود ببێته هۆی له‌دایک بوونی پێشوه‌خت ؟ . هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌روونی دایکی سکپڕ ده‌بێت تادوای بوونی مناڵه‌که‌ش به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی نائاسایی ڕوونه‌دات به‌جۆرێک هه‌ڕه‌شه له‌سه‌لامه‌تی کۆرپه‌له و دایکه‌که بکات .
سه‌رچاوه : گۆڤاری سایکۆلۆژیا ژماره 10
لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی ئافره‌ت
« له‌مه‌ودوا بوێرانه ڕووبه‌ڕووی ململانێ به‌ره‌وه | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | مۆبایل ئاسووده به‌خش و ئاشووب هێنه‌ر »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
