حوزه‌یران 21, 2008
سایکۆلۆژیای ئافره‌ت / سایکۆلۆژیای سکپڕی
وه‌رگێڕانی : نیگار که‌مال
به‌شی یه‌که‌م
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سکپڕی ڕووداوێکی فه‌سله‌جی سروشتیه له‌هه‌موو بوونه‌وه‌ره زیندووه‌کاندا ڕووده‌دات که‌به‌م شێوه‌یه زیاد ده‌که‌ن ، به‌ڵام له‌ئافره‌تدا زۆر له‌په‌یوه‌ندی و ئاماژه‌ی بایۆلۆژی و ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تیه که کار ده‌کاته پێشوازی ئافره‌ت له‌م ڕووداوه و په‌سه‌ندکردنی یان په‌سه‌ندنه‌کردنی و کارلێکردنی له‌گه‌ڵ کۆرپه‌که‌یدا به‌شێوه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ یان نێگه‌تیڤ هه‌تا کاتی له‌دایک بوون .
بۆچوونه‌کان له‌سه‌ر سکپڕی :
بۆچوونه‌کانی ئافره‌ت له‌سه‌ر سکپڕی پشت به‌م هۆکارانه ده‌به‌ستێت :
1- هه‌ستکردن به‌ناسنامه‌ی مێیه‌تی : هه‌تا ئافره‌ت ڕۆڵه مێینه‌که‌ی خۆی په‌سه‌ند بکات و شانازی پێوه بکات ئه‌وه‌نده دڵخۆش ده‌بێت به دووگیانیه‌که‌ی و په‌سه‌ندی ده‌کات و شانازی پێوه ده‌کات ، ئه‌مه‌ش واده‌کات ماوه‌ی دوو گیانیه‌که‌ی له‌ماوه خۆشه‌کانی ژیانی بێت ( له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ماندووبوونی جه‌سته‌یی ده‌بێت ) و هه‌میشه به‌شانازی و خۆشیه‌وه باسی ده‌کات . به‌ڵام ئه‌و ژنه‌ی ڕقی له ڕۆڵه مێینه‌که‌ی خۆی بێت ئه‌وا کێشه‌ی زۆری ده‌بێت له‌گه‌ڵ دووگیانیه‌که‌یدا له‌هه‌موو قۆناغه‌کانیدا ، ده‌بینرێت زۆر باسی گرفت و ماندووبوونه جه‌سته‌یی و ده‌روونیه‌کانی ده‌کات به‌درێژایی ماوه‌ی دووگیانیه‌که‌ی و شه‌رم ده‌کات له‌دیارده‌کانی سکپڕی و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌تر بوونی قه‌باره‌ی سکی سکپڕیه‌که‌ی له‌خه‌ڵک ده‌شارێته‌وه و زۆر جاریش هه‌واڵی سکپڕیه‌که‌ی ده‌شارێته‌وه .
2- بۆچوونه باوه‌کان ده‌رباره‌ی سکپڕی و منداڵبوون : هه‌ندێک له‌ژنان وه‌ک ڕووداوێکی بایۆلۆژی سروشتی هاوشێوه‌ی چالاکیه‌کانی تری له‌ش سه‌یری سکپڕی ده‌که‌ن له‌به‌رئه‌وه زوو له‌گه‌ڵیدا ده‌گونجێن ، له‌هه‌مان کاتدا هه‌ندێکی تر له‌ئافره‌تان بۆچوونی ترسناکیان هه‌یه له‌سه‌ر سکپڕی و منداڵبوون وه‌ک ( چوونه ناو یه‌کی دوو ڕۆح ) یان ( هاتنه ده‌ره‌وه‌ی ڕۆحێک له‌ڕۆحێکی تر ) یان ( بومه‌له‌رزه‌یه‌که هه‌ڕه‌شه له ژن و ژیانی ده‌کات ) یان ( کێ ڕزگاری بێت لێی واته ژیانێکی نوێی بۆ نووسراوه ) و … هتد . ئه‌م بۆچوونه ترسناکانه وا ئافره‌ت ده‌کات له‌حاڵه‌تی شڵه‌ژان و ترسی به‌رده‌وامدا بێت به‌درێژایی ماوه‌ی دووگیانیه‌که‌ی .
3- کاتی دووگیانی بوون : دووگیانی له‌سه‌ره‌تای ژیانی هاوسه‌رگیری خۆشی و پێشوازی پۆزه‌تیڤی هه‌یه لای ئافره‌ت ، له‌کاتێکدا دووگیانی له‌کۆتایی ته‌مه‌نی چل ساڵیدا بێت هه‌مان هه‌ستی ئافره‌تێکی نیه که له‌ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵیدا دووگیانی ببێت ، به‌پێچه‌وانه‌وه لێی بێزار ده‌بێت و شه‌رم ده‌کات له‌ئاشکراکردنی .
4- پلان دانان بۆ دووگیانی : چه‌نده دووگیانی بوون پلانی پێشوه‌ختی بۆ دابنرێت و پێشبینی ڕوودانی بکرێت هێنده پێشوازی کردنی ئاسانتره و خۆشی ده‌به‌خشێت به‌ئافره‌ت ، به‌ڵام دووگیانی بوونی کت‌وپڕ به نه‌هیکردن و په‌سه‌ند نه‌کردن پێشوازی لێده‌کرێت .
5- ئاره‌زوومه‌ندی له‌دووگیانی بوون : ئه‌و ئافره‌ته‌ی به‌هۆی نه‌زۆکییه‌وه چه‌ند ساڵێک چاوه‌ڕوانی دووگیانی بوونی کردووه به‌خۆشییه‌کی زۆره‌وه پێشوازی سکپڕیه‌که‌ی ده‌کات که‌ئه‌ندێشه‌کانی پێشووی له‌بیر ده‌باته‌وه ، به‌ڵام ئه‌و ئافره‌ته‌ی گرفتی له‌گه‌ڵ زۆری ژماره‌ی مناڵه‌کانی هه‌یه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تووشی شۆک ببێت به‌هاتنه کایه‌ی سکپڕییه‌کی دیکه جا به‌هۆی ڕه‌وشی ته‌ندروستی بێت یان کۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌روونی یان ئابوریه‌وه بێت ، کۆرپه‌له‌ش هه‌ست به‌ئاره‌زوومه‌ندی یان په‌سه‌ند نه‌کردنی دایک ده‌کات بۆی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و هۆرمۆنانه‌وه که گلانده‌کانی دایک ده‌ریده‌دات و به‌پێی په‌سه‌نکردن یان ڕه‌تکردنه‌وه ئه‌مانیش ده‌گۆڕێن ، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که دووگیانێکی په‌سه‌ند نه‌کراو مناڵێک به‌رهه‌م بهێنێت که شڵه‌ژانی ده‌روونی هه‌بێت وه‌ک ( که‌لله‌ڕه‌ق، شه‌ڕانگێز ، ناووریا ) به‌تایبه‌ت کاتێک دایکه‌که چه‌ند هه‌وڵێکی سه‌رنه‌که‌وتووی ئه‌نجامدا بۆ له‌باربردنی کۆرپه‌له‌که‌ی . کۆرپه‌له له‌ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای دروست بوونیه‌وه نامه‌ی بایۆلۆژی پێده‌گات که ناپه‌سه‌نده ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه هه‌ستی په‌سه‌ند نه‌کردن لای کۆرپه‌له ده‌مێنێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی دایکی سکپڕیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هات دوای له‌دایک بوونه‌که‌ش ، وه ئه‌م هه‌سته له‌خانه‌کانیدا چاپ بووه پێش ئه‌وه‌ی لایه‌نی ده‌روونی پێکهاتبێت و لێی تێبگات.
6- په‌یوه‌ندی به‌هاوسه‌ر : چه‌ند ئافره‌ت هاوسه‌ره‌که‌ی خۆشه‌ویست بێت له‌لای ئه‌وه‌نده دووگیانی بوون لێی لای په‌سه‌ند ده‌بێت ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌و ئافره‌ته‌ی له‌ژیانی هاوسه‌ریدا خۆشحاڵ نیه و هه‌ستده‌کات دووگیانییه‌که‌ی بارێکی گرانه بۆی له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یبه‌ستێته‌وه به‌هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه ئه‌وا دووگیانییه‌که‌ی حاڵه‌تێکی بێزار و نه‌خواستراو ده‌بێت له‌لای و واهه‌ستده‌کات که‌به‌شێک له‌م هاوسه‌ره ناپه‌سه‌نده‌ی هه‌ڵگرتووه ، ئه‌م دایکه هه‌ستێکی دژواری ده‌بێت بۆ کۆرپه‌له‌که‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕقی له‌و به‌شه‌ی کۆرپه‌له‌که‌ی ده‌بێت که له‌هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه وه‌ریگرتووه و ئه‌و به‌شه‌شی خۆشده‌وێت که له‌خۆیه‌وه وه‌ریگرتووه ، له‌به‌رئه‌وه له‌ململانێیه‌کی به‌رده‌وامدا ده‌بێت .
7- په‌یوه‌ندی ده‌روونی نێوان دایکی سکپڕ و کۆرپه‌له‌که‌ی : له سێ مانگی یه‌که‌می سکپڕی ، دایکی سکپڕ سه‌رقاڵ ده‌بێت به‌هه‌ستی په‌سه‌ند نه‌کردنی بۆ کۆرپه‌له‌که‌ی ، به‌ڵام له سێ مانگی دووه‌می سکپڕیدا ( له‌سه‌ره‌تای مانگی چواره‌م تا کۆتایی مانگی شه‌شه‌م ) کۆرپه‌له ده‌ستده‌کات به جوڵه ئه‌مه‌ش وا له‌دایکه‌که ده‌کات وێنه‌یه‌کی زه‌ینی له‌لا دروست ببێت بۆ ئه‌م کۆرپه‌له‌یه و زیاتر دڵخۆش ده‌بێت له‌چاو حاڵه‌تی په‌سه‌ند نه‌کردنه‌که‌ی سه‌ره‌تاوه .
له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به سێ مانگی کۆتاییدا ( له‌سه‌ره‌تای مانگی حه‌وته‌م هه‌تا کاتی له‌دایکبوون ) دایکی سکپڕ هه‌ستده‌کات کۆرپه‌له‌که‌ی بوونه‌وه‌رێکی سه‌ربه‌خۆیه و سیفاتی که‌سێتی تایبه‌تی هه‌یه که وایلێده‌کات جیاواز بێت له خوشک و براکانی . دایک له‌م قۆناغه‌دا به‌عه‌قڵ و ویژدانیه‌وه ده‌ژی له‌گه‌ڵ کۆرپه‌له‌که‌یدا ، له‌کاتێکدا هه‌ستده‌کات کۆرپه‌له‌که‌ی دڵخۆشه و ده‌جوڵێت وه له‌کاتێکی تردا هه‌ستده‌کات برسییه‌تی ، له‌کاتێکی تردا هه‌ستده‌کات خه‌وتووه و له‌کاتێکی تردا هه‌ستده‌کات توڕه‌یه . له‌م قۆناغه‌دا دایک هه‌سته پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌کانی ده‌خاته سه‌ر منداڵه‌که ، له‌کاتێکدا دایکه‌که دڵخۆش بێت کۆرپه‌له‌که‌ی به‌شه خۆشه‌ویستییه‌که‌ی خۆی ده‌نوێنێت له‌به‌رئه‌وه هه‌ستی په‌سه‌ندی و خۆشی له‌لا دروست ده‌بێت . وه له‌کاتی بێزاری و بێتاقه‌تیدا کۆرپه‌له‌که به‌شه ناپه‌سه‌نده‌که‌ی ده‌بێت . ئه‌م هه‌ستانه به‌رده‌وام ده‌بێت تادوای له‌دایک بوونیش و کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤی ده‌بێت بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندی دایک به‌کۆرپه‌له‌که‌یه‌وه ، ئه‌و دایکه‌ی دوای مناڵبوونه‌که‌ی هه‌وڵی ئازاردانی کۆرپه‌له‌که‌ی ده‌دات به‌مه ئازاری ئه‌و به‌شه ده‌دات که له‌خودی خۆیدایه و له‌که‌سێتی خۆیدا ڕقی لێیه‌تی .
ماویه‌تی
لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی ئافره‌ت
« ئیشی دووه‌می موچه‌خۆر گه‌نده‌ڵییه | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | مێدیتاشۆن »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
